ئه‌علا مه‌قامه‌ن، مه‌قام پیری
ئه‌علا مه‌قامه‌ن، مه‌قام پیری
(بە یادی باوە، باوە حەمەساڵە، خاڵۆ حەمەساڵە)
لە مێژە بیستوومە و بیستووتانە کە بە کەسانێک دەڵێن: بزرگ خاندان.
ئەوەی ڕاسی بێت تا ئێستا زیاتر ئەم چەمکە دوو وشە بووە لە لای من. بەڵام لە دوێنێوە زانیم ئەم دوو وشەیە هەڵگری چ شوناس و چ بارێکی قورسی مەعنەوین.
باوە حەمەساڵە، باوەگەورەی خوشکەزاکانمە(سیما، سینا و سۆژین). بەڵام بۆ هەمووشمان باوەگەورە بوو. ئەم باوەگەورەیە نموونەیەک بەرچاو و ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر بوو لەو پەندە پێشینیانە کە دەڵێ: ئەگەر لە ماڵتا پیر نەبوو، بڕۆ پیرێک بسێنە.
نموونەیەک بوو لە شیعرەبەرزەکەی خانای قوبادی کە دەڵێ باڵاترین مەقام مەقامی پیرییە. دەڵێ ئەگەر لە ئادەم تاکوو خاتەم بێنیتە بەرچاوت، لە گەورەیی پیری خاترت جەم دەبێ. بڕوانە بۆ ئیبراهیمی خەلیل کە بە پیری مرد و بە ڕیشەسپییەکەی شانازیی ئەکرد و لەقەبەکیشی شێخولئه‌نبیا بوو. پیری ئابڕووی سەرزەوییە و ڕاهنمایە و ڕێگەی دینتە. پیری ئەوەیە کە بیر و بۆچوونی خراپ قەبووڵ نەکەی.
لە هەموو گرینگتر: پیری لوتفی تایبەتی خوایە و به زۆر و زه‌ڕ نییە. پیری حەقیقی ئەو پیرەیە کە وتەکان و قسەکانی، بە وێنەی نەقش لە دڵ جێگیر بێ.
شوکر ئەم باوەگەورەمان یەک لەو پیرانە بوو کە هەموو شتیکی لە جێی خۆی بوو. قسەکانی بەنرخ بوو. ڕووداوەکانی سەردەمی هاتنی بارزانییەکانی بۆ ناوچەی سەرا و قارەوا لە بیر بوو. سینگی پڕ بوو لە بیرەوەرییەکانی ئەو سەردەمە و بە سینگفراوانییەوە بۆمانی باس دەکرد.
ئاگاداری هەموو مناڵ و نەوەکانی بوو. سەردانی دەکردن و لە هەر شوێنێک ببوایە کارێکی کردبوو ڕێزی لێ بگیرێت. نە بە هۆی ئەوەی کە باوکە یان باوەگەورەیە یان خەزوورەیە بەس لە بەر ئەوەی جێگە و پێگەی خۆی و ڕێوشوێنی هەموو قسەیەکی دەزانی. تەنانەت لە مناڵان‌یش وەک کەسی گەورە ڕێزی دەگرت.
ڕاستە بە جەستە لای مناڵەکانی نەماوە و خەمێکی قورسی بۆ بەجێهێشتوون. ڕاستە ئەم خەمە تەنیا خەمی سیما، سینا و سۆژین نییە. ڕاستە تەنیا خەمی کوڕەکان و کچەکان و نەوەکان و نەتیجەکانی نییە بەڵکوو خەمی هەرکەسێکە ئەم پیرەی ناسیبێت.
بەڵام ئەم خەمەی ئەم هەمووە مرۆڤە بەوە ئارام دەگرێ و بەوە سووکنایییان دێت کە پیرەکەیان پیر بوو. پیرێکی بەڕێز، پیرێکی بەحورمەت، پیرێکی گەورە، پیرێکی بزرگ خاندان.
لە خوای پەروەردگار داخوازم جێگای بەهەشت بێت و خوا سەبووری ببەخشێ بە کوڕان و کچان و وەوییەکان و زاواکان و نەوەکانی باوە حەمەساڵە و بەو کەسانەی کە ناسییان و لە مەجلیسیا دانیشتن و گوێیان لە وتەبەنرخەکانی بوو.
خوات لەگەڵ باوە گەورە، گەورەی خانەدان.
م.س.
30 اردیبهشت 1404
بەشێ لە نامەشیعرییەکەی خانای قوبادی:
نیسبه‌ت زوڵمه‌ت دای به نام پیری
ئه‌علا مه‌قامه‌ن، مه‌قام پیری
باوه‌ر به نه‌زه‌ر، ئاده‌م تا خاته‌م
جه فه‌زڵ پیری خاتر بکه‌ر جه‌م
ئیبراهیم خه‌لیل جه دنیای فانی
وه پیری به‌رشی، وێت باش مه‌زانی
وه ڕیش سفید ئیفتیخار که‌رده‌ن
له‌قه‌ب شێخولئه‌نبیا به‌رده‌ن
پیری ڕاهنوما، ڕاگه‌ی دینته‌ن
پیری ئابڕووی سه‌رزه‌مینته‌ن
پیری ڕای به‌دی قه‌بووڵ نه‌که‌رده‌ن
ڕاهنمایی حه‌ق تا وه ڕۆی مه‌رده‌ن
پیری هه‌ر به لوتف خاسه‌ی ئیلاهین
نه‌ک به زۆر و زه‌ڕ، به خاترخواهین
که‌وابوو ئه‌و پیر، حه‌قیقه‌ت پیر بۆ
واته‌ش وێنه‌ی نه‌قش نه دڵ جاگیر بۆ
سه‌رچاوه: دیوانی خانای قوبادی، کۆکردنه‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌ی کاروان عوسمان خه‌یات، سنه، شوان، 2016.
شێعر لای من