بۆ کۆچ و کۆچەکانی خزمێکی نزیک

ئەو کەسانەی کە تووشی چۆرتمێک دەبن:

ئێژن هەر ئی خواین و هەر بۆ لای ئەو دەچینەوە. بقرە، 156

ئەمڕۆ، یەکشەممە، بیست و شەشی ڕێبەندان هەواڵی کۆچی هەتاهەتایی سەییدێکم بیست. ئەو سەییدەی کە بۆ زیاتر لە چل ساڵە لە بیرەوەری مندایە. هەر کات ئەچوووین بۆ ماڵیان لە قۆچا‌ق بەیەکەوە یاریی دامەمان ئەکرد. هەموو کات بەردەنگی یارییەکەی خۆی بە برالە ناودەبرد. دەستەواژەیەک هەم بە مانای برای بچووک و هەم بە مانای برایەکی خۆشەویستە.

هەندێ جار بەئەنقەست یارییەکەی بە من دەدۆڕاند و پێموابوو توانایی منە لە یاریی دامە. دواتر تێگەیشتم ئەمە بەشێکە لە ئەزموونی گەورەکان لەپێناو پەروەردەکردن و کەسایەتی بەخشین بە بچووکەکان.

لە کاتی نەخۆشییە نەگریسەکەی کۆڕۆنا زۆر بەسەختی تووشیاری بوو. چەن جارێک لە ڕێگەی کاک هێمن و بە تەلەفوون ئاگاداری بارودۆخی بووم.

ئاخر جاریش کە دەرفەتێک پێشهات و چووین بۆ قۆچاق، ڕۆژێکی هەینی و کاتی نوێژی جومعە بوو. لە خزمەت بەڕێزیان و باوکم چووین بۆ مزگەوت. بەپێی پێشبینییەکان و بە پێی موناسەبە و بۆنەی ئەو حەوتەیە مامۆستا لاپەڕەیەکی تایبەتی لە دەفتەرەکەی خۆی بۆ بەشداربووان خوێندەوە و وتاری خۆی پێشکەش کرد.

ئەوە ئێستە لێرەوە لە سنەوە، لە ڕێگەیەکی دوورەوە بەڵام بەدڵێکی نزیکەوە و هاوکات خەمبار، لەخزمەت خوشکی گەورە و بەڕێزم دادە عایشە سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستە دەکەم. خوا سەبوورییان پێ ببەخشێ بەو و بە کاک هێمنی خۆشەویست و دادە هومای بەڕێز و هێرۆی ئازیز و خوشکە خەدیجە.

هەروەها هاوخەمیی خۆم دەردەبڕم بۆ تەواو برا و برازاکانی سەیید ئیسماعیل و تەواو کوڕان و کچانی ماڵی خوالێخۆشبووان سەید عەلی موجتەباپەناه و سەیزادە زیبای موعەتتەر.

يا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا اسْتَعِينُوا بِالصَّبْرِ وَ الصَّلاةِ إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ

ئەی گەلی خاوەن باوەڕان! پەنا بەرنە بەر نوێژان و خۆڕاگر بن؛ خوا دەگەڵ خۆڕاگرانە.

بقره 153