ئەردەڵانی سۆفی گووتی: من کەسی ترم نەبوو سامیری بابلی. کەسی ترم نەبوو. دەزانی کوشتنی منداڵێک لە چی دەچێت؟ لە کوشتنی خودا دەچێت. شەش ساڵە بەردەوام بیر لەوە دەکەمەوە کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟ کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟ شەو و ڕۆژ بە ڕەشەباکاندا ڕادەکەم و دەڵێم کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟ لە ڕێبوارەکان دەپرسم کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟ لە کڕیاری دووکانە بچووکەکەم دەپرسم کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟ ئێستا جەنابی نەقیب تۆ پێم بڵێ کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟

سامیری بابلى لە شوێنى خۆی سەری داخستبوو. زۆر بە نزمی گووتی: من نەقیب نیم.

ئەردەڵانی سۆفی دەستی دا بە مێزەکەدا و بە تووڕەییەوە گووتی: کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟...ها.. کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟

ئینجا سەیری هەموو دانیشتووەکانی کرد و بە هێمنییەکەوە کە زۆر لە تووڕەبوونی پێشووی جیاواز بوو، گووتی: ئێوە کەستان دەزانن کوشتنی منداڵ یەعنی چی؟

من گووتم: یەعنی گوێنەدان بە هیچ شەریعەتێک.

بە نارامییەوە گووتی: نا مامۆستا نا...

ئینجا دەنگی نزمکردەوە و وەک ئەوەی نهێنییەک بە چرپە بدرکێنێت گووتییەوە: یەعنی کوشتنی خودا، کوشتنی سڕى خەڵق، من فەقێ بووم، دینم خوێندووە، مەلایەتیم کردووە. لە بەر ئەوە دڵنیام ... کوشتنی خالق جیایە و کوشتنی مەخلووق جیایە. کوشتنی منداڵ دەچێتە خانەی کوشتنی خالقەوە نەوەک بچێتە خانەی کوشتنی مەخلوقەوە.

ل. 670-671

سەرچاوە: شاری مۆسیقارەسپییەکان، بەختیار عەلی، سەقز: خانی،1396.

#نیان-چەلەبیانی