کاتێ جێی دۆست و دوژمن گۆڕانی بەسەر دێت.
کاتێ جێی دۆست و دوژمن گۆڕانی بەسەر دێت.
چون دوست دشمن است، شکایت کجا بریم؟
سعدی
لە حەوتەی پێشوو و لە یەکێک لەناوچەکانی زۆر نزیک لە ئێمە، هەر لە پشتی ئەم تەپەوە، بەداخەوە دیسان مرۆڤ کوشتن، کوشتن بەشێوەیەکی .....انە. بۆچی ......انە؟ چونکوو:
مرۆڤ لە هەر کەس و لەهەر شت هەڵێت پەنا دەباتە ماڵ و ناو خاووخێزانی. تەنیا شوێنێک کە هەمیشە هۆی حەسانەوە و ئاسوودەیی بووە هەر ماڵە و ماڵە و ماڵ.
ماڵ تەنیا دار و بەرد و کەرەستە نییە بەڵکوو مەکۆی کۆبوونەوەی کەسانێکە کە بە ناوی ژن و مێرد و بە پێی قەرار و بڕیارێک دەچنە نێوی و دەبن بەماڵ. بڕیار دەدەن ببنە هۆی ئارامی و ئۆقرەیی بۆ یەکتر. ببنە سێبەر بۆ یەکتر لە گەرمای پڕووکێنەر. ببنە هەتاو بۆ یەکتر لە سەرمای سەرتەزێن. ببن بە یەک، یەکی دووانە. هەم ڕەنگی یەک بگرن هەم خووی یەک. بەڵام داخ و سەد داخ هەندێ جار ئەم مەکۆیە دەبێ بە شوێنی نائاسوودەیی. دەبێتە شوێنی هەڵاتن و بێئارامی. ئیتر نە باسی سێبەرەو نە باسی هەتاو. باس باسی شەوگاری شوومەساتی تەنیاییە. ئیتر نە باسی دڵ و دڵداری و دڵدانەوە کە باسی دڵرەقی و دڵڕەشی و دڵگڵاوییە.
هەندێ جار لایەنی بەرانبەر بۆ ئەوی دی دەبێتە دوژمن و ئیتر هیچ پێوەندییەک نامێنێ. هیچ شتێک بەیەکەوە گرێیان نادات و بەهەر شێوەیەک بێت بیر لە سڕینەوەی یەک دەکەن. خۆ ئەگەر بە پێی داب و نەریت و بە شێوازی مرۆڤێکی شارستانی دانیشن و کێشەکانیان یەکلایی کەنەوە و بڕیار بدەن ئەو بەڵێن و بڕیارەی کە پێشتر بە یەکیان دابوو، پێشتر واژۆیان کردبوو، ئیتر کاتی تەواوە و ماوەی بەسەرچووە ئەوە ڕووی جوانی ژانووسی ژیان و ئینسان دەبینین. بەڵام بە داخەوە لەم نموونە تازەدا، ڕووی ناحەزی ژانووسی ژیان و ئینسان دەبینین.
لێرە باس لە هۆکار و بکەر و بەرکار و دەستنیشانکردنی تاوانبار و بێتاوان نییە. لێرە فرمێسک هەڵڕشتن بۆ ئەو مرۆڤ و مرۆڤایەتییە کە کوشتن و سڕینەوەی ئینسان بە تەنیا چارە و بەباشترین چارە دەزانێ. ئەمە لە کاتێکدایە کوشتن لە ژێر هەر ناویک و بە هەر پاساوێک و لە لایەن هەر چین و تاقمێک، گەڕانەوەیە بۆ دۆخ و یاسا کۆنەکان.
ئەم ڕووداوە قێزەونە تازەیە جێی داخە بۆ هەموومان و جێی داخێکی زیاترە بۆ من. لەم شەڕەناوماڵییە ئەوەی کە تیا چووە مامۆستا بووە و هاوپیشەی من و ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە، ناسۆری برینێکی سی ساڵەی هێنایەوە سۆ. ئەو برینەی کە پاش سی و ئەوەندە ساڵ هێشتا داخی سەوزە. هێشتا لە بیر نەکراوە. چۆن ئەکرێ لە بیر کرێ.
