باوک و دایکی بەختیار عەلی لە دووتۆی پرسیار و وەڵامدا

پرسیاری 17

دەکرێت لە بارەی باوکتەوە بدوێیت، بە هۆی ئەوەی کەسایەتییەکی دیار و ناسراوی شاری سلێمانی بووە. بە هۆی سیاسەتەوە بەردەوام ڕەوانەی بەندیخانە کراوە و لە دۆخیکی نالەبار و ناهەمواردا ژیاوە، دەکرێت باسی یادەوەرییەکی خۆت بکەیت لەگەڵ باوکتدا. چ لەو کاتانەی کە لەناوتاندا بووە یان لەو کاتانەی لە بەندیخانەدا بووە؟

وەڵامی پرسیاری 17

باوکم پیاوێکی شۆڕشگێر بوو کە هەرگیز شۆڕشی ڕاستەقینەی خۆی نەدۆزییەوە. وەک ملوێنەها لە خەڵک کە باوەڕیان بە کۆمۆنیزم هێنا باوەڕی بە کۆمۆنیزم هەبوو. پێموایە تا کۆتاییش باوەڕی بە کۆمۆنیزم هەبوو، بەڵام هیوای پێی نەمابوو. ئێجگار سەختە باوەڕت بە ئایدۆلۆژیایەک هەبێت و هیوات پێی نەبێت. باوکم باوەڕی بە لایەنە شۆڕشگێڕییەکەی مارکسیزم هەبوو، مارکسیزم لای ئەو تا ئەو جێگایە نرخی هەبوو ببێت بە فەلسەفەی شۆڕش.

خۆی لە جەوهەریدا جووتیار بوو، لە منداڵییەکی زووەوە باوکی مردبوو، هەژارییەکی زۆری دیبوو، زوڵمی زۆر گەورەی چێشتبوو. گەرچی ڕیشەیەکی شێخانەی هەبوو، گەرچی سەر بە خێزانێک بوو بە حیسابی ئەو سەردەمە بە خانەدانەکانی ئەو زەمانە حیساب دەکران، بەڵام هەست دەکەم لە منداڵیدا فەرامۆشی و بێکەسییەکی زۆر قووڵی دیبێت کە تەواو ئینتیمای چینایەتی تێدا گۆڕیبوو.

بە وردی نازانم بەڵام دڵنیام حەوت ساڵ زیاتری لە بەندیخانەدا بردبووە سەر. لە سەردەمی قاسمدا کەوتبووە زیندان. کە کۆدێتای ڕەشی هەشتی شوبات دەبێت، ئەو لە زیندان دەبێت. بەعسییەکان لەو کاتەدا ژمارەیەکی زۆر لە شیوعییە گیراوەکان تیرباران دەکەن.

لە شاری مۆسیقارە سپییەکاندا، لەو دیمەنانەدا کە باس لە کۆدێتای فاشیستەکان دەکەم، کاتێک دکتۆر بابەک ڕاپێچدەکەن و بەجۆرێک لە موعجیزە ڕزگاری دەبێت، وێناکردنی فەزای ئەو کاتانەم لە گێڕانەوەکانی ئەوەوە وەرگرتبوو. ئەو خۆی لەوێ بوو، زۆر جار بە وردی فەزا و ترسی ئەو ڕۆژانەی وەسف دەکرد.

لە دوای هەرەسی حەفتاوپێنجیش کاتێک بەر لێبوردنی ئەو سەردەمە کەوت و گەڕایەوە، دوو حوکمی بیست ساڵ و حوکمێکی سێدارەی لە سەر بوو. یادگارییەکانی منداڵی من لەگەڵ باوکمدا زۆربەی گرێدراوی پەلاماردان و گرتن و هاتنەسەر و ئەو شتانە بوو. ئەو یەکێک بوو لەو شیوعییە کەمانەی زۆر باوەڕی بە شۆڕشی چەکدار هەبوو. بە هۆی ئەو بڕوایەوە هەم بەر دەسەڵاتی پارتییەکان دەکەوت کە ئەو دەمیش حیزبێکی یەک جەمسەر و پاوانخواز بوون، هەم بەر دەسەڵاتی حکوومەت. دەبوو بەردەوام ئاگادار بێت نەکەوێتە بۆسەی هیچ لایەکیانەوە.

