ئاوڕێک...

کاردۆ سادقی

(باران مێیە. باخچەکان مێن. سپی مێیەو سووریش نێرە)

ئەمە بەشێک لە شیعرێکی مامۆستا بێکەسە. ئەگەر ئێستە چاو لەو ڕستەیە بکەن زۆر کەم شتێک بۆ قسەوباس ئەبینن و شایەد ئەو شتەی من باسی لێوە ئەکەم کەس بیری لێ نەکردبێت. من یەکەم جار کە ئەم دێڕەم بینی سەرم سووڕما. ئاخر چۆن ئەبێ ئیمپراتووری شیعری جیهان سوور بە نێرییەتی بناسێ. سوور، ڕەنگی گوڵاڵە و گوڵزاری مێینەیە. ژن تەنیا ڕەنگی لە لێوە ئەدا با جوانتر بێتەوە. ژن پێی جوانترە کراسێکی سوور لە بەر بکا هەتا سپی یان ڕەش یا شین. تەنانەت ئەگەر شاعیرەکە بڵێت ئەی چۆن خوێن سوورە؟! ئەبێ بڵێیت خوێن نێر نییە. خوێن بە دەستی شمشێری نێرینەوە لە ڕەگ و جەستە ئەڕێژێت، هەر بەوجۆرە کە پیاوان ژنەکان لە سینەما و شانۆ و کتێبخانە و قوتابخانە دەر ئەکەن و ئەیانخەنە گۆشەی ماڵی تاریکەوە و بە دەستی هەتاوی مێینە وشک ئەبێت تاکوو بە خاکدا بچەسبێت و لە بیر نەڕوا و بەدەست بارانی مێینەوە ئەشۆرێتەوەو هەتاهەتایە لە ناو ئاوی شین و مێینەدا هەر بەردەوام بمێنێت و نائەهێڵێ لە بیری گوڵی سووری مێینە بڕوات و و کراسی ژنانەی سوور لە بیری بکاتەوە. ئەگەر ئەم وشە و ڕەستانە لە شوێنێکی مەسەلەن ژیر و عاقڵ بێژیت بێ قسەیەکی دیکە یەک قسە ئەکەن و ئیدی هیچ.

(در ادبیات، جملات انشایی قابل صدق و کذب نیستند).

ئەمە دەقی ئەو ڕستەیەس کە مامۆستای بەڕێزم لە وڵامی مندا وتی و وا دیارە بڕوای پێیە. واتە ئەگەر شاعیر وتی ماست ڕەشە، بڵێی(بەڵێ،تۆ ڕاس ئەکەی.) یان(بەه بەه،چەند شاعیرانەیە) یان ئەگەر شاعیر وتی هەموو کتێبێ بەکەڵکە ئەبێ تۆ بڵێی(ڕێک وایە و بەڵێ قوربان)و چەپڵەی بۆ لێ بدەی چونکە شاعیرە.

ئەگەر ئەم ڕستەیە درووست بێ، ئیدی ئەبێ دەرگای ڕەخنەو ڕەخنەگیری داخرێ و هەموو پۆستر و تابلۆوەکانی پڕۆپاگەندەی دێمۆکڕاسی لە ئەدەبیات و هونەر کۆی بکەنەو و بسووتێنن. واتە شاری نووسەر و شاعیرە سپیەکان ببێتە ناوەندی دیکتاتۆری و هەر نووسەر و هونەرمەند و موسیقار و شاعیرێک لە سەر دەفتەر و ماڵەکەی دێڕ و ڕستەو بەیت و تابلۆ و وێنە و مێلۆدییەکانی بنووسێتە سەر ئاڵایەک و لە تەواوی دەور و بەری لە سەر هەموو دێڕ و دیوارێک هەڵی بکات و بیانکاتە مارشێکی تاقانەو پەیکەری لێ بتاشێت جا ئەوکاتە لەو شارە فەرهیختەدا کەس شارستانییەتی لە بیر نامێنێت و خۆی ون ئەکات و دووبارە ئەبێ بە شاری ئابووری و پووڵ و پارە و چەک و گولە و تەعەسوب و درۆ و ڕامیارەوە.

بەڵێ ئیتر شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و دەق و گۆرانی ناتوانن بە جوانی خۆیان بناسن. دووبارە خنکان و بێدەنگی و ترس و خوێن لە سەر و جەستەی هەموو شارداسەر ڕێژ ئەبێ.

1402/1/1

2023/3/21