چه‌ن به‌ڵگه‌یه‌ک بۆ تێنه‌گه‌یشتن

به‌رکوڵێ له‌ چێشتی مجێوری مامۆستا هه‌ژار( به‌شی 2)

دانیشتم عەریزەیەکی زۆر بە ئاب و تابم بۆ لێژنەی مەرکەزی لە کرملین نووسی، بە هەزار و یەک دەلیل ئیسباتم کردبوو کە ئەگەڕ ڕادیۆ مۆسکۆ بەرنامەی کوردی هەبێ چەند باشە و چەند بە قازانجی شوڕەوی تەواو دەبێ. ئەمجار هەر کوردێکی دەرەوە هاتبا مۆسکۆ. دەگەیمە سەری و داوانامەیەکم پێ دەنووسی و بە تەرجەمەکراوی دەمنارد، بەڵکوو بەخت کوێت بیگرێ و مۆسکۆ بە کوردی بەرنامەی هەبێ؛ بەڵام کەس گووی بە کڵاومان نەپێوا...

دوو کەس هاتنە لام گوتیان: لە ئەنساکلۆپیدیای شوڕەویدا ناوی هەژار وەک شاعیری کورد و ناوی جگەرخوون چاپ کراوە. لە گۆرانیشمان پرسیوە کە جگە لە خۆی کێ هەیە لە چاپی تازە دا - کە هەر بە دە ساڵ جارێک چاپی تازە دەکرێتەوە - بنووسرێ؟ گوتوویە: هەر من هەم!

گوتم: ڕەنگە تێتان نەگەیشتبێ؛ دەنا ئەو دەزانێ زۆر کەسی وامان هەیە. نەخوازە نەماوەکان وەک خانی و جزیری و نالی و مەولەوی و زۆری تریش کە دەبوایە ڕووپەڕی ئەنساکلۆپێدیان داگیر کردبا. من بۆتان دەنووسم. گوتیان زۆرمان پێ خۆشە. وادەمان دانا. وێکەوتم ناوی حەفتاویەک شاعیر و نووسەری کوردم ڕیز کرد و دامنێ. دوای چەند ڕۆژ هاتنەوە لام. گوتیان دوکتور کەریم ئەییووبی دەڵێ ئەوانە مەعلووم نییە ڕاست بن، دەلیلی دەوێ!

- بەڵێ ڕاست دەکا! لە مۆسکۆ دەلیلی چی بێنمەوە؟! «دار، هۆڕەی لە خۆی نەبێ، ناقەڵەشێ»! ئەویش چوو...

کەریم ئەییووبی تێزی دوکتورای لە سەر «شاعیر هەژار» وەرگرت. دیار بوو دەبوایە لە شیعرەکانم شایەت وەرگرێ. ڕۆژێک لە ئاسایشگا نامەیەکم بۆ هات، دەڵێ: برا «پەڕووعە» بە چی دەڵێن؟ ئەوە کوردی کوێیە؟ نووسیم: نازانم. تۆ شیعرێکم بۆ بنووسە کە ئەمەی تێرایە. بەیتەکە ئەمە بوو: «تووتن و پەڕ و عەتر و بۆن». نووسیم: برا تۆ مانای «تڕ و بۆن» لێدەوە، ئەو دەم پەڕووعە ڕوون دەبێتەوە!  ل.317

https://www.vejinbooks.com/text/22815

که‌ ئه‌م بابه‌ته‌م له‌ چێشتی مجێور خوێنده‌وه‌ که‌وتمه‌ بیری قسه‌یێکی خۆش که‌ گۆیا بیرمه‌ندێک(؟)پێی وابووه‌ له‌ ده‌وره‌ی حافزی شیرازیش هێزی کاره‌با( برق) بووه‌ و ئه‌م به‌یته‌ش به‌ڵگه‌ و ده‌لیله‌:

 یا رب این نودولتان را با خر خودشان نشان

کاین همه ناز از غلام ترک و استر می‌کنند

وشه‌ی (نودولتان- تازه‌ به‌ دوران رسیدگان)ی به‌ (نه‌وه‌د وۆڵت) خوێندبووه‌وه‌ هه‌ر وه‌ک ئه‌م براده‌ره‌ی مامۆستا هه‌ژار.