ماکارۆنییەکەی خونچەخانم
ماکارۆنییەکەی خونچەخانم
سەعید شێخولئیسلامی کوردستانی
دەوروبەری چل و پەنج ساڵ لەمەوبەر باجی خونچە ناوێک دوای ئەوە شووەکەی لە دنیا مردوو، مەزرا و زەوی و زاری داوو بە ئیجارە و بزن و پەزەکانی بە مایەشەریکی سپاردوو بە کەسێک و دێ بە جێ هێشتوو و باری کردوو بۆ شار.
لە شارا، بەرکەی ماڵ کۆنە و ئاڕفتەی سەندوو. چونکە کارێ تری نەوو. دایم خەریک ماڵەکەی بوو. بانەناوی ئەکرد. دیوارەکانی سواخ ئەدا. باخچەی دورس ئەکرد و هەر وەختێ باران ئەواریت ئەیکردە بانا و بانگلێری ئەخستە ڕێگە.
دوای چەن ساڵێک مانەوە لە شارا باجی خونچە ناوی گۆڕیا و بوو بە خونچەخانم و ئیتر وەک ژنە شاری هەڵسان و دانیشتنی ئەکرد.
جارێک خونچەخانم گەرەکی بوو کەف یەکێ لە ئوتاقەکانی بناوێتەوە و چاڵ قورسی دورس کات و لە ژێر داڵووت ناو هەوشەکەیا کولێن دورس کات بۆ کەڵەشێر و مامرەکانی.
چون دەس تەنیا بوو باجی خەجێ کە وەبووە دەسە خوەیشکی و ڕێحان ناوێکی بانگ کردوو بێن یاریەی بەن.
خەجێ ژنێ زرت و زرینگ و کەمێکیچ بە خوەیەو بوو و لووتەوانەیەک پیرۆزەیی بە لای لووتییەوە بوو و لە بان چناکەیچییەوە چەن دانە خاڵی کوتاوو.
ڕێحان قەیرەکەنیشکێ هاوڵەڕوو، چاو مژوومۆر، باڵابووچک و سک زل بوو و دەمەرقۆپان پیاگانەی کردووە پای و بە قاچووقول هەڵماڵیاگەوە، هەڕگی دورس ئەکرد و ئەیشێلا و خوەشی ئەکرد و بە ئەسەمووڵی ئەیبرد بۆ خونچەخانم و خەجێ.
چاڵ قورسییان دورس کرد و کەف ئوتاقیان ناویەوە و هێلەساویان دا.
خونچەخانم بۆ نیمەڕۆ ماکارۆنی کە تازە لە شارا بوو بە باو، لێ نیاو.
وەختی نانخواردن گەیی. سفرەیان داخست و خونچەخانم یەکێ دەوریک ماکارۆنی نیا بەردەسیان و پڕ لەبتەختێکیچی بۆ خوەی داکرد.(من ئەیژم ماکارۆنی، ئێوەە بێژن شفتە).
ڕێحان کەوچکێک- دووان لە ماکارۆنییەکەی خوارد و ئیتر قیزی نەهات باقییەکەی بخوات و خۆی بە نان و ماس خواردنەوە خڵافان و تێر کرد.
دوای ئەوە یەکێ دوو پیاڵە چاییان خوارد، خەجێ و ڕێحان چوونە ناو هەوش بۆ کولێن دورسکردن.
نازانم لە بەینیانا چە قۆمیا، بوو بە دەمەقڕە و شەڕیان و دەسیان کرد بە باوگەرەبازی و جوێن و نافات دانن بە یەکترین و ناونیتکە نیانن بە یەکەوە و جارجاریچ هاشاوڵییان ئەبرد و پەلیان ئەکوتا بۆ سەروبەچک و قژ یەکتر.
ڕێحان ئەیوت: هەی پەنەنامەی واوا پێ هاتگە، هەر خوەت وەک خوەت. کەم ناو شوو بووە، شووەکەت وەسە گای بان یەخ، بە زوان مەگەس دەرئەکا سەپۆل. شووەکەم، شووەکەم! قرتماخەلووتە.
خەجێ لە جواوا ئەیوت: بڕۆ تۆراغان. وەیتە خیوڵکەی چەرچی، بڕۆ تەرخونەچاوە(تەراخومی). بڕۆ پاچراچناکە. بڕۆ برا موحتاتە تلیاکی و هیلۆئینیەکەت وا شەو لە بان داشا ئەخەفێ دورسکە. چەتە بە سەر شووی ماقووڵ منەو.
خۆ قسەی نالایقیان دوایی ناهات و من ڕووم نییە گشتی بگەڕنمەوە.
ڕێحان لە بەین جوێنەکان خەجێیا بە دەم شیڕی بۆ دائەهێشت و لە ئاخرەوە هیچی گیر نەهاورد وتی: ئەی ماکارۆنییەکەی خونچەخانم بە قەور باوک باوکۆ. وا دیار بوو لەوە قیزەونتر و چەپەڵتر نەکەفتووە بیری!
لەم وەختا خونچەخانم هاتە دەرەو و ژنەفتی ڕێحان چەی وت.
فرە تووڕە بوو. شیتانی بە ملیا: ئەوە چەت وت هەی سەڵیتەی زۆڵەخەرە؟ یاخوا ماکارۆنییەکە بێتە قوزڵقورتت.
ڕێحان لە حێوەت خونچەخانما کردی بە کەوشەکانیا و لە درگای هەوش دەرچوو.
خونچەخانم قیژانی بە شۆنیا: هەی سۆزمانی، شەرت بێ ئەو دڕکە لە پات دەربێرم.
شەڕ کریا و شەڕ کوژیاوە و کولێنیچ دورس نەکریا!
لە سایکەوە ڕێحان وتی بە خەجێ: ئەی ماکارۆنییەکەی خونچەخانم بە قەور باوک باوکۆ- ئیتر منیچ هەرگیزای هەرگیز چەشکەی ماکارۆنیم نەکردگە!
35-37
سەرجاوە: سەرتەپۆڵە، سەعید شێخولئیسلامی کوردستانی، پێشەکی و پێداچوونەوە: عەتا حەواری نەسەب، سنندج: روز و شمیم سنندج، چاپی دووهەم، 1402.
شێعر لای من