گرەوی بەختی هەڵاڵە
گرەوی بەختی هەڵاڵە
عەتا نەهایی
ئەوە چارەنووسی تۆیە هەڵاڵە، کە خەنجەرێک شاخەوشاخ، شارەشار و وڵاتەووڵات شوێنت بکەوێ، تا لێرە، لە ستۆکهۆڵم، لە گەڕەکی فلەمینسبێرگ، نهۆمی چوارەمی باڵەخانەی ژمارە هەژدە لە سنگت بچەقێ. خەنجەرێکی مشتوو کارەبا کە سەری مشتووەکەی سەرە داڵێکی ئاسنی بێ، بە دەندووک و زاری کراوە و چاوەکانیشی دوو چاڵی ڕەش بن. کێ دەزانێ ئەو خەنجەرە لە کێلانی ئێستا ونبوویدا قەفی پشتێنی چەند نەوە لە پیاوانی وڵاتی بەردی پشکنیوە؟ سنگی چەند نەوە لە ژنانی وڵاتی بارانی هەڵدڕیوە؟ ئەو خەنجەرە ئێشتاش دەمەکەی خوێنی لێ دەتکێ هەڵاڵە. خوێنی تۆ کە لە سەر چرپای ژوورێکی بچووکی نەخۆشخانە کەوتووی، بە دڵی بریندار و ڕوخساری زەرد و ئارامتەوە. پەرستارێک لەو کچە بەلە باریکە سویدیانە کە تۆش وەک پیاوە کۆچبەرە ڕۆژهەڵاتییەکان ستایشی جوانیانت دەکرد، بە دەوری چرپاکەتدا هەڵدەسووڕیت. پەرستارێکی سپیپۆش، پەرستارێکی قژکاڵی چاوشین.... نا، چاوەکانی شین نین هەڵاڵە، سەوزیش نین، ڕەنگێکی جوانی دیکەن. پەرستارە سپیپۆشەکە چیت پێویست بێ بۆت دەکا، هەروا کە تا ئێستاش بۆی کردوویت. ژوور و چرپاکەتی هەڵپەرداوتووە، دوو سرۆمیشی بە ژوور سەرتەوە هەڵواسیوە. یەکیان ئاوێکی ڕوونی زوڵاڵ و ئەوەی تریان خوێنێکی گەش و سوور، دڵۆپ دڵۆپ دەتکێتە دەمارە وشک و تینووەکانتەوە، بۆ ئەوەی بیانژییەننەوە، بتژیەننەوە. بۆ ئەوەی زەنوێر ببیەوە، وەک گوڵی سیسی گوڵدانێکی بێ خاوەن کە دستێکی بەخشندە ئاوی بن بکات. تۆ هەست بە بەخشندەیی ئەو دەستە دەکەیت هەڵاڵە. دڵنیام کە هەست بە هەموو شتێکی دەوروبەرت دەکەیت. بە جموجووڵی پەرستارەکەت، بە تکەی دڵۆپەکان، بە ویزەی ئەو مانیتۆڕە کە هێڵی مان و نەمانت دەکێشیتەوە، بە چرکە چرکی مۆبایلەکەی مەجیدی برات...
مەجید لە بەر دەرکەی ژوورەکە خەریکی ژمارەگرتن بوو. ڕەنگە ژمارەی فەریدەی خێزانی دەگرت، بۆ ئەوەی پێی بڵێ کە ناتوانێ بچێت بە شوێن خۆی و منداڵەکانیدا. یان ڕەنگە ژمارەی کەسێکیتر دەگرت، ژمارەی مامەفەتاح. مامەفەتاحی لە ستۆکهۆڵم بوو، گوڵاڵەی خوشکی لە ئۆرۆبرۆ، دایک و باوکیشی لە کوردستان. پەرستارەکە کاری نەمابوو. بەر لەوەی لە ژوورەکە بچێتە دەر، مەلافە تۆخ سپییەکە تا گەردنی هەڵاڵە هەڵکێشا. لە بن مەلافەکەوە دەست کێشا و، بە پەنجە باریک و ناسکەکانی، بە حاستەم پەنجەی هەڵاڵەی گوشی، وەها کە پێی بڵی ئێستا چۆنی؟ ئێشت هەیە یان نا؟
چ ئێشێکی سەیری هەیە ئێشی خەنجەر. سەرەتا ئەو ئێشەی نەبوو، سەرەتا ئێشی گەستنی دەعبایەکی بوو. مار نا. دووپشکیش نا، ئێشی گەستنی زەردەواڵەیەک کە بێداوەت و لێگێڕانەوە لە سەر سنگی نیشتبێت، ئەوسا کە هەڵاڵە بێ ئاگا لە نیشتنی دەست هەڵدەبڕێ، بیگەزێت.
لە خوار مەمکییەوە گەستی. هەڵاڵە داچڵەکی. سەری داخست و نیگای تۆقاوی بە بەرزی و نزمی سینگیدا شۆڕ بووەوە. کراسە شینەکەی بەری دی کە لە سەر دڵییەوە سوور بووبوو. پەڵەیەکی بچووک کە وردە وردە دەیتەنییەوە و گەورە دەبوو، گەورە دەبوو، دەیتەنییەوە. وەها کە زۆری نەخایاند هەموو کراسە شینەکەی سوور بوو، سوورێکی جوان و گەش. گوتی: ( شێرە، ئەم کراسە سوورەم لێدێت؟)
ئەوسا لەشی گەرم داهات، چاوی لێڵ بوو، مژیکی سەیر بەرچاوی گرت، لە مژەکەدا شێرزادی دی کە حەپەساو و واق وڕماو سەیری دەکات. نیگەران و تۆقاو لە پەڵە سووری کراسەکەی دەڕوانێت. شێرزاد بە دەم ڕوانینیەوە هەر دوو دەستی بۆ درێژ کرد. ڕەنگە بۆ ئەوەی باوەشی پێدا بکات، وەک هەموو جارێکیتر کە باوەشی پێدا دەکرد و ماچی دەکرد. بەڵام ئەمجارە باوەشی پێدا نەکرد، بە هەر دوو دەستی پاڵی پێوە ناو و لە خۆی دوور خستەوە. هەر دوو دەستی شێرزادیش سوور بوون. باوەشیشی سوور بوو، سوورێکی پەڵەپەڵەی ناحەز. خۆشی ناحەز بوو، لە ناحەزییەکانی هەمیشەی ناحەزتر. هەڵاڵە بە هۆی پاڵ پێوەنانەکەوە کەوت و لەگەڵ کەوتنەکەیدا زرمەیەک بەرز بووەوە. تەقەی سەری بوو کە بە پایەی چێوی مۆبلەکەدا درا. مۆبلەکە خزا و سەری بۆ جارێکیتر بە عەرزەکەدا کوترا. چاوی، کە دەشێت لە کاتی کەوتنەکەیدا نوقاندبێتی، هەڵهێنایەوە. شێرزاد ئێستا لە بەر چاویدا هەڵکشابوو. وەک پیاوێکی کە لە ناکاو لە ناو مژی دیوێکدا باڵا بکات و هەڵکشێت، قاچەکانی بە ژوور سەری ژنەکەیەوە وەک دوو ستوونی هاوتەریب بچەقێن، دەستەکانی خوار و خێچ داکەون و پەنجە کراوەکانی چەمۆڵەی نەفرەتی لێبکەن. چەناگە و سمێڵە شۆڕ و ڕەشەکەی شێرزاد بەری چاو و برۆکانی گرتبوو. سەری بچووکی لە بن میچی دیوەکە چەقیبوو. بنمیچی دیوەکە خۆڵەمێشی بوو، خۆڵەمێشییەکی تۆخ، هەڵاڵە گوتی: کاری باشت نەکرد شێرزاد، لانیکەم نەدەبوو لەبەر چاوی ئەو منداڵەدا...)
لاپەڕەی یەک تا سێ
شێعر لای من