من قوتابیی قۆناغی ڕاهنمایی بووم. بڕیار بوو بچین بۆ زەماوەندی خزمێکمان لە ئاواییەکی نزیکی سەقز. ئەو ئاواییەی کە دووساڵە جیهان ئەیناسێت. ئەی چی ئێوەش ئەیناسن.
هەواڵێکی جەگبڕ لە شار بڵاوە بووەوە:
کاک حسەین عەبدی مامۆستای زمانی ئینگلیسی قوتابخانەکانی سەقز کوژرا.
بەپێی تەمەنم نەمدەزانی و نەمدەتوانی بە تەنیا بچم بۆ گۆڕستانی ئەو کاتی سەقز. بەڵام چەن ساڵ ئەو لاپەڕە کاغەزەم هەڵگرت کە ئەو هەواڵە پڕووکێنەرەی تێدا نووسرابوو.
هەر لەو دەمەدا شیعرێکی شینگێڕی لەلایەن کاک نافیع عەلایی(نیا) کەوتە گوێ و بەرچاوی خەڵک. ئاوپرژینێک بوو بۆ سەر جەرگی هەڵقرچاوی ئەویندارانی ئەو مرۆڤە بەنرخە و توانی کەمێک لەو خەمەقورسە لەسەر شان سووکتر بکات.
نە ئەو کات و نە ئەم سی و چەند ساڵەش نەمزانی بۆچی و چۆن و لەلایەن چ کەس/ کەسانێک ئەنجام دراوە و گرینگیش نەبوو و نییە. ئەوە داخ بوو کە چرایەک خامۆش کرا. حسەینێکی تر کوژرا. عەبدێکی تری خوا بە دەستی عەبدێکی تر ژیانی کۆتایی پێهات.
" شەوە و شێواوە و بێ نەشئەو خەمینم
بەشینێ دادەڕێژم شیعری شینم
دەرۆ شینە، سەما شینە، شەم لە شینە
کە شادیش ئێستە هەر بەشداری شینە
لە شین لاوان شیاوی شینە وەک شەم
بە شینم شەق دەکەم شەو تاوەکوو هەم
خودایە بەزمی گوڵشەن بۆ خەمۆشە؟
چییە ساقی دەروونت وا لە جۆشە؟
ئەرێ موتریب مەگەر دەستت شکاوە
کە سازی بەزم و شادیت نایە لاوە
ئێستێ گەر کۆڕی ماتەم وا لە گۆڕێ
دیارە دەنگی سازی مەش دەگۆڕێ
نەسیم دەستت بنێرە ڕێکی ئەژنۆت
بە دەمیا دە ئەگەر گوڵ پێکەنی بۆت
لە شار ئەمڕۆ کە دەنگی ناڵە ناڵە
لە هەر لایەکەوە بەرزە سکاڵە
ئەوە ناڵەی قوتابی دڵپەرۆشە
بە مەرگی ڕێنوێنی دڵ بەجۆشە
دەڵێن گڵ تارە بۆیێ تێدەکۆشن
بە شیوەن تەرمی سووری دابپۆشن
شەپۆلی خەڵکە تابووتێکی پێیە
دەسا پێم بێژە کاکە تەرمی کێیە؟
مەگەر بێدەنگی بولبول ڕەوایە
کە ئەو تابووتە تەرمی وەی تیایە
لە گڵکۆکەت سەر دەربێنە کاکە
وەرە دەرست بڵێ بەو هەستە پاکە
بە یادت وا قوتابی دڵ بەخوێنن
کە هاتوون دەرسی سەربەرزی بخوێنن
کەلاسی دەرسەکەت بۆ چۆڵە هاوار؟
گەڕانی بۆچی وابوو چەرخی بەدکار
کتێب و گەچ چونکە بێنۆش و نازن
لە تەختەی ڕەش دەچن بەرگێک دەخوازن
سڵاو لەو زامی سینەی پڕ ئەوینەت
سڵاو لەو گۆڕە مەزڵوومەخەمینەت
سڵاو لە کتێبەکانی بانی دەستت
لە هەستی مەست و جامی خەستی دەستت
لە منزڵگە و هەواری چۆڵ و هۆڵت
لە ڕەنج و دەرد و بەرد و خاک و خۆڵت
ئێستێ نافیع بەوەی نەرم و نیانە
بە مەرگت کاکە مەرگیشت ژیانە
شێعر لای من