چیرۆکی ئەو گرفتانەی ئێمە وەک خێزان، بە هۆی دۆخی باوکمەوە تووشی بووین، کۆمەڵێک چیرۆکی زۆر دوورودرێژە کە هەر یەکەیان بەسەرهاتێکی سەربەخۆیە بۆ خۆی. بە داخەوە هەر یەکەیان چەند لاپەڕەیەکی دەوێت و باسکردنیان لێرەدا سەختە. بەڵام شتێک هەرگیز لە بیرم ناچێتەوە، ئەو نیوەڕۆیەیە کە دوای ڕاگەیاندنی هەرەسی ساڵی 1975 باوکم گەڕایەوە بۆ ماڵێ. پیاوێکی ڕەشداگەڕاوی تا سەر ئێسقان ماندوو، ڕووخاو، نائومێد، لە هەیوانەکە دانیشت و دەستیکرد بە گریان. پیاوێک بوو بە ئازایەتی و ئیرادە ناسراوبوو. لە بەر ئەوە کەسمان فرمێسکەکانی ئەو نیوەڕۆیەی ئەومان لە یاد نەکرد...لەو ساتەوە شۆڕش لە ژیانی ئەودا تەواو بوو. پیاوێک بوو بیست ساڵ بە ڕۆح و دڵ بۆ شۆڕشێکی ڕاستەقینە گەڕابوو تیا بەشدار بێت نەیدۆزیبووەوە. لە کاتی ڕاپەڕیندا باوکم بۆ چەند ساعەتێکی کەم ئەو شۆڕشەی دۆزییەوە کە بەدرێژایی ژیانی بۆی دەگەڕا... بەڵام وەک دەڵێم تەنیا بۆ چەند ساعەتێکی کەم.

ئێستا کە بیری لێدەکەمەوە، هەست دەکەم لەو جۆرە شۆڕشگێڕانە بوو کە تووشی وەهم نابن. لە ساتێکدا هەستی کرد ئەو جەنگ و شۆڕشانەی دەوروبەری هیچیان ئەو شۆڕشە نین ئەو بۆی دەگەڕێت. ئیدی خیانەتی لە بیروڕا و قەناعەتە شۆڕشگێڕەکانی خۆی نەکرد. نە شۆڕشی کرد بە پیشە، نە کردیشی بەو دووکان و کاسبییەی ئەمڕۆ دەیبینن. سیاسەت لای ئەو پیشە نەبوو. هەست دەکەم زۆر ڕقی لەوانە بوو سیاسەت وەک پیشە سەیر دەکەن. دەیزانی زۆر خەڵک هەن قەناعەتیان بە هیچ شتێکی ئەو بزاوتە سیاسییانە نییە کە تیا چالاکن، بەڵام لەبەر ئەوەی سیاسەتییان کردۆتە پیشە هەر بەردەوام دەبن... کەیفی بەو جۆرە کەسانە نەدەهات.

من تا تەمەنم بوو بە پازدە ساڵ، پچڕپچڕ باوکم بینیبوو. ساڵێ مانگێک یان دووان. وەکوو بیروڕاش زۆر زوو لە یەکدی جیا بووینەوە. من لە تەمەنی حەڤدە ساڵییەوە کەوتمە خوێندنەوەی کامۆ و سارتەر و فڕۆید و مارکۆزە، نیگای سوریالییەکان بۆ ئەدەب و ژیان زۆر کاریان تێکردم، دواتر خوێندنەوەی ماغوت و ڕامبۆ تەواو منیان خستە سەر جۆرە خەتێکی تر. کاتێک دەمبینی مارکسییەکان هەموو فەلسەفەکانی دونیا ڕەتدەکەنەوە، بە بیروڕای بۆرژوا و وردەبۆرژوا لە قەڵمیاندەدەن، پێم قەبووڵ نەدەکرا. تا ئێستاش دەمێک مارکسییەکی لەو جۆرە دەبینم، ناتوانم گوێی لێبگرم.

باوکم مارکسییەکی دۆگمائی نەبوو. بەڵام وەک هەموو مارکسییەکانی دونیا بڕوای وابوو مارکسییەت ڕۆژێک لە ڕۆژان سەرمایەداری دەڕووخێنێت. ئەو ڕووخانەش پرۆلیتاریا دەیکات و حیزبێکی لێنینی ڕابەرێتی دەکات، بەڵام من لەوەدا بەرچاوم ڕوون بوو، دەمزانی ئەوانە قسەگەلێکن لەولا خورافاتیشەوە وەستاون... من ڕۆژێک لە ڕۆژان باوەڕم بە جۆرە تێزێکی وانەبووە.

لە ساڵانی دوای ڕاپەڕین بەردەوام کۆڕمان دەگرت، چالاکییەکی زۆرمان هەبو.

ڕۆژێک لە بازاڕ کەسانێک دەیگرن و هەڕەشە لە من دەکەن. پێیان گووتبوو وازبهێنێت بۆ خۆی باشترە. کە ئێوارە گەڕایەوە زۆر تووڕە و بێتاقەت بوو.

بانگی کردمە ژوورێکی تایبەت و پێی گووتم:

"کوڕم تۆ چی دەکەیت، وا هەڕەشەت لێدەکەن؟"

من نەمزانی چی وەڵام بدەمەوە.

گووتی:

"هەرچییەک دەکەیت بیکە، بەڵام لە خەڵکی جاهیل مەترسە... چونکە زۆر زۆرن. گەر لەوان دەترسیت لە ئێستاوە وازبهێنە و بۆ ئیشێکی تر بگەڕێ. بڕۆ کاسبییەکی تر بکە."

دواتر سەیریکردم و گووتی:

"دەترسیت؟"

گووتم: "ناترسم، بەڵام خۆشیش نییە لە خۆڕا کەس هەڕەشەت لێبکات."

پێکەنی و گووتی:

"من بە جۆرێکی وەها وەڵامم دانەوە، دڵنیام ئەمشەو لە ترسا ناخەون."

دواجار لە یادمە دەستی خستە سەر شانم وگووتی:

" ئەوانە جارێکی تر نایەنەوە سەر ڕێگای من. بەڵام ئەگەر دەتەوێت کارێکی گەورە بکەیت دڵنیا بە گەمژەکان هەموو ژیانت دێن سەر ڕێگای تۆ و ڕێگات پێدەگرن. جار و دوو جار نا. هەموو ژیانت."

ئەو وەرزشکار بوو. تا کۆتایی ژیانی وەرزشی دەکرد. ئەو لە ساڵی 1995 لە کاتێکدا من لە دیمەشق بووم، بە هەفتەیەک پێکەوە لەگەڵ ماممدا کۆچی دواییان کرد. بەڕاستی ئەو قوربانی سەردەمێک بوو نە دەرمان هەبوو نە چارسەری پزیشکی ڕاستەقینە. دەکرا زۆر زیاتر بژی. ئەو تەواو بە پێچەوانەی منەوە باڵابەرز و بەهێز بوو. گومانی زۆری هەبوو من لە شەڕدا دەرقەتی کەس بێم. لەوەشدا لە سەر هەق بوو.

کاتێک لە سەرەتای هەشتاکاندا من بریندار کرام و گیرام زۆر سەغڵەت بوو. کاتێک بەر بووم لە بەر دەرگای ژووری ئەفسەرەکەی ئەمن چاوەڕوانی دەکردم، دوای باوەشکردن بە یەکدا یەکەم قسە گووتی:

" کوڕم! من لە ژیانمدا لەوانەیە تەنەکەیەک فیشەکیان پێوە نابم، قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان گوللەیەکم بەر نەکەوت، تۆ بۆ یەکەم فیشەک بەرکەوتیت؟"

پێکەنیم و گووتم:

" لە بەر ئەوەی خۆت دەزانیت من هەمیشە لە شوێنێکی خراپدا دەوەستم، شوێنێک گووللەکان بە ئاسانی بۆم دێن."

زۆر دڵی خۆش بوو کە بەر بووم. لەو ساڵانەشدا زۆر دڵی بە شیعرەکانم خۆشبوو، زۆر شادمان دەبوو کە بە باشە ناوی دەبیستم. ئێستاش کە کتێبێکی نوێم دەردەچێت، بیری لێدەکەمەوە و دەڵێم ئەفووس لێرە نییە بیبینێت. زۆر حەزی لە ڕۆمان بوو، بەڵام سەد موخابن فریا نەکەوت هیچ ڕۆمانێکی چاپکراوی من بخوێنێتەوە.

پرسیاری 18

کاک بەختیار حەز دەکەم زیاتر قسەمان دەربارەی باوکت بۆ بکەیت. باوکت لە کەیەوە و چۆن پەیوەندی کردبوو بە حیزبی شیوعییەوە؟

وەڵامی پرسیاری 18

باوکم بەر لە لەدایکبوونی من بە چەند ساڵێک شیوعی بوو. باوەڕ ناکەم باوکم بە عەقڵییەتی ڕۆشنبیرێک چووبێتە ناو حیزبی شیوعی. جۆرە کۆمۆنیستێک هەستێکی قووڵ بە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی بزواندبووی، گیانێکی یاخیگەری کردبووی بە کۆمۆنیست. خواستی تاکبوونەوە و دەرچوون لەو ژینگە فیوداڵییە پڕ لە زەجرە بەرەو مارکسیزمی بردبوو. من هەندێک جار پێمدەگووت تۆ کۆمۆنیستێکی وجوودیت. هەستم نەدەکرد ئەوە زۆر سەغڵەتی بکات.

زۆر منداڵ دەبێت کە دەکەوێتە بەر ئیشی زۆر قورس، باپیری لە دایکەوە موڵکدارێکی گەوە دەبێت کە موڵکەکانی خۆی هەموو بە سەر کوڕەکانیدا بەشدەکات و شتیکی ئەوتۆ نادات بە کچەکان. بە ناچاری لە بەرزنجەوە دێتە شار بۆ لای پوورێکی خۆی بۆ خوێندن. تا شەشی سەرەتایی دەخوێنێت، لە بەدبەختیدا زۆر زوو ئەو پوورەی دەمرێت. ئیتر ناچار دەبێت لە بری خوێندن بچێتە سوپاوە تا ژیانی خۆی و خوشک و براکەی و دایکی زامن بکات.

لە سوپا چەرمەسەریی زۆر دەبینێت. کەسێکی یاخی و ملنەدەر بوو، هەر لەوێ کەم کەم بە ئەدەبیاتی شيوعييە عيراقييەكان ئاشنا دەبێت. دوا جار بە هۆی دەمەقاڵێیەکەوە لەگەل مودیری تەجنیدی ئەو زەمانەدا لە سوپا دەریدەکەن.

کاراکتەرێكە زۆر لە "مارتن ئێدن" ی جاک لەندەن یان لە "ماک مێرفی" لە ڕۆمانە بەناوبانگەکەی "کن کیسی دا"، "فڕین بە سەر هێلانەی قومری"دا دەچێت. دەچێتە هەر شوێنێک هەناسەیەکی یاخیبوون لەگەڵ خۆيدا دەبات. لە هیچ جێگایەک لەگەڵ سەردەستەکانیدا تەبا نابێت. ئەو ڕۆحە پڕ یاخیبوونەی، ئەو گەنجێتییەگەرمەی بەرەو باوەشی کۆمۆنیزمی دەبەن... وەک دەڵێم ئەو لەوانە نەبوو کۆمۆنیزم فێری شۆڕشی بکات. تەواو بەپێچەوانەوە شۆڕشگێڕێک بوو کۆمۆنیزمی وەک کەرەستە بەکار دەهێنا.

بەدرێژایی هەموو ئەو ساڵانەى لە حيزبى شیوعی و قيادەی مەرکەزییدا بوو هەوڵیدەدا ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانە بە بەری كۆمۆنيزمدا بكات. شۆڕش لە لای چەمکی سەرەکی بوو نەوەک شیوعییەت. هەر لە بەر ئەوەش بە هەموو جۆش و خرۆشێكەوە لەگەڵ قیادەی مەرکەزیدا ئیشیكرد و ئەو هێڵەپاسیفەی لایەنگرانی سۆڤێتی رەد دەکردەوه.

بەکورتی ئەوەی باوكمى لەوانی دی جیا دەکردەوە ئەوە بوو، باوکم شۆڕشگێڕ بوو نەوەک سیاسی. ئەم جیاکارییە زۆر گرنگە، ئەوەی مرۆف سیاسی بێت و شۆڕش وەک تاکتیکێکی سیاسی تەماشا بکات شتێکە و ئەوەی مروڤ شۆڕشگیر بێت و سیاسەت وەک پڕۆسەی مۆراڵیزەکردنی شۆڕش تەماشا بكات شتێکی تره. ئەو لە جۆری دووەم بوو.

پرسیاری 20

هەمیشە کە پیاوەکان دەچنە ناو سیاسەت و شۆڕش دەبێت بە خەونێکی گەورەیان و لەگەڵ هەموو ئەو ئاوارەیی و شەڕ و زیندان و دەربەدەرییەی تووشیان دەبێت بەشێکی زۆری مەینەتی و بەدبەختییەکان بە جێ دەهێڵن بۆ هاوسەر و منداڵەکانیان. بەو پێیەی ئێوەش خێزانێکی قەرەباڵغ بوون و بە هۆی چالاکی سیاسییەوە باوکت بەردەوام لە زینداندا بووە و لەم حاڵتەدا هەموو كێشە و ناخۆشییەکان ڕووبەڕووی کەسی یەکەمی خێزانەکەتان (دایکت) دەبووه، دەکرێت باسی دۆخی ئەو ڕۆژگارەی دایکت بکەیت و وێنەیەکی کەسایەتی ئەو و ڕۆڵی لە ماڵەوەدا بخەیتە ڕوو؟

وەڵامی پرسیاری 20

لە ساڵى ١٩٦٧ ـەوە بو ساڵى ۱۹۷۵ زۆربەی کاتەکان باوكم لە دۆخى خۆشاردنەوەدا دەژیا. قورسایی بەخێوکردنی ئێمە وەک دابینکردنی بژیویی کەوتبووە سەر شانی مامم. بەڵام ئەو دۆخە فشارێکی گەورەش بوو لە سەر دایكم. دايكم هەمیشە ژنێکی بە سەبر و هێمن بوو بەڵام ژیانمان لەوە قورستر بوو بێكێشە تێبپەڕێت. لە منداڵیی مندا دایکم هەمیشە بە دەست بێخەوییەکی زۆرەوە دەیناڵاند، زۆربەی شەوان تا بەیانی بە خەبەر بوو، ئەوە ژیانی زۆر لێ تاڵكردبووین. هەڵبەت ئاسان نەبوو ژنێک بە پێنج منداڵەوە بەردەوام لە مەترسیدا بژی. ئەوە فشارێکی وەهای بۆ دروستکردبوو تووشی سەرئێشە و بێخەوییەکی بەردەوام بووبوو.

ئەوەی تا ئێستا بە ڕوونی لە بیرمە ئەوەيە جارێك لە سەر باوكم زیندانیان کرد لە ساڵی ۱۹۷۲ دا بوو. لەو كات سلێمانی لە ژێر دەسەڵاتی پارتیدا بوو. شەوێک بوو، هێزێکی زۆریان ناردە سەر باوكم بيگرن يان لەوێدا بیكوژن. باوکم چاوەڕوانی شتی وا نەبوو، چونکە لەو سەردەمەدا قیادەی مەرکەزی و پارتی هاوپەیمانێتیان هەبوو، بەڵام بەرپرسەکانی پارتی لەو ناوەدا کۆمەڵێک ئاغەوات بوون. هەر کەسێکی چالاکیان بدیبایە سەر بە پارتی نەبێت دەیانویست لە ناوی ببەن.

