ڕوونکردنەوەیەکی بچووک

نە بەڕێکەوت بوو نە بەنیازی پێداهەڵگوتن بوو کە ئەم کتێبەم ناو نا «حەماغای گەورە» ئێمە کە بگەڕێین بە دوا ڕاستییەکانی کیمیایی و فیزیایی ئەم جیهانەدا و هەر یەک لە دیاردەکانیان بە ناوێکی دروست و گونجاو لەگەڵ خۆیدا ناو بنێین، دەبێ لە ئاست ئادەمیزادا ڕاستگۆتر بین، چونکە فیزیا و کیمیاو فەلەک زەرەرێک ناکەن بە لێ کەمکردنەوەیان سوودیش وەرناگرن لە بەسەرەوە نانیان: ئەوەی زەرەر دەکا لەو مامڵەتە ناڕەوایە لەگەڵ سروشتدا خۆمانین، چونکە بە ناولێنانی کەم و زیاد ئێمەی تێدا بەهەڵە دەچین. هەرچی مرۆڤە بە دالەنگاندنی ناوەکەی یاخود نازناوەکەی یەکسەر دووچاری ستەم و زەرەر دەبێت و ئەو ئەرکەی کە بەو ناوەی گەیاندووە لێی دەچێتە هیچە، ئنجا خۆشمان لە دوولاوە زەرەر دەکەین لایەکیان ئەوەیە کە بە سڕینەوەی مایەی شانازی لە ناوی تاکێک بایی نرخی ئەو شانازییە دەست بەتاڵ دەمێنینەوە. لای دووەمیان ئەوەیە کە بەو بێ ئینسافییە فێری بوختان و ساختە و هەڵبەستن دەبین، چونکە ڕەوادیتنی تاکە یەک ساختە دەرگایە بۆ ڕەوادیتنی هەر ساختەیەکی دیکە کە حەزی لێدەکەین ئیتر چ بە لێ کەمکردنەوە بێت و چ بە لێ زیادکردن بێت.

ڕۆشنبیری کوردی سەردەم وەها لەبەر زمانی خۆش دێت هەڵدانەوە و ڕێزلێنان بۆ مرۆڤی نەدار و بێسامان و ڕووت و قووت بێت و ڕقی لە شۆرەتی پیاوانەی خاوەن سامان و دەسەڵات هەڵدەستێت. وەک دواتریش دەخوێنیتەوە حاڵ گەییشتە ئەو بارەی کە بەشێکی بەرچاوی ڕۆشنبیرە نەوباوەکانمان بە نووسینی بێ پێچوپەنا هەموو سەرۆک شۆڕشەکانی لێرە بەپێشەوەی کورد سەرکوت و تاوانبار دەکەن هەر چونکە لە برسان نەمردبوون. ڕەنگە من لەو گەنجانە پتر حەز بەوە بکەم کە لە چینی هەژار و ڕەشوڕووتی کورددا قارەمانی وەها بدۆزمەوە لەسەری بنووسم، بەڵام هەرگیز ئەو تاوانە بە ئەستۆی خۆمەوە ناگرم بە ساختە قارەمانەتی دروست بکەم بۆ هەژار یاخود ساماندار.

حەماغای غەفووری کە لێرەدا لە بارەیەوە دەنووسم بە دوو نازناو هەڵدراوەتەوه:

1- حەماغای گەورە. 2- حەماغای کۆیێ.

وادیارە ئەو خەڵقەی لە سەردەمی حەماغا خۆیەوە بەو دوو نازناوەی هەڵداوەتەوە نازناوی غەفووری بۆ قڵافەتی حەماغا بە بچووک زانیوە هەرنەبێ لەبەر ئەوەی کە حەماغا چەندەها جار لەو غەفووراغایە مەزنتر بووە کە بنەماڵەکەی پێدەناسرێتەوە. ڕاستێکەی زۆر کەسم دیتووە، حەماغا لە چ بنەماڵەیەک بووە هەر ئەوەندەی زانیوە کە بڵێ حەماغای کۆیێ یان حەماغای گەورە.

من کە هاتم نازناوی «گەورە» م هەڵبژارد بۆی لەو ڕووەوە بوو کە ئەمیان پتر لە «کۆیێ» پشکی تایبەتی خۆیەتی، چونکە هەزاران هەزار کەس بەشدارن لە کۆییاتی.

پێشدەستی

دوو ئاغای ماوە وەک بیستوومە ئەخبار

ئەمیناغا و حەماغای ساحبی کار

ڕەحمەت لە گۆڕت حاجی قادر! چەند جوانمەردانە، بە دڵپاکی و دەست خاوێنییەوە ناوی مێرخاسان لە خانەی ڕێز و سۆزدا یاد دەکەیتەوە، بۆ ئەوانەی دوای خۆیشت لە دنیادا چاو هەڵدێنن ڕۆشنایی دەخەیتە سەر ڕاستیە بێفێڵ و بێ فاکوفیکەکان کە لە سەردەمی خۆتدا بە لای گەلەوە جێی نرخ و بایەخ بوون، بەوەدا جارێکی دیکەش خەش لە بیبیلەی چاوی بینەران هەڵدەگرێت تا ئەگەر هیچ هێزی بینینیان تێدا بێ ئەبڵەق نەوەستن وەکوو چاوی کەروێشک کە زەق زەق نووستووە هیچ نابینێ.

حەمدی گوتەنی «بازاڕی دەهرە» کژلەکژ و پشتاوپشت زەوقی کڕین و فرۆشتن دەگۆڕێ و کاڵای هەمەچەشنەی لەیەکدی نەکردوو جێگەی یەکتر دەگرنەوە، بابەتی دەساڵ لەمەوبەر بە کەڵکی بازاڕی ئەمڕۆکە نایەت، وەهاش دەبێ بابەت لە حەفتەیەکدا عومری بەسەر دەچێت و کڕیاری نامێنێ. مرۆڤی ژیری حەقیقەتناس لە گۆڕانی زەوقی کڕیاران وەتەنگ نایە، بگرە ئەگەر پێی بکرێ خۆی هەوڵدەدا لە پێویستدا ئەو گۆڕانە ببێت، بەڵام هەروەک لە لایەن حەتمیبوونی گۆڕانی زەوقەوە ناشێ وەتەنگ بێین، هەروەهاش کاری ئەقڵ نییە بڕیار بدەین لەسەر خراپبوونی ئەو شتە چاکانەی دەوریان بەسەر دەچێت: فراژیبوونی منداڵ بۆ گەنجایەتی ئەوە ناگەیەنێ کە منداڵی و ساوایی قۆناغی ناپەسندن لە ژیانی مرۆڤدا دەنا دەبێ گەنجایەتیش بەد بێ، بە دوا ئەوەدا کامڵیش بەد بێ. ئنجا پیریش بەد بێ، چونکە هەموویان بەسەر دەچن. بەو پێیە ئەگەر بەسەرچوونی شتان بکەینە بەڵگەی خراپبوونیان دەبێ بڵێین قۆناغی مردن لە هەموو قۆناغەکان پەسندترە، چونکە بەسەرچوونی بۆ نییە هیچ قۆناغی دیکەی بەدوادا نایێ. ڕاستییکەی نە بەردەوامبوون دەبێتە بەڵگەی پەسندایەتی نە بەسەرچوونیش دەبێتە بەڵگەی بەدایەتی، لەهەر قۆناغ و ڕۆژگار و بارێکدا بین بەپێی عەیارەی ئەو سەردەمەشت پەسند دەکرێ یان بە ناپەسند دەژمێردرێ، نموونەی بەدایەتی و پەسندایەتیش هەمیشە لە کۆمەڵدا بەرچاو و هەست پێکراو بووە، خەڵقەکەش بۆ بڕیاردان لەو پرسیارەدا نەدەچوونەوە بۆ فەلسەفەی جۆراجۆر، کە جارێ پەیداش نەبووبوون، تاکوو بزانین «بەد» چییە و «پەسند» چییه؟ تێکڕای خەڵق بە عەیارەی بێفێڵ و سەلمێنراوی سەردەمی خۆیان چاکە و خراپەیان هەڵدەکێشا و دەیانناسیەوە خۆ ئەگەر جوداوازی باوەڕی ئایینی و تێکەڵ بەو کێشەیە نەبایە دەتوانم بڵێم زۆربەی هەرە هەرە زۆری گەل لەسەر یەک عەیارەی چاکەو خراپە کۆ دەبوونەوە، ئنجا کە ئێمەی سەردەمی ئاسمانگەڕی و زەڕڕەقڵاشی، کە هێندەی موفلیس لێی بێبەشین، دەبیەین بەر لەو هێندە سەد ساڵەیە بابایەکی مێرخاس پەیدا ببوو خەڵقەکە لێی ڕازی بوون و مەردایەتییان باس دەکرد نابێ چاوی ناڕەزامەندییان لێ سوور بکەینەوە و ئێسک و پرووسکی گۆڕخانانیان بە قرچەقرچ بهێنین هەر چونکە تەوراتە سیاسییەکەی ئەمڕۆمان لەو جۆرە مێرخاسییە قەڵس دەبێ. خۆ ئەگەر هەڵپە و دڵگەرمی و خوێنکوڵان حەزمان بۆ لای کوشتییەک ببات تا چەنگاڵ لە بینەقاقەی گیر بکەین بۆ ئەوەی دەمار و قەفەبلوولی سوریچکی هەڵبڕینەوە و شۆڕشگێڕایەتی خۆمانی پێ ئیسیات بکەین چ حاجەت هەیە بە لێدانەوەی قەبری سێ سەد ساڵی. سوپاس بۆ خوێنکوڵان وا دەست و پەنجەکانمان لە خوێنی زیندوانی ئەم ڕۆژگارە وەها ئاڵ و خوێنلێتکاوە لە نەوەی نەوەشمان زیادە!! ئەوەندەمان براکوژی کردووە بایی ئەوە دەکات کە گەییشتینە قۆناغی ئاسمانگەڕی ڕێچکەی سەفەری بەرەو مانگ و مریخ و زۆهرەمان بە بەند و باڵۆرەی ئەو کوشتارانە سوورهەڵگەڕێنین. حەیف نییە بۆ شۆڕشگێڕی ئاخە لێوەی سەدەی بیستەم ڕق و بوغزە پیرۆز و پڕشانازییەکەی لە مردوان خەسار بکات! چاکتر ئەوەیە ڕابوردووە ڕەجاڵەکەمان بدەینەوە بەو کەسانەی لە سەردەمی خۆیاندا خاوەنی بوون. ئەوانیش و سەردەمەکەشیان، ملیان وەقوتەوە، هەر چییەکی کردبێتیان و گوتبێتیان کار ناکاتە سەر ئاڵووێری بازاڕی سیاسەتی ئەم ڕۆژگارە هەرنەبێ لەبەر ئەوەی کە ڕابوردوومان تاریک و بێخەبەرە ئیتر بۆچی لابدەین لە کوشتنی ڕوحلەبەرێکی ناحەزی گەڕەکی کاولۆکانی ڕەواندز یان شێخەڵای هەولێر یان گۆیژەی سلێمانی لە پێناو دووبارەکردنەوەی مراندنی مردوویەکی سەد ساڵە!؟

ئنجا ئەگەر خوێنەری ئازیز گوێ بداتە ئەو دەنگانەی بێگۆڕین و باهەڵدانەوە و شێواندن، کە لە خۆوە بە لووس و باریکی بۆمان سەرەژێر بوونەتەوە و باس و خواستی بەسەرچووانمان بۆ دەگێڕنەوە، بێگومان، ئەویش وەکوو من و هەزارانی وەکوو من، حیکایەتی مێرخاسان و پیاوچاکان و جوانمەردان لەو دەنگانەوە وەردەگرێ، هی وەها خۆشیشیان لێبەدی دەکا کە هێندەی بەستەی بن بزێوکەی دڵداری بۆ بەر گوێی گەنجی خورت دەشلێتەوە. بەلای باوەڕی منەوە، کە وا دەزانم زانستی نەفسیش دەیسەلمێنێ کەسێک لە باسی پیاوەتی و جوانمەردیی دەسەڵاتدار وەتەنگ هات دیارە دەروونی نەخۆشە وەک ئەوەی کە تادار تامی هەنگوین لە زاریدا تاڵ خۆ دەنوێنێ لەوەدا هەنگوین چ گوناهی نییە خەڵقی دیکەش کە هەنگوین بەشیرن دەزانن چ گوناهیان نییە، خۆ نایەن بەربەیار بە گوژاڵی لەقەڵەم بدەن. ئەو کەسەی پێی ناخۆشە دەوڵەمەندێک یان دەسەڵاتدارێک یان شێخێکی تەریقەت یان سەرۆک عەشیرەتێک پیاوی چاک و لەخواترساو بووبێ هەر خۆی حەز دەکا کە موراجەعەی قائیممەقام یان پارێزگار یان وەزیرێکی کرد، حورمەتی بگرێت و ئیشەکەی بۆ ڕاپەڕێنێت وەیا هەرنەبێ بێقانوونی لەگەڵدا نەکات.

ئنجا ئەگەر بەچاکبوونی دەسەڵاتداری لێرە بە پێشەوە تەرازووی نەزەریە سیاسییەکەی دابلەنگێ خۆ بەچاکبوونی وەزیری سەردەمیش هەر دادەلەنگێ.

نەزەریی شۆڕشگێڕانە چ دەڵێ بابڵێ، لە ڕاستیدا هەموو چاکە و دادێک لە درێژایی و پانایی ڕۆژگاردا بەسوودی هەژار و بێدەسەڵات تەواو بووە، هەرچی دەسەڵاتدارە، هەم خۆی پێدەپارێزێ هەم سوودمەندتریش دەبێ لە نەمانی دادوچاکە، خۆ ئەگەر تەماعی زیاد ئەو دەسەڵاتدارە دڕندانەی نەخستبایە سەر دوژمنایەتی نێوان خۆیان دەیانتوانی ستەمێکی دڵیان بۆی بچێ بە چەور و لووسی بیکەن یان هەر نەبێ ئاسانتر بۆیان دەکرا:

ئنجا برای خوێنەر سەیرێکی دڵ و دەروونی خۆت بکە و خورتەی هەناوت بە عەیارە دابنێ بۆ «رد فعل - بەرتەک»ی ئەو خەبەرەی کە لە بارەی دادخوازی و مەردایەتیی دەرەبەگێک 200- 300 ساڵ لەمەوپێش بۆت باس دەکرێ تا ئەگەر خەبەرەکە بەلای تەبیاتتەوە تاڵوتفت بوو خێرا بڕۆ لای پزیشکێکی نەفس و لێی مەگوێزەوە هەتا ئەو بیژۆکە دەمارەی هەناوت لە ڕەگەوە هەڵدەبڕێتەوە. تۆ ئەگەر ئەو نەخۆشییەی دەروونیت چارەسەر نەکەیت هەمیشە ئامادە دەبیت، لەبۆ بەرژەوەندی خۆت، با بدەیتەوە سەر دۆست و هاوڕێ و هاومەزهەب و هاوئامانجەکانت و تەپڵی تۆپانیان پێبکەیت و بۆیاغێکی درۆزنی «تاویل» لە کارەکەت هەڵسوویت و بیکەیت بە فەرمانی خەبات... مێژوو... چاکەی گەل... چارەنووس..!!

چی لە خەرمانی ڕووداوەکانی ڕۆژگاری ڕابوردووە دێتە دەفرمانەوە و سوودی لێدەبینین ئەو ڕەفتار و کردار و گوفتار و بڕیارە چاکانەن کە کاتی خۆی گەل سوودی لێدیتوون و لێیان ڕازی بووە. زوڵمی زۆردار هەروەک لە سەردەمی خۆیدا زەرەربەخش بووە بۆ ئەم سەردەمەش چ سوودێک لە کوتانەوەی بەرهەم نایێ دڵی خۆمانی پێخۆش بکەین. هەندێک، بگرە هەموو تیژڕۆیەکان زۆر بەسەیری وەها دەزانن هەتا زوڵمی زۆردار بەزیادەوە بکرێ و هەتا خاوەن دەسەڵاتی لێرە بەپێشەوە ناوزڕاو بن دەماری شۆڕشگێڕایەتی لە هەژاری ئەم سەردەمەدا کشتتر دەکات و پتر بەلای ناڕەزامەندییەوەی دەبات و خێراتر کۆت و زنجیرەکانی پێ تێکدەشکێنێت... ئەم جۆرە بۆچوونە هەر لەسەر ڕووی کاغەز و تەنها لە حاڵەتی وتووێژ لەگەڵ خۆ کردندا بەڕاست وەردەگیرێ، هەر لێی بە دەنگ بێیت وەکوو بەفری هاوین دەچێتەوە. بەر لە هەموو شتێک دەبێ بزانین، هەر ئامانجێک پێویستی بە ساختەکاری و درۆ هەبوو ئەگەر لە ئەنجامدا سەریش بکەوێ ناتوانێ خۆی لە درۆ و ساختە دەرباز بکات. هەروەک بەناوی «پێویست» دەشێ شۆرەتی عومەری عەبدولعەزیز بشێوێ هەروەهاش بە ناوی «پێویست» کاکە پۆلپۆت بەڵایەکی بەسەر کەمبۆدجیەی ڕزگار کراودا هێنا حیکایەتی «سەد ڕەحمەت لە کفندزی کۆن»ی بە بیراندا هێنایەوە. شۆڕشی سەقافی چین پەڵەیەکی وەها ڕەشی لە ڕووپەڕەی تازەی مێژووی چین چەسپاند نە بە ئاو دەشوورێتەوە نە بە گازر دەسڕێتەوە. لەمەش بترازێ مافی گەلان و فکرەی داد و ڕاستی و جوانی و ڕەوایی خۆی لە خۆیدا وەها گەش و بەهێز و نازدارە هێندەش لە بەرژەوەندی ئادەمزاد ڕەگ داکوتاوە پێی ناوێ لە لاوە سووراو و سپیاوی بۆ بخوازرێتەوە و لەجیاتی «کل تێکردن کوێر بکرێ».

دەڵێن کابرای فارس دۆڵمەی گەڵا مێویان بۆ دانا، ئەویش سەیرێکی کرد و گوتی: «اگر حیلە نداری چرا لفلف می کنی؟» واتە ئەگەر بەفێڵ نیت ئەو خۆداپێچانە بۆچی؟ دۆڵمەکەی نەخوارد. من وەکوو کابرای فارس دۆڵمە بەلاوە نانێم، چونکە دەزانم گەڵا پێچراوەکانی بەشێکی پێکهێنەری خواردنەکەیە، بەڵام زڕاندنی ناوی عومەری عەبدولعەزیز هەرگیز نابێتە تێوەرپێچانی گەڵامێو لە برنج و قیمەی دۆڵمەی مێژوو ئەو مێژووە نەدەبوو کە دەیزانین ئەگەر لەتەک یەزیددا عومەرێک نەبوایە وەیان لە ئاست ستالین تیتۆیەک هەڵنەکەوتایە. بەداخەوە زۆربەی هەرە هەرە زۆری کۆمەڵایەتی کۆن و گەلێک لە کۆمەڵانی سەردەمیش کە بریتی بوون لە هەژاری ڕەنجدەر و کاسبکاری بچووک، نە تاک تاکی و نە تێکڕایی، دەیتوانی بەرگری لە زوڵم و زۆر بکا، لەوە هەر بگەڕێ کە بەشێکی بەرچاوی ئەو بابەت و کارانەی ئەمڕۆکە ناوی زوڵمی لێدەندرێ لەو سەردەمە کۆنانەدا بەلای خەڵقەوە جێی ناڕەزامەندی نەبووە هەتا لێ هەڵگەڕانەوەی مومکین بووبێ، تاکێکی بێدەسەڵاتی ئەو سەردەمانە کە بە تەنها هیچی پێنەدەکرا، جارێ چ فەلسەفە و تەبلیغاتی بەرەو شۆڕشیشی نەبیستبوو کە بیهاوێتە سەر باری بیرکردنەوە لە پێکهێنانی حیزبی سیاسی بۆ بەرگریکردن لەو زوڵمەی لێی دەکرێ، خۆ ئەوەی ڕاستی بێ هەژاری ئەم سەردەمەش بیر لە دروستکردنی حیزب ناکاتەوە ئەگەر مامۆستا و ڕابەر و هاندەر بۆی ساز نەدەن و بە دەرسدان بەرەو ناڕەزایی و هەڵگەڕاندوەیەوە نەبەن. لەبەر ئەمە هەژار و بێدەسەڵات بەغەیری یاسا و دادگا و داب و دەستوور و نەریتی سەردەمی خۆی، چ پەنای شک نەدەبرد، خۆی بۆ هەڵکوتێ و ئومێدێکی پارێزگاری و ماف وەرگرتنی لێبکات. ئنجا ئەگەر لە کەرەمی خواوە یان لە هەڵکەوتی بەختەوەردا دەسەڵاتدارێکی لە خوداترساو یان دادپرسێکی بەویژدان پەیدا بایە دەبووە هۆی حەسانەوەی ئەو بێدەسەڵاتانەی لە خشەی پووشکە دەترسان. لە ساڵی قاتوقڕی و گرانی ئەگەر دەوڵەمەندێکی بەخشندە چەند برسییەکی تێر بکردایە بایی نرخ و بایەخی ئەو چەند گیانە لە تەووژمی ڕەوڕەوەی مێژووی زیاد دەکرد، چونکە لە برسان مردن، ئەوسا، کەسی نەدەکردە شۆڕشگێڕ مێژووش هەر بەسەر شانی ئەو کەسانەوە دەبزووت کە نەمردبوون. ئەگەر زوڵم و برسییەتی هۆی شۆڕشگێڕایەتی بایە دەبوو لە ماوەی شەش هەزار ساڵی پڕ لە زوڵم و برسییەتی سەدان شۆڕشی سەرکەوتوو ڕەگی زۆردار و خوێنمژی هەڵبڕیبایەوە. لە ساڵی 1917 ز پتر لە نیوەی دانیشتووانی کوردستان لە برسان و لە سەفەربەلەک مردن کەسیش لەو برسی و ستەملێکراوانە نەک شۆڕشی نەکرد دەستیشی درێژ نەکرد بۆ نانی تێروتەسەڵەکان و بە دڵی زابتەکانیشیان لە جەنگ هەڵدەوەران.

لە مەیدانی ناسینەوەی نرخی بیژۆک و پەسندی کۆمەڵایەتیدا دەتوانین عەیارەی لە چەشنی تەرازووی شەش دەستە و پەنجا دەستە و پتر دەستەش لە کار بهێنین و نرخەکانیان پێهەڵکێشین.

من لێرەدا چەند دەستەیەکی ئەو عەیارەیە بە نموونە هێنانەوە پڕ دەکەمەوە:

1- دەزانین فەلاح لە کوردستاندا لە ناچارییەوە خووی بە نەریتی «شیربایی» - واتە شیر بەهایی، نرخی شیر - گرتبوو تا ئەوەی خاوەن کچی عازەب ئەگەر بەهای خوێن وەیا بن پشکی ئەو مێیینەی نەدرابایە بەشووی نەدەدا. هەر ئەم نەریتەش بوو وەهای دەکرد کە کچ شووکردنی دەوەخرا هەتا ڕەدوو بکەوێ و دواتر مەسڵەتی لەسەر بکرێ. توجاری شار، یان کاسبکاری عادەتی چونکە حاڵوباری باشتر بوو لە هی فەلاح کچی بەشوو دابێ و نەیفرۆشتبێ بایی حەسانەوەی ئەو مێیینە و لە کیسە مانەوەی ڕەدووکەوتن و نیزاع و مەسڵەتی بەو مامڵەتە مەردانەیە، هەستی ئارامی لە دەروونمدا دەبووژێتەوە و قەتیش دڵشکەستە نابم بەوەدا کە دەستوورێکی ڕەگداکوتاوی ئابووری «کچ بەپارە فرۆشتن» بەو مەردایەتییە دەپووچێتەوە. هەروەها کە بیستم توجارێکی شار کچی خۆی فرۆشت پەرۆش بۆ ئەو مێیینە ئادەمییە دەخۆم چ خۆشیشم بەدڵدا نایەت لەوەدا کە بەم مامڵەتە نامەردانەیە توجاری خوێنمژ ئیسپاتی بێویژدانی خۆی کرد.

2- مەعلوومە بەشێکی پارەداری شار کە جووتە هەستی لەیەکدی جودای تەماعی سوودپەرەستی و ترسی قیامەت دەیانهاوێتە سەرباری قیلەشەرعان و لە ڕێی «ڕەهن وەرگرتن و بەکرێ دانەوە» قازانجی 30% یا زیاتر لە کابرای قەرزوەرگر دەستێنن هی وەهاش هەیە دوای چوونە حەج دلێرانەتر ڕیبای بێتەئویل دەخوات. ئنجا ئەگەر زانیم پارەدارێک ڕازی بوو بە قازانجی 5% و 6% سەد جاران ئافەرین لەویژدانی دەکەم و بۆ قەرزدارەکەش دەگەشێمەوە کە ئەرکی پشتشکێنی لەو مامڵەتەدا لە کۆڵ بۆتەوە پڕ بە دڵیش ئاوات دەخوازم کە هەرچی سوودخۆری ڕووی زەوی هەیە ئەو جۆرە ئینسافە بەکار بهێنێ، شاڵا سەدویەک دەستووری مادی و ئابووری و نەفسی و ئەخلاقی بەو ئینسافە دەپووچایەوە. نابێ مرۆڤایەتی خۆشامەدی لە سەرکەوتنی تەماع بەسەر ئینسافدا بکات هەر چونکە نەزەریە هەیە کار و بازاڕی خۆی بە بنگەی زاڵبوونی تەماع و بەرژەوەندی مادییەوە بەستۆتەوە.

3- بیستوومانە و دیتووشمانە هەژاری و تەنگەتاوبوون لەباری نالەباردا خەڵق دەخاتە سەر ڕاڕەوی ئەوتۆ کە ئاکاری مەردانەی لێ ڕازی نابێ. لە نموونەدا قسە لە مامۆستا هێمن دەگێڕمەوە بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەست. هێمن گوتی: باوکم ساڵانە لە ڕۆژێکی مەعلوومدا دەچوە سەرقەبری مردوویەکی بێناو و نیشان لەو دێیەی تێیدا دەژیاین. لە باوکم پرسی، بۆچی وەها پێتەوە دیارە لە سەردانی ئەو قەبرە هەر دەڵێی دەچێتە حەج؟ حیکایەتی بۆ گێڕامەوە و گوتی: ڕۆڵە لە ساڵی 1916ز کە سپای ڕووسان ورووژمی هێنا بۆ ئەم مەڵبەندە ڕۆژێکیان لە غافڵی بەسەر دێیەکەمانیدا دا. کوشتن و بڕین و فەسادکردن وەها بوو نەگێڕدرێتەوە. بەچاوی خۆم دیتم لەو شوێنی ئەو قەبرەی ساڵانە زیارەتی دەکەم دەستەیەکی ساڵدات (عەسکەری ڕووس ساڵداتی پێدەگوترا، لە ڕیشەدا لەگەڵ سۆجەری ئینگلیزی یەک دەگرنەوە) کچێکی جوانیان گرت و ویستیان لێی بەنیاز بگەن ئەویش وەکوو ئاگر بەر بووە گیانیان. دەیانخست و هەڵدەستایەوە. کە لێی بێئومێد بوون و زانیان خۆ بە دەستەوە نادات پارچەیان کرد. (دیارە زانیویانە خەریکبوون بەو کچەوە ڕاوی کچی دیکەیان لەکیس دەدات. م. م). منیش وەکوو خەڵقی دیکە هەڵاتم. ڕێکەوت وەهابوو چەند کەسێک لە ژن و پیاو خۆمان لە ئاشێکی نابەرچاو حەشاردا، فەوجێکی ڕووسەکان لەو نزیکەوە ڕەت بوون. سوارەیەکیان بەلامانەوە هات و دۆزینیەوە. کچێکی جوانکیلەی ڕاکێشا بۆ پەنایەک. کچە هاواری دەکرد مامە بمگەیێ، مام لە ناو خەڵقەکە هەر ئەوەندەی پێکرا بڵێ: کیژم هیچم پێناکرێ. ساڵداتەکە دوای دابینبوون گەڕایەوە بۆ فەوجەکەی. ئنجا ڕۆڵەکەم من ئەمەیانم دیت و ئەو کچەشم دیت چۆن لەسەر نامووس شەقوپەق کرا. حیکایەتی هێمن لێرەدا تەواو دەبێ.

بێگومان ناچاری هەموو عەیبێکی بەبەرەوە هەیە، بەڵام منیش و تۆیش حەز دەکەین مەردایەتی بگاتە ئەو پلەیە کە نامووس بە قوربانی ناچاری نەکات. ئنجا ئەگەر ویستمان عوزری سەدکەسی ناچار لە خۆ بەدەستەوە دانەوە بسەلمێنین دەبێ گۆشەیەکی دڵ و هۆشمان بۆ ئەو ڕێکەوتە خۆشەش تەرخان بکەین کە مرۆڤ هەیە سەر بۆ ناچاری دانانەوێنێ، ناشیێ لەو تەرزە مرۆڤە تووڕە ببین کە مەردایەتیەکەی لە ڕادەیەکدایە ڕاستە حیسابی بڕیاری ناچاریمان لێ تێک دەدات یان عەیبی خۆمانی پێ بەدیار دەکەوێ.

4- بەعادەت فەلاح کە ڕەنجبەرێکی ڕاگرت وەهای دەچەوسێنێتەوە هەر دەڵێی گرۆی لەگەڵ خۆیدا کردووە دوایین دڵۆپی هێزوتوانای ئەو ڕەنجبەرە بەکاری سەخت و بەردەوام هەڵگوشێ لە بری ئەو شەرتەی (شەرت: کرێ) پێی دەدات و ئەو ماشێنەیەی سبەینان، بەرەبەیان، هەڵی دەقوڕینێ. ئەمە دەزانم، بەڵام تا بڵێی حەزدەکەم فەلاحی وەها هەبووبێ زەلیلگیری لەگەڵ ڕەنجبەرەکەیدا نەکردبێ و بە چاوی ڕەحمەوە تێی ڕوانی بێ. مرۆڤایەتی هەرگیز زەرەر لە جوانمەردی و لێبوردوویی و باخەڵفەڕاحی و چاوپۆشی ناکات هەرچەند ئەو ئاکارانەش لەبەر چەژی ئەو کەسانەی بەپێی دەقی نەزەریەیان چاوەنۆڕی دڕەندەیی و خوێنمژین لە دەسەڵاتدارەوە، ئاکارەکان تاڵ خۆ دەنوێنن. چەند خۆشە هەموو ساتێک نەزەریەی ڕەشبین بەکاری مەردانەی ئەو خەڵقە سپیپات ببێتەوە.

5- من بەتەمانیم، بەتەماش نەبووم، کاربەدەست لە خۆوە دڵسۆزانە ڕەفتار بکا لەگەڵ موراجەعەچیدا، بۆیە سەربە دایەرەیەکدا ناگرم کە کاربەدەستەکەی ناسیاوم نەبێ یان بۆم ڕانەسپێردرابێ. بەڵام لەمووژدەی خۆش خۆشترە کە بزانم کاربەدەستێک ژوورەکەی و دڵەکەی بۆ ئەو بێچارە و بێدەسەڵاتانە کردۆتەوە کە بەعادەت لەهەر هەنگاوێکدا، لەم ژوور بۆ ئەو ژووری دایەرەکان، نوقورچێکی بێحورمەتی بە قەپەرەی مرۆڤایەتییان دەکەوێ.

6- چ قەیدێ دەکا بزانین فڵانە شێخ و فیسار مەلا و ئەو تەرزە پیاوانەی لە کۆمەڵدا حیساب بۆ کەسایەتییان کراوە لە ترسی خوا یا لە پاکیی خۆیانەوە ڕێی ڕاستیان بە خەڵق نیشان دابێ؟ کێ زەرەری دەکرد ئەگەر سەرەک وەزیرانی سوڵتانێکی بەر لە 200 ساڵ بەرتیل خۆر نەبووبێت؟ بۆچی دڵشکستە ببین بەوەدا بگوترێ سەرەک عەشیرەتی قاشقای کە لەسەر بەرماڵ دوای نوێژی خەفتنان بەرەو قیبلە لە خوا دەپاڕایەوە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنی دەوروبەری خۆی نەبوو؟ گۆیا ئەگەر ژمارەی قۆڵبڕان بە فێڵبازیەتی ئەو سەرەک عەشیرەتە یەکێک زیاد بکات بە چ ئامانج دەگەین؟ یاخود بەوەدا ژمارەی درۆزنان لە هەزارەوە بوو بە هەزار و یەک ئەنجا چی؟ لە بارێکی دیکەشەوە ئەگەر ڕاستگۆ لە ژمارەی بیستەوە ببن بە بیستویەک کام پێچکەی ڕەورەوەی مێژوو پەنچەر دەبێ؟ دەک بە زیادم نەکردی مێژووی ئاشقە درۆ!!

من ئەو تێبیینانە دەنووسم، دەشتوانم زۆریان لێ بەردەوام بم، نەک لە بادی هەواوەیە، یان زەحمەتی بێلزومە. نووسینم دیتووە لە بەرەی شۆڕشگێڕی کورد هەرچی شۆڕشی کورد هەیە تاوانبار دەکات، چونکە سەرۆکەکانیان عەمەلە و فەلاح نەبوون، ئیتر بەدرخان پاشا و شێخ سەعید و قازی محەممەد و شێخ مەحموود و هەرچی سەرەک شۆڕشی کورد هەیە دوژمن بە میللەتەکەیان بوون.

نا، نا، کاکی شۆڕشگێڕ! جیهانی ئادەمزاد بە عەیارەی وەها سەرەوبن پێوانە و کێشانەی لەگەڵدا ناکرێ. هیچ میللەتێک نییە لە ڕووی زەمین تا ئەم دونیایە نەهات دەوڵەتەکەی خۆی هەڵوەشێنێ و نیری بەندایەتی بێگانە سەرلەنوێ بخاتەوە ئەستۆی خۆی، چونکە سەرۆکی شۆڕشەکەی یان دروستکەری دەوڵەتەکەی هەژارێک نەبوو، بەڵکوو بەگزادە یان سەگزادەیەک بوو. کام میللەتی لێی دەگەڕێیت شانازی بە کۆنایەتی دەوڵەتەکەی دەکات و بە بەڵگەی سەربەرزی و گەردەن کێلی مێژوویی خۆی لەقەڵەم دەدات تا ئەگەر میللەتێک لە مێژوویدا پەنجا مەلیک هاتبێ پتر شانازی دەکات لەو میللەتەی چل مەلیکی هەبووبێ. خۆ لە سایەی ڕابوردووی ڕووت و ڕەجاڵی دوو هەزار و شەشسەد ساڵیمانەوە ئێمە تاکەیەک مەلێکیشمان نەبووە، خۆشی لە خۆمان!!

بە ڕاستی ئەمەیە ڕووپەڕەی سپی و بێگەرد کە دەفتەری مێژووی کورد دەیخوێنێتەوە. هەرگیز دەستەندایەکمان نەبوو پێی بگوترێ حکومەت. نە میرزادە و نە بەگزادە و نە عەمەلەزادە و نە هیچ زادەیەک تاجە چڵکنە چەپەڵە پیسەکەی حوکمڕانی کوردستانی لەسەر نەنا. وای کە ڕابوردوویەکی ساغ و سەلیممان هەیە.

لە کوێ تاقمی چەپڵەڕێزان و شاباش بخوازینەوە زەماوەندێکی خاوێنایەتی و بێگەردایەتی و موفلیسایەتی و ڕەنجەڕۆیەتی 26 سەدەییمان بۆ بگێڕێ!! «ئەی یاری عەزیزم بەخودا هەڵخەڵەتاوی».

بەڵام چ فایدە! نە بەمن و نە بە ئەژدەهای پشت کێوی قافیش دەکرێ دەماری پێچەڵپێچی بەناخداچووی هەڵخەڵەتانت لە بێخەوە دەرکێشێ مەگەر تەجرەبەی ساڵەهای بێبڕانەوەی کوێرەوەریت و دەست بەتاڵیت چاویلکەی بە هەڵەبەری سەرسوڕکێی نەزەریانت وردوخاش بکات، ئنجا بزانیت کە لەوەتەی میللەتت پێی ناوەتە کۆڕی سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەر لە 2600 ساڵ، دروێنە لە بیابانی کاکی بە کاکی دەکات. ئەگەر «کۆرش»ی دووڕەگەی هەخامەنشی کورد دەبوو گورگەشین کەری مەلای نەدەخوارد.

ئەو ڕۆژەی هەخامەنشی بە ڕابەرایەتی کۆرش گرەوی لە «ماد» بردەوە گلۆرەمان کەوتە لێژی. وەی کاشکی خوێنمژێکی ناپەسندی مەلعوونی بێحەیا و بێشەرم مادەکانی زاڵ دەکرد بەسەر هەخامەنشییەکاندا ئنجا با قوڕی دنیامان بەسەر خۆماندا بکردایە بۆ ئەو ڕووداوە شەرمهێنەوەی بە سفتوسۆیەی جەرگبڕەی شەیتانپەرستانەی کە کوردی لە شەق و لەقەی بێگانە ئازاد دەکرد. وەی هەزار هەزاران کاشکی و خۆزگە و دەستی شکاوم!!

من یان یەکێکی وەکوو من کە خەریک دەبێ ترووسکەیەکی زێدەکزی ئاساری پیاوەتی لە حاڵوباری دالەنگاوی کورددا گەش دەکاتەوە بۆ بەرچاوی بینەری کورد حەزی دەکرد لە دەفتەری مێژووماندا ڕووپەڕەی وەکوو داستانی پەڕینەوەی «طارق کوڕی زیاد» بۆ بەری ئیسپانیا هەڵداتەوە نەک هەر خەریک بێ بەترس و لەرزی ناڕەزامەندی تازە خوێنەواری کورد ئابڕووی ئابڕوودارەکانمان لە مێرخاسە بەسەرچوەکانمان بپارێزێ. حەزم دەکرد نەک هەر یەک «ئۆناسیس» بەڵکوو هەزاری وەکوو ئەومان لە خوێنمژی جیهانی هەبێ کەشتییەکانیان بە سەرگرانیەوە نەوت و کاڵای میللەتانیان لە بەندەری ئۆدێسای ڕووسەوە بۆ نیویۆرکی ئەمەریکا بگوێستایەوە... تامەزرۆم، بمخوێندایەوە لەجیاتی ئەوەی سپای نادر شای ئەفشار وڵاتەکەمان پێشێل بکات سپای کورد ڕاو و تەراتێنەی لە دەوروبەری ئەسفەهان و تاران بکردایە. کاشکی مێژووی ئێمەش وەکوو هی میللەتانی دیکە ڕووڕەش بوایە بەکاری دەسەڵاتدارانە و لەخۆباییبووانە.

ئەگەر شوێنپێ لە ڕووی زەوی نەسڕابایەوە، هەموو بستێکی خاکی کوردستان مۆرکی چەندین شوێنی چوارپەلی ئەسپی ڕاووڕووتکەری بێگانەی لێنەقش بەستوو دەبوو، وەی کاشکی لەجیاتی ئەوەی کورد خەریک بایە بە خۆ ڕزگارکردن لە ڕەوی سۆجەر و لێڤی ئینگلیز، لەندەن ناچار بایە دەست بە هەواوە پێشوازی لە سپای کوردان بکردایە... چەند خۆش دەبوو بەدرێژایی سێسەد ساڵ والی ئیزمیر و ئەندرنە و ئەنقەرە کوردی کڵاشخواری شارەزوور بوایە، ئەدی ئێمە ناڵێین میللەتان یەکسانن؟

ئیتر بۆ دەبێ ڕووڕەشبوون لە دەستدرێژی و تەماعکاری هەر بۆ والی تورکان بێ، چ قەیدی دەکرد 200 - 300 ڕووڕەشی کوردیش والی بوونایە لەو دنیایە پان و بەرینەدا!! بۆچی کەیفم بەوە بێت کچی کورد لە پێناوی حەیاپارێزی خۆی هەڵاتووە یان خۆی بەکوشت داوه؟ بۆچی هەلی شەرەفپارێزی نەدەم بەکچی فارسیش لە دەست بێحەیایەکی کورد؟ چما کورد لەناو مەلاندا حاجی لەکلەکە لە دوورەوە بە حەیا و شەرمەکەیدا بناسرێتەوە؟ ئایا لەجیاتی دەست سووربوون وەها باشە مل هەڵبڕاو و ورگ هەڵدڕاو و نامووس دازڕاو بین؟ هەڵبەت من نامەوێ خوێن لە لووتی هیچ کەسێک بێت، بەڵام من موناقەشەی ئەو بەهەڵەدا چووەی کورد دەکەم کە ناوی شۆڕشگێڕە زلەکانمان دەزڕێنن هەر چونکە لە برسان نەمردبوون. ئایا لە برسان مردووەکە هیچی پێدەکرا؟ ئێستاکەش هیچی پێدەکرێ؟ بابڵێین ئەو سەرۆک شۆڕشانە نەیانزانی چۆناوچۆنی شۆڕشگێڕی ڕاست و دروست بن، خۆ ئەوان نەچووبوون تکا بکەن لە داگیرکەر تاکوو بە خێری خۆی بێتە کوردستان و هەلی شەرافەتی شۆڕش بۆ ئەو سەرۆکانە ساز بدات، لە کەسیش داوا ناکرێ دەبوو پتر عاقڵ بێ لەوەی هەبوو. کە سەرۆکەکان نەیانزانی چۆن بکەن خۆ کەسی دیکە نەهاتە پێش بڵێ من زانای دەوران و ڕۆڵەی خەباتی پێشڕۆم تا ئەگەر یەکێک لەو سەرۆکانە ڕێی لێگرت بەستەمکاری لەقەڵەم بدەین. بەهەمەحاڵ قسە کۆتایی نایەت، منیش لەکورتی دەیبڕمەوە و دەڵێم سەر فروو دێنم بۆ ئەو شۆڕشگێڕانەی خۆیان کردە چرای ڕێی خەبات و پێیەوە سووتان، شەرەفیشیان لە مێژوو گەورەتر خۆ دەنوێنێ بەوەدا کە دەیانتوانی وەکوو ئیمامی حەسەن مەسڵەتی لەگەڵ معاویەدا بکەن کەچی ڕێی ماڵکاولییان گرتەبەر. ڕێزی بێپایانم هەیە بۆ ئەو دەسەڵاتدارانەی لێرە بەپێشەوە کە بەپێی سەردەمی خۆیان بایی توانا چاکەیان بۆ خەڵق بووە، هیچیش بەتەما نیم لە کەسیش ناسەلمێنم بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەفتاریان عەیارەی خوازراوەیان لێ بەکار بهێندرێ. ئەوان کوڕی ڕۆژگاری خۆیان بوون و بۆ ئەو سەردەمە دەژیان، ئێمەش بۆ سەردەمی خۆمان، یان هەر نەبێ لە سەردەمی خۆمان دەژین. نە لێمان داوا دەکرێ نە پێشمان دەکرێ بە عەیارەی 200 ساڵ دوای ئیمڕۆکە ڕەفتار بکەین.

من لێرەدا خەریکم زاخاوی مێشکی خۆم بە یادی کەڵەمێردێکی وەکوو حەماغای غەفووری دەدەمەوە، ئەگەر پێم کرابایە فتیلە چرای هەموو پرشنگدارێکی کوردم لە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات خۆش دەکرد تاکوو لە ڕۆشنایی ئەوانەوە ڕۆڵەی نەوباوی کورد بەرهەنگاوی خۆی باشتر بدیتایە، چونکە مرۆڤ بە شارەزابوون لە کەس و کاری خۆی، حاڵی دنیا بەڵەدتر دەبێ.

ناوی کتێب: حەماغای گەورە

نووسەر: مەسعوود محەمەد

چاپەمەنی مانگ

154 لاپەڕە

www.mamosta.net