من وەک سالڤادۆر دالی نیم بڵێم" هەندێک ڕۆژ لە خۆشبەختی و ڕەزامەندییا خەریکە گیانم دەردەچێت". هیچ شتێک بە ئەندازەی ئومێدی ساختە و بێبنەما ترسناک نییە. ئێمە ڕستێک ئومێدی ساختەمان هەیە، کە زۆر جار خۆمانی پێ فریو دەدەین، حەز دەکەم بەر لەوەی باس له ئومێد و نائومێدی بکەین، شتێک لە سەر ئومێدەساختەکان بدوێم، لە سەر هونەری خۆفریودان. یەکێک لە هەرە دیاردە ترسناکەكان ئەوەيە لە منداڵييەوە فێركراوين ئومێد خۆبەخۆ، بێ هیچ کارێکیتر هێزێکی گەورەمان دەداتێ. ئەمڕۆش ئەو ڕەوشەی پێیدەگووترێت «گەشەپێدانی مرۆیی» هـەر درێژکراوەی هەمان فریو و درۆ و دەلەسەیە کە گەمژەکان بۆ خۆخەڵەتاندن و خۆكوێركردن لە ئاستی واقعدا پەنای دەبەنە بەر. هەموو هەوڵی ئەم بۆچوونە ئەوەیە بیسەلمێنێت هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، مێژوویی، ئابووریی، سیاسی ڕۆڵێکی ئەوتۆ لە سەرکەوتن و ژێرکەوتنی مرۆڤەکاندا نابینن. ئەوەی گرنگە هیوا و بڕوابەخۆبوون و کۆکردنەوەی وزەی پۆزەتیفە. ئەم بۆچوونە کاتێک سەبارەت بە هیوا دەدوێت تەواوی هەلومەرجەکانیتر فەرامۆش دەکات، تێگەیشتنێکی چەواشەو وێنەیەکی فریودەر بەرهەم دەهێنێت. قسەكردن لە هیوا ئەگەر بە ناو خوێندنەوەی هەموو هەلومەرج و فاکتەرەکۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەکاندا تێنەپەڕێت، جۆرێکە لە«داڕووی بێهۆشکردن»، شێوەيەكە لە ئەفیون، كە كۆلكە خوێندەوارەکان دەیخۆن تا خۆیان گەورە و کارامە ببینن. وەک ژیژیک لە جێگایەكدا دەڵێت" ئیشی فەلسەفە ئەوە نییە پێت بڵێ تۆ چەندە بەهێز و بەختەوەری، ئیشی ئەوەیە تێتبگەینێت تۆ لە چ بەدبەختییەکدا دەژیت".

ئێمە چیتر لە سەردەمی عاتیفە و حەماسەتی ڕووتدا ناژین. دوژمنانی ئێمە ئەمڕۆ سەدان جار لە جاران بەهێزترن. لەگەڵ هاتنی سەدەی بیستویەک و سەرهەڵدانی جەنگی تەکنۆلۆژی و بەهێزبوونی ئامێرەکانی جەنگدا جۆره جەنگێکی نوێ سەری هەڵداوە کە سنووری توانا تایبەتی و لۆکاڵەکانی میللەتان تێدەپەڕێنێت. بۆ میللەتێکی وەک کورد ئەم جەنگە جەنگێکی سەرتاسەرە. هیوا دەبێت لە سەر ڕوانینێکی بەردەوام بۆ پاشەڕۆژ دامەزرابێت، هەر کەسێک خوێندنەوەی وردی بۆ پاشەڕۆژ نەبێت و نوقمی رابوردوو بێت ناتوانێت باسى هيوا بكات.

هیوا ئاڕاستە وەرگرتنێکی ستراتیژییە لە داهاتوو، هیوا ئەوە نییە تا بينەقاقا لە قوڕاودا نوقم بێت و بڵێیت "حالم باشه، عەيبم نييه". ئەوە گەمژەییه، ئەوە بێهۆشبوونه، ئەوە سڕبوونە. ئەوە پەرچەکرداری مرۆڤی کۆلۆنیالیزەکراوی بەنجکراوە، تا بە هیوایەکی درۆ دڵی خۆى ئاسوودە بكات و نەتەقێتـەوه، هيـوا ئەوەیە بەدبەختییەکەی خۆت ببینیت و بە هۆشیارییەوە کار بکەیت لێی بچیتە دەرێ. ئێمە لە هەموو ئاستەكاندا لە ڕابوردوودا دەژین، لێرەوە قسەكردن لە هيوا جۆرێكە لە خۆفریودان. چەپەکانمان، ناسیۆنالیستەکانمان، دینییەکانمان، لیبراڵەکانمان تێكڕا لە ڕابوردوودا دەژین. لە ڕاستیدا نائومێدی تاکە ڕێگایەکە بۆ ئەوەی تێبگەین ئێمە لە تونێلێکی داخراودا بە ئاڕاستەیەکی هەڵە دەڕۆین. نائۆمێدیی ئێستا تاکەکەرەستەی ئاگادارکردنەوەیە، تاکە زەنگێکە بشێت بە دەنگی بەرز پێمان بڵێت ئێمە بەرەو خەرەندی مێژوو دەڕۆين.

ل. ، 114-115

سەرچاوە: هێماکانی دونیای ڕۆمان(لە مەرگی تاقانەی دووهەمەوە تا نەفرەتی نەوبەهاران)، گفتوگۆ لەگەڵ بەختیار عەلی، نەبەز گۆران، سلێمانی: ڕەهەند، 2024.