ئەو شەوە دوای شەڕە تەقەیەکی زۆر بەرپرسی هێرشەکە کابرایەکی معاون بوو بە ناوی کامیل، بریندار بوو، بەڵام باوکمیان بۆ نەگیرا. ئیدی لە تۆڵەدا هەموومانیان زیندان کرد. شەوێکی باران بوو، پۆلیسی ئەو سەردەمە هەموومانیان بە پێخاوسی لە ماڵەوە تا ناو سەرا بە پێ بە ناو قوڕ و باراندا ڕاکێشا. ئەو كات ماڵمان لە سەر شیوێک بوو لە پشتی دارۆغاوە. شوێنێک بوو بۆگەناوێکی زۆری تێدا کۆ دەبووەوه، دوایی ناوی سەددەکەی بەسەردا بڕا. ئەو کات دایکم بە تارای خوشکم دووگیان بوو.

لەو سەردەمەدا کەماڵی شێخ غەریب بەڕێوەبەری پۆلیس بوو. سەرەتا ویستی هەموومان بخاتە تەوقیفەوە، بەڵام خەڵکانێکی زۆر کەوتنە کار تا منداڵەکانی بەرەڵاکرد، بەڵام ماوەیەکی درێژ دایکمی بە دووگیانی خستە زیندانی ژنان. کولتووری گرتنی ژن لە سەر مێردەکەی، کوشتنی برا لە سەر براکەی، ئیهانەکردنی باوک لە سەر کوڕەکەی، بەعس داینەهێنا وەک ئەمڕۆ بە درۆ بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکوو زۆر لە پێش بەعسدا، حيزبە كوردييەكان خۆیان دایانهێنا. جەلالی و مەلایی دایانهێنا. دایکم یەکێک بوو لە یەکەمین قوربانییەکانی ئەو کولتوورە فاشيستييه.

تا دەمرم ئەو دیمەنەم لە بیر ناچێتەوە کەماڵی شێخ غەریب لە ژوورەکەی خۆیدا، ژووری بەڕێوەبەری پۆلیس، دەستیکرد بە جنێودان بە باوکم و هەموو شیوعیيەكانی دونیا. جنێوی بە ڕیشی مارکس و کەللەی لێنین دەدا.

دایکم پێیگووت: "لە جیاتی ئەوە جنێو دەدەیت ئازا بوویتایە و بتگرتایە." فەوجێک پۆلیست ناردبوو بیگرن، ئەو لە دەرگای حەوشەوە بە ناو هەمووتاندا چووە دەرێ. بۆ بۆتان نەگیرا؟"

ئەوە مودیری پۆلیسی دەهریکرد. دەستی لە دایکیشم بەرز کردەوە و دەمانچەی خستە سەر سەری بیکوژێت. دوایی فەرمانیدا هەموومان حەبس بكەن. دایکم ماوەیەک لە زیندان بوو. ئیدی بەو جۆرە بوو هەموومان بەردەوام لە ترسدا دەژیاین. ژیانێکی بێوێنە سەخت بوو. بەڵام دایکم ژنێکی بێنەندازە بە ئیرادە و خۆگربوو. لەو چەند ساڵەدا بەردەوام ئەو جۆرە چیرۆکانە دووبارە دەبوونەوه... ئیدی مرۆڤ دەبێت چاوەڕوانی چی بکات. لەو سەردەمە هەمووانی فێری جۆرێک لە سەبر و هێمنی و دان بەخۆداگرتن کرد.

من لە دايكمەوە فێربووم چۆن مرۆڤ بە ناو کارەساتدا بڕوات و نەکەوێت.

پرسیاری 21

پەیوەندی باوکت لەگەڵ کتێب دا چۆن بوو؟ زیاتر چ جۆرە کتێبێکی دەخوێندەوە؟

وەڵامی پرسیاری 21

کە من چاوم کردەوە کتێبخانەیەکی گەورە لە ماڵی ئێمەدا هەبوو. بەڵام لە سەدا هەشتای کتێبەکانی سیاسی بوون، کارەکانی مارکس و ئەنگڵس و لێنین و ماو و بلیانۆف و دەیانی تر. بەڵام ژمارەیەکی باش ڕۆمانیشی تێدابوو. سەرەتا باوکم پتر ئەو کتێبە سیاسییانەی دەخوێندەوە، بەڵام لەم دواییانەدا پتر حەزی لە ئەدەبیات بوو. هەتا چەند جارێک هەوڵی ڕۆماننووسینیشی دا، بەڵام من هەوڵەکانیم پێ خراپ بوو.

جارێک زۆر بە ڕەقی پێمگووت واز لەو جۆرە نووسینانە بهێنێت. هێندە ڕەق ئێستا زۆر پەشیمانم. دڵنیام نووسینەکانی لە نووسینی هەندێک لەو کەسانە باشتر بوون ئەمڕۆ بە چیرۆکنووس و ڕۆماننووس خۆیان بە خەڵک دەفرۆشنەوه. ئەو زۆر باوەڕی بە زەوقی من هەبوو ئەو قسەیەی من وایکرد زۆر بیر لە نووسين نەکاتەوه. من هەرزەکار بووم. زۆر دەمخوێندەوه، غروورێکی هەرزەکارانەی بێمانام تێدابوو. چاوەڕوانم دەکرد باوکم وەک دۆستۆفسكى يان كازانتزاكيس بنووسێت یاخود هیچ نەنووسێت... هەڵبەت ئەوە چاوەڕوانییەکی زۆر بێمانا بوو، بەڵام ئیدی من ئەو زەمانە بەو جۆرە بیرم دەکردەوە.

دیارە ئەو کتێبخانەیەی باوکم و مامم چەند مایەی خۆشبەختی بوو هێندە مایەی نیگەرانی و ترسیش بوو. ئێمە دەبایە بەردەوام کتێبەكان بشارينەوە. چونکە ماڵی ئێمە هەمیشە لە بەردەم هەڕەشە و پەلاماری پۆلیسدا بوو. کورسییەکی تایبەتیمان هەبوو بە جۆریک دروستكرابوو بتوانين كتێبى زۆرى تيا بشارینەوە. هەموو کتێبە سیاسییە زەق و قاچاغەکانمان دەخستە ئەو كورسییەوه. جار جار مامم يان باوكم سەری کورسییەکەیان لادەبرد بۆ ئەوەی کتێبێک دەربهێنن. ئەو ساتانە بۆ من ئێجگار مایەی دڵخۆشى بوون. من لەو كورسييەوە تێگەیشتم کتێب شتێکی ترسناكە لە منداڵييەوە هەموومان فێركرابووین لای کەس باسی نەکەین ئەو کورسییە کتێبی تێدایە. هەندێک جار ئەو كتێبانەیان لە كورسییەکە دەردەهێنا و من یەکێکیانم دەگرت بەدەستمەوە. وەک ئەوە بوو شتێكی سیحراوی و موقەددەس بگرم بە دەستەوە.

باوکم تا ئەم دواییەش بەردەوام دەیخوێندەوە. بەیانیان لە ژوورێکی موشەمادا بە خۆی و قەمسەڵەیەکی کۆنەوە لەبەر دەم تاپۆدا عەریزەی دەنووسی. ئێوارانیش لە باغچە بچووکەکەی ماڵەوەدا بە دەستێک بیجامەی پاکەوە، لە ناو گوڵەکاندا دادەنیشت و دەیخوێندەوە. خوێندەوە زۆر ئاسوودەی دەکرد. بە پیچەوانەی منەوە کە خوێندنەوە زۆر پەشۆکانم لا درووست دەکات.

هەر کات دەیخوێندەوە ڕوخساری هێمنییەک و دڵنیاییەکی تێدەگەڕا. کاتێک دەیخوێندەوە هەستی بە گەنجێتی دەکرد. جارێک گووتی:

"کتێب وادەکات مرۆڤ پیر نەبێت."

سەرچاوە: بە سەرسامی لە ناو وێرانەدا(چاوپێکەوتن لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەیی)، بەختیار عەلی، سلێمانی: ڕەهەند، 2024.