28 ی پووشپەڕ هات و ئەمن مەستی خەیاڵاتی کەسێکم

هەر لە دەیەی چلی هەتاوی مێرەدەکەی کۆچی دوایی کرد و ئەم مابۆوە و چوار کچ و سێ کوڕ. هەڵگری خەمی کوڕە گەورە بێ سەروشوێنەکەی هەر لە دڵیدا بوو.

پاش چەن ساڵ دێ بەجێ دێڵن و بەرەو سەقز و دواتر شاری بانە و هەمدیسان سەقز و لە گەڕەکی تەپی ماڵان نیشتەجێ دەبێت.

کوڕێک و بووکێک و نەوەکانی لە لای دەژین.

ژووری تایبەتی خۆی هەبوو. لەم ژوورە چەن شت سەرنجی ڕادەکێشام:

یەک: ساعەتێکی قورمیشیی لە ناو چوارچێوەیەکی دارینەی شین ڕەنگ. هەموو ڕۆژ پاش نوێژی بەیانی لەبیری نەدەچووو و قورمیشی دەکرد.

دوو: یەک قاپی عەکس لە ژوورەکەی بوو ئەویش لە سەری نووسرابوو: تمثیل مبارک حضرت شیخ عثمان الدین سراج الدین.

سێ: لە زستاندا کورسییەکی هەبوو. ئێمەش، خوشک و برا، گەورە و بچووک، دەچووینە ژوورەکەی و لە ژێر کورسییە هەمیشە گەرمەکەی چیرۆکی بۆ ئەگێڕاینەوە. زۆر جار داوامان لێکرد چیرۆکی ئەو شێرەمان بۆ بگێڕێتەوە کە پێی دەزانن لە دارستان بە تۆتەڵاشە دارێک... ئەو پێئەکەنی و ئێمەش پێئەکەنیان. کاتێ پێئەکەنی ڕۆحی پەپوولەئاسای زیاتر بەدی دەکرا.

ساڵان هات و ساڵان ڕۆیشت. تاکوو پاییزیش حاڵی باش بوو. بەڵام وردە وردە نەخۆشی زەفەری پێبردوو و لە جێدا کەوت. بە تایبەت مانگی پووشپەڕ. لە چەن شەوی کۆتایی ژیانی داوای ئاوی دەکرد و یەک قوم و تەواو. پاش یەک دەقیقەی تر تینووی بوو. دیسان یەک قوم و یەک دەقیقە.

پەنجشەممە، بیست و هەشتی پووشپەڕی ساڵی هەزار و سێسەد و هەشتای هەتاوی سەر لە بەیانیی ماڵئاواییم لێ خواست و چووم بۆ کۆنگرەی نالی. پاش وتارەکەی بەڕێز ڕەزا عەلیپوور لە سەر ئێپیستۆمۆلۆژی شیعری کوردی، و چوونی میوانەکان بۆ نانی نیوەڕۆ، من گەڕامەوە بۆ ماڵ. لە سەر چەمی وڵیخان، وەک هەمیشە لە نانەواییەکەی سەر ڕێگا، ماندوونەبوونیم کرد لە شاترەکە کرد واتەکاک ئەنوەری ئامۆزام. بانگی کردم و رتی ڕاوەستە بە یەکەوە ئەڕۆین و ئەو نانەش دەبێ ببەین. سەیری نانەکەم کرد. یەکجار زۆر هاتە بەرچاوم.

وتم بۆ ئەونە؟ بۆ کوێیە؟

وتی: میوانمان زۆر ئەبێ.

وتم: خێرە؟

وتی: بۆ نانزانی دایە گەورە بەجێمانیهێشت.

ئەوسا زانیم. ئیتر قومە ئاوەکەش ناخوات و دەقیقەکانی ژیان تەواو بووە.

بەڵێ بەجێمانیهێشت بەڵام پێکەنینەکانی، چیرۆکەکانی، خشە خشە گیرفانی پڕ لە نوقڵ و شوکولات، شانە دارینەکەی، گۆچانە تایبەتەکەی، گەرمیی ژێر کورسییەکەی و ئۆغربەخێرەکانی و مبارەک وتنەکانی هەر لەبیرمان ماوە و لە بیر ناچن.

هەر کات بیست و هەشتی پووشپەڕ لە سەقز بووم خۆم ئەگەیاندە سەر مەزارەکەی لە گۆڕستانە نوێکەی ئایچی. بەڵام ئەمساڵ نەمتوانی بچم و نووسیئی ئەم بابەتە و وەبیرهێنانەوەی، نامەی داوای لێبوردن بێت لەم کەمتەرخەمییەم.

شەو هات و ئەمن مەستی خەیاڵاتی کەسێکم

مەشغووڵی نەفەس گرتنی موشکین نەفەسێکم

لەم حوجرە، لەبەر پەنجەرە کەوتووم و دەخوێنم

بیعەینی دەڵێی بولبولی گۆشەی قەفەسێکم

نالی