سلەیمانی

ئەوا سلەیمانیم لێدەردەکەوێ..

ئای سلەیمانی!

دەزانم چەندە مەزن و شکۆداریت.

لەبەر ئەوەنا کە خەڵکی گەڕەکی چوارباختم بەڵکوو مێژووەکەت دەیسەلمێنێ..

بەڵام سلەیمانییە مەزنە شکۆدارەکە ها بگرە پۆلێک لە هەزاران پۆلی لەشکری شکستخواردووی دڵشکاوان!

ها لە ئامێزیان بگرەوە و مەگەر تۆ بە هەتوانی شکۆداریی خۆت بتوانیت زامی ناخیان ببرژێنیتەوە و تەسکینییەک بە دەروونی پڕ لە زووخاویان بدەیت.

ها سلەیمانی.. ها پۆلێکی تر لە پیاو و ژن و منداڵانی گەڕەک و کووچە و کۆڵانەکانت کە چوووون لە پێناوی پتر سەرتوندکردنت لە کەشکەڵان، ڕێی هاتونەهاتیان گرتە بەر و ڕۆژگاریان واچەرخا، کە دۆست و دوژمن پێکەوە، ژەهری شکست و نووچدانیان پێبنۆشن!

ها بگرە سلەیمانی

بگرە پۆلێکی تری لەشکری دڵشکاوان!

سەرچاوە: ساڵێک لە تەمەن( بیرەوەری)، حسەین عارف، سلەیمانی، سەردەم، 1999.