خوشکە شەهلا و چێشتی مجێور و گەورەیی ژن
خوشکە شەهلا و چێشتی مجێور و گەورەیی ژن
زۆر بەداخەوە دوێنێ خوشکە شەهلا مەجیدی بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە کاک ئەسغەر و کاک کیاکسار و کیمیا خان و کتیێب کرد. ئەو ڕۆیشت و خەمێکی گەورەی بۆ بنەماڵە و ئەدەبدۆستان و خوێنەرانی چێشتی مجێور بەجێهێشت.
هەر لێرەوە- لە ڕێگەیەکی نێزیک و بەدڵێکی یەکجار نێزیکتر سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی دوو بنەماڵەی بەڕێزی " پڕباران و مەجیدی" دەکەم. دڵنیام تا کاتێ باسی کتێب و هەژار و چالاکی لە پێناو خزمەتی زمانی کوردی مابێ، یادی بەڕێزیشیان هەر دەمێنێ.
ئەم خوشکە بەڕێزەم مامۆستای ئەدەبیات بوو. سەرەڕای ئەوەی خانەنشین بوو بەڵام شێلگیرانە و یەکجار جددی لە بوار زمان و ئەدەبی کوردی چالاکی هەبوو و یەک لەو کەسانە بوو کە لە چاپی چێشتی مجێور- پڕۆژەی کۆبەرهەمی مامۆستا هەژار- وەکوو کاری بژار و ویرایش کاری کرد.
بۆ ئاخرین جار یەک مانگ لەوە پێش واتە لە ڕۆژی دەی جۆزەردان لە سەر کتێب و زبان و چێشتی مجێور قسەمان کرد.
پێم وت هەر خۆت ئەزانی چەن جار چێشتی مجێورت خوێندۆتەوە و شەن و کەوت کردووە، کەوچکت لە بن خستووە کە هەڵە و پەڵەی نەبێت. ماندوو نەبیت و خوا جەزای خێری خزمەتەکانت بدا.
پێم وت باسی هەڵبژاردەی من لە چێشتی مجێور ئەو شوێنەیە کە مامۆستا هەژار باس لە گەورەیی ژن دەکات.
وە ئەمڕۆ پێت ئەڵێم بەیادی خۆت و چالاکییەکانت و باسەکەی ئەو ڕۆژەمان ئەو دەقە پێشکەش دەکەم بە ڕۆحی میهرەبانت:
" هەر ژن نەبوو، ڕەحمەتی خودا بوو....ئەو تەواو بە پێچەوانە زۆر نەرم و نیان و بە سەبر و حەوسەلە، زۆر فامیدە، کارزان، لە هەموو وەرزێرێک پتر لە وەرزێری سەری دەردەچوو. کابانێکی کەم وێنە بوو...بە مەزرا و ماڵ ڕادەگەیشت. هەمیشە ڕووخۆش و گەش بوو... لەو ناوەدا من نەخۆشی گرانەتام گرت و زۆر پیسی خستم. لە ترسی گرتنەوە نەدەبوایە کەس نزیکم کەوێ. ئەو ژنە ئارەقی لەشمی بە زمان دەلستەوە... من چا بوومەوە بەڵام ئەو زۆری نەبرد کە تووشی گرانەتا هات و...بۆ خۆشی مرد. لە سەڕڕا بێکەس و هەتیو بوومەوە."
ماڵت ئاوا خوشکی بەڕێز، شەهلا خانم
ماڵت ئاوا مامۆستای هێژا خانم مەجیدی
برات: مەهدی سەییدی
8 ی پووشپەڕی 1405
شێعر لای من