وەختێ نیت، بە قەسەم و قورئانیش نابیت.
کاتێک مرۆڤ دەیهەوێ ڕەخنە لە بارودۆخی ئێستا بگرێت و لە هەمان کاتا خۆی بە باش پیشان بدات. بەڵام نازانێ و باشترە بڵێم ناتوانێ لێهاتوویی و شارەزایی خۆی بسەلمێنێ. چونکوو هەر لە سەرەتاوە نەیبووە. ئەم سەربووردەی خوارەوە کە لە ناو کتێبی ڕشتەی مرواری دا هەیە و من لە کتێبی ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی، نووسینی پ. عیززەدین مستەفا ڕەسووڵ، ل. 157 وەرمگرتووە یەک لەو جۆرە مرۆڤانە باشتر دەناسێنێ.
کابرایەک هەبوو «براخاس»ی ناو بوو، قسەمان لە هاڵ و هەواڵی عەسکەرییەوە ئەکرد کە گۆیا ئێستا ڕێک و پێکترە، وتی: برا ڕێکوپێکی چی؟ من خۆم لە دەوری عوسمانیا زەفتێ بووم، دووکانەکەشم قەسابی بوو، هەموو ڕۆژێ کە وەختی مەشق ئەهات دوو تارانیم ئەدا بە یەکێ چوو مەشقەکەی بۆ ئەکردم، بەو قورعانەی لێت خوێندووە ئێستا و ئەوساش خۆم ئەو قەنارەمە بەجێ نەهێشت، ئەوە بوو عەسکەری. ئێستاش ئەمانە بە ناخێری گیانیان گوایە عەسکەری ئەکەن!