یادگارێکی جوان لە شاگردێکی خۆشبیرەوە
یادگارێکی جوان لە شاگردێکی خۆشبیرەوە
ئەمساڵیش هاتەوە هەروەکوو هەموو ساڵێک.
هەر وەکوو هەموو دەمەو نەورۆزیک. کە دێت، بۆنی کتێب و بۆنی بیری نوێ و بۆنی ئەمەگناسیی لەمێژینەی لێ دێت.
کە دێت هەر دوو جانتاکەی پڕە:
هەم جانتاکەی سەر شانی و هەم جانتاکەی ناو مێشکی.
لە جانتاکەی سەر شانی کتێب و نەورۆزانەی پێیە. هەموو کەس دەیبنێ.
لە جانتاکەی مێشکی وشەی نوێ و بیری نوێ و هەستی نوێی پێیە. ئەوە من دەیبینم.
من دەزانم لە کوێ ڕسکاوە و چۆن پەروەردە بووە و ئێستا چەنێ خاوەن بەرووبوومە.
هەر جارەو کە دێت، دەڵێ: قەرزدارم. هاتووم قەرزەکانم بدەمەوە.
هەر جارەو کە دێت، ئاوڕ لە ڕابردوو دەداتەوە و داهاتوو گەشتر دەبینێ.
هەر جارەو کە دێت، دڵی گەورەتر، بیری تیژتر و ڕوانینی جوانتر بووە.
هەر جارەو کە دێت و باسی مامۆستاکەی دەکات هەر خۆی بە شاگردە کلاس حەوتەکەی بیست و حەوت ساڵ لەوە پێشی پایگەلان دەزانێ. بەڵام نازانێ کە چەن ساڵە لە قوتابخانە نێرگزەجاڕەکانی کوردستانم بە پلەیەکی باش دەرچووە و لە مێژە مامۆستایە.
مامۆستایە لە ئەمەگناسی.
مامۆستایە لە کتێبناسی.
مامۆستایە لە مرۆڤناسی.