بۆ بنەماڵەیەکی بەڕێزی بانەیی و کاک جەعفەرەکەمان

«زندگانی آن نیست که بر ما گذشته است،

بلکه آنی است که به یاد می‌آوریم.

چگونگی روایت ما از این یاد، زندگی است».

گابریل گارسیا مارکز

ماڵی باوکم لە ساڵانی 1350ەوە لە بانە دەژیان. بە هۆی ئەو چەن ساڵەی کە لە بانە ژیابوون کەسانێکی ناسیاویان هەبوو. یەک لەو بنەماڵانە دوو برا بوون بە ناوی کاک محەممەدساڵح و کاک ئەحمەد. بنەماڵەیەک موحتەرەم، بە ژمارە زۆر و بە کەسایەتی بەرز و بەڕێز. کاتێ کە هێشتا نەچووبوومە مەدرەسە لەگەڵ باوکم و دایکم هەر کات ئەچووین بۆ بانە سەرێکی ماڵی ئەم دوو برایەمان دەدا و هەمیشە سفرە و خوانیان شاهانە بوو بۆ میوانان. ڕێزێکی سەیر و سەمەرەییان لە بنەماڵە و لە ئێمەی مناڵیش دەگرت.

هاوینان لە حەوشە سفرەیان ڕادەخست. حەوشەیەکی گەورە کە داری گوێز و حەوزێکی پڕ لە ئاوی تێدا بوو. کە سفرەیان ڕادەخست بە هۆی ژمارەی زۆری دانیشتووان دەنگت بەو سەری سفرە ڕانەدەگەیشت. بەڵام گەورەکانی ماڵ بە باشی ئاگاداری هەموو شت بوون کە هیچ کەس لە هیچ خۆراکێک بێبەش نەبێت، بەتایبەت منداڵان.

سینگفراوانی و باخەڵفروانی و نەفسبەرزی لە ڕۆحی کاک محەممەد ساڵح و کاک ئەحمەد شەپۆلانی دەدا و ڕۆچوبووە هەناوی ئەو ژنان و کوڕان و کچانەی کە هەموویان بەیەکەوە دەژیان. ئای کە ڕۆژان و شەوانێکی پڕ لە خۆشی و کامەرانیمان تێپەڕ دەکرد لە سایەی ساباتی میواندۆستی و دۆستپارێزی ئەو بنەماڵە بەڕیزە بانەییە. بەشێکی یەکجار لە بیرەوەریی خۆشی من لە بانە لەم ماڵە خۆشەویستە چرۆی کرد و پشکووت و گوڵی گرت و هەرگیز ئەم گوڵەبیرەوەرییانە نەژاکان و هیچ بایەک نەیتوانیوە هەڵیانوەرێنێ.

ساڵان هات و ساڵان تێپەڕی. بە هۆی شەڕی نەگریس و ماڵوێرانکەری نێوان ئێران و عێراق و بەردەوامی بوومبارانەکان، هاتووچۆ بۆ بانە ڕووی لە کزی کرد. بەشێکیش لەو بنەماڵە بەڕێزە هاتنە سەقز و لە گەڕەکی بەردبڕان نیشتەجێ بوون. لەگەڵ چەن کوڕێکیان هاوتەمەن بووین و ناسیاویمان بەردەوام بوