خودا ده‌یه‌وێت پشوو بدات !!
سه‌ردێڕی ئه‌م بابه‌ته ناوی شێعرێکی قوبادی جه‌لی زاده‌یه که ساڵی پار بڵاوی کرده‌وه و بووه هۆی قرمه و قاڵ و هه‌ڵای تاقمێکی دیاریکراو و ناسراو له باشووری مه‌زن. ده‌قاوده‌ق به شێوه‌ی ئه‌و هه‌ڵایه‌ی که بۆ حه‌مه بچکۆلی بۆیاخچیی شێرکۆ که چه‌ن ساڵ له‌وه پێش به‌رپا بوو و تا چه‌ن ساڵیش هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتن له سه‌ر شاعێره‌که‌ش هه‌بوو.
ماوه‌یێک له‌وه پێشیش دادگایه‌کی هه‌ولێر حوکمی زیندانی و جه‌ریمه‌ی به‌سه‌ر فه‌رهاد پیرباڵ داسه‌پاند. چونکوو چووه چیرۆکێکی عه‌ره‌بی وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی و به‌هاکانی کۆمه‌ڵگای خستۆته مه‌ترسی.
ته‌واوی ئه‌م گیروگرفتانه‌ش له‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێ که هونه‌ر به گشتی و ئه‌ده‌بیات به تایبه‌تی تاک و که‌سایه‌تی تاک به‌رجه‌سته ده‌که‌ن و له کۆمه‌ڵگای داخراویش تاک هیچ مانایه‌کی نییه و ده‌بێ هاوڕه‌نگی جه‌ماعه‌ت بنوێنێ. هه‌ر بۆیه هه‌ر که‌سه و هه‌ر بیرێک بیهه‌وێ تاک به‌رجه‌سته بکات ده‌که‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه و په‌لامار و قسه‌ی ئه‌وان و ئه‌گه‌ر ده‌رفه‌تیان بۆ بڕه‌خسێ به جه‌سته‌ش له کۆمه‌ڵگای ده‌سڕنه‌وه.
به‌ڵگه و نموونه‌ی ئه‌م جۆره که‌سایه‌تییانه به درێژایی مێژوو به‌دی ده‌کرێ.