به‌ر‌ده‌نووسێک
به‌ر‌ده‌نووسێک
نووسه‌ر: ڤاختان ئەنانیان
وه‌رگێڕ: گۆران
له شاخه‌کانی کوردستان له شوێنێکا که ئه‌که‌وێته سه‌ر سنووری عێراق و ئێران و تورکیا، به‌ردێکی پانی گه‌وره نزیک به سه‌رچاوه‌ی چه‌مێک که‌وتووه، له ساڵانی زۆر له‌مه‌وپێشه‌وه نووسینێک له‌سه‌ر ئه‌م به‌رده هه‌ڵکه‌نراوه، که ئێستاش به‌ئاسانی ئه‌خوێنرێته‌وه، سووڕانه‌وه‌ی دوور و درێژی گه‌ردوون ئه‌و به‌رده‌ی تا ئه‌مڕۆ نه‌سواندووه، وا ده‌رئه‌که‌وێ له‌مه‌و پاشیش هه‌رگیز ناتوانێ بیسوێنێ.
دانیشتووانی دێهاتی نزیک به‌و شوێنه، له باره‌ی ئه‌م به‌رده‌وه ده‌ماوده‌م ئه‌فسانه‌یه‌ک بۆ میوانه‌کانیان ئه‌گێڕنه‌وه، ئه‌مانه ئه‌ڵێن: له‌ژێر ئه‌م به‌رده‌دا ڕاوکه‌رێکی کۆن له‌ناو گڵایه، که ناوی له بیری که‌سا نه‌ماوه، ڕاوکه‌رێک بووه که له سه‌رده‌می خۆ‌یا ناوبانگی به‌هه‌موو لایه‌کا بڵاوبۆته‌وه، له کاتی ڕاوا هه‌ر نێچیرێکی به‌دی کردبێ، باڵدار بووبێ یان خاڵدار له ده‌ستی ده‌رنه‌چووه.
ئه‌م ناوبانگه‌ی ئه‌وه‌نه حیرسی زۆرکردبوو، هه‌رگیز نه‌یئه‌توانی له ئاوه‌دانی و له‌ناو ماڵ و مناڵی خۆ‌یا ئۆقره بگرێ، هه‌میشه به هه‌رد و چیا سه‌خته‌کانه‌وه ئه‌سووڕایه‌وه.
ڕۆژێک که بۆ تاوێکی کورت له ماڵه‌وه پشووی ئه‌دا، ڕووی کرده مناڵه‌کانی و وتی: "ئافره‌ت! ئه‌وه‌ی ڕاستی بێ، بێزار بووم له ڕاوکردنی که‌ڵه‌کێوی کوشتن، ئه‌مه‌وێ له‌مه‌و پاش به‌زیندوویی نێچیر بگرم".
له پاش ئه‌م قسه‌یه زۆری پێ نه‌چوو ده‌ستی دایه ڕه‌زم و تفه‌نگه‌که‌ی به‌ره‌و چیا ملی ڕێی گرت.
به‌هه‌رده‌یه‌که‌وه که‌ڵه‌کێوییه‌کی چاوپێکه‌وت، تا هه‌لی لێ هه‌ڵکه‌وت کوشتی. پێسته‌که‌ی به‌شاخ و که‌لله‌وه ده‌رهێنا، ئه‌مجا سه‌رتاپا هه‌ڵیکێشا له له‌شی خۆی، که هه‌ر دوو ده‌ستی خسته سه‌ر زه‌وی و له سه‌ر چوارپه‌ل وه‌ستا درۆزنیش نه‌یئه‌توانی له کەڵه‌کێوی جوێی بکاتەوە، لەپاش ئەوەی بەم جۆرە خۆی گۆڕی، ڕووی کردە ڕانێکی بزنەکێوی که به سه‌ختییه‌که‌وه خەریکی لەوەڕ بوون، ڕۆژەکە ڕۆژێکی تەمومژ بوو. نێچیرەوان لە ڕانەکە تەواو نزیک بووه‌وه، له‌وه‌دا بوو ئێستا نا، تاوێکی‌تر ده‌ستی بگاته نێچیره‌که‌ی، بزنه هه‌ژاره‌کانیش هه‌ستیان به‌هیچ تالووکه‌یه‌ک نه‌کردبوو، بێ خه‌م، بێ خه‌م ئه‌له‌وه‌ڕان.
هه‌ر له هه‌مان کاتدا ڕاوکه‌ر؛کی تریش به‌تفه‌نگێکی دوولووله‌وه له پارێزگرتنا ئه‌بێ بۆ هه‌مان ڕانه بزن. که‌ڵێک زه‌لامی قه‌ڵه‌و به‌دی ئه‌کات له په‌ڕی ڕانه‌که‌وه، ئه‌وه‌نده زه‌لامی دێته به‌رچاو باوه‌ڕ ناکات به‌یه‌ک گولله بۆی بکه‌وێ له‌به‌ر ئه‌وه دوو فیشه‌کی به‌جارێک بۆ ئه‌خاته لووله‌ی تفه‌نگ و نیشانی لێ ئه‌گرێت، به یه‌ک جار دووکه‌ڵ و دوو ته‌قه له‌ده‌می تفه‌نگ ده‌رچوو، که‌ڵه‌کێوی که‌وته ته‌قڵه‌لێدان و به ده‌نگی مرۆڤ هاواری لێ هه‌ڵسا: ئاخ...کوژرام.
که ڕاوکه‌ری دووه‌م گه‌یشته سه‌ری هێشتا نووزه‌ی تیا مابوو، ته‌قه‌که‌ره‌که پێی وت: "ماڵ‌وێران ئه‌م که‌وڵه چی بوو له‌به‌رتا، بۆچی خوێنێکی ناڕه‌وات کرده گه‌ردنم؟"
کابرا به‌و نووکه گیانه‌وه که تیا مابوو، سه‌رگوروشته‌که‌ی خۆی له نووکه‌وه بۆ گێڕایه‌وه، وه تێی گه‌یاند که بایی بوون حیرسی زۆره، بوو به هۆی ماڵ‌وێران بوونی.
له‌پاش ئه‌وه‌ی گیانی ده‌رچوو، ڕاوکه‌ری دووه‌م هه‌ر له‌و شوێنه کردی به‌ژێر گڵه‌وه و ئه‌و به‌رده زله‌ی کرد به‌کێلی ژوورسه‌ری، له‌پاش ئه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ن وشه‌یه‌ی لێ هه‌ڵکه‌ند:
" ئه‌وه‌ی پێستی خۆی ئه‌گۆڕێت، به‌شی سه‌ر دڵی دوو گولله ئه‌بێت".
لە کتێبی گۆران نووسین و په‌خشان و وه‌رگێڕاوه‌کانی، ئاماده‌کردنی ئومێد ئاشنا
شێعر لای من