ڕەسمێکم بگرە بۆ یادگاری نەکا بمرم
ڕەسمێکم بگرە بۆ یادگاری نەکا بمرم
ڕەسمێکم بگرە بۆ یادگاری نەکا بمرم
با لێرە بمێنێت
ڕەسمێکم بگرە مردن لەم دەوروبەرەیە
دڵم خوورپە دەکات هەناسەم توندە
ئەوەتا ژیان بەشەرمەوە سەیرم دەکات
وەک ئەوەی شتێک بزانێت و نایەوێت پێمی بڵێت
خێراکە ڕەسمێکم بگرە با هەبێت
ئاخر زۆر شت هەن کە دەبوو بمبێت و نەبوو
با ئەم هەبێت
مەگەر ڕەسم تەنها بۆ کچە مۆدێلە
مەگەر پێوویستی بەناو هوتێلە
من ڕێک لێرەدا ئەمەوێت لە بازاڕ
ڕەسمێکی ڕاستی وەک ئەو ژیانە ڕاستییەی کە ژیاوم
لەم ووڵاتەیا کە تێر تێر گریاوم
خەمت نەبێ جوان دەردەچێت
نە بورجی خەلیفەی دەوێ لە دواوە
نە پۆرش و بۆگادی کە بە کرێ هێنراوە
لایبە گڵۆپی چی و فلاشی چی
من خۆم دڵم داگیرساوە
من ڕاستیم ڕەسمێکی ڕاستیم بگرە
باوەڕ بکە من لەفەی قاوورمە ناگۆڕمەوە بە ڕۆبیان
تەقسیم ئەکەم بە قوربانی ئیسکان
ڕەسمێکم بگرە با مەسئولیش نەبم
مەگەر کاممان سەرمان بەرزترە
مەگەر کاممان بۆ ئەم نیشتمانە دڵسۆزترە
ئەو باخی گشتی ئاو دەدات یان من
ئاوا سەیرم مەکە
من کۆڵانە جوانەکانی شارم نەڕووخاند بۆ بینا
من وام نەکرد ماڵی جوانا زیاتر بێت لە گوڵە مینا
من دایکم و دایکی نیشتمانیش
ڕەسمەکەم هەڵواسن دەی نۆرەی ئێمەیە
بیدەن لە شەقام و کوچە و کۆڵان
گەورەی کەن لەناو پەرلەمان
چاپی بکەن لەسەر پارە قەینا با خۆشم پێم نەبێت
ڕەسمێکم بگرن نەکا بمرم با لێرە بمێنێت
یان بینێرن بۆ سورکێوی کوڕم
کە لەو ڕێگا بەقووڕ گیراوە
یەک مانگە دەنگی نەماوە
هەردی سەلامی
بهروار: 16/07/2022
شێعر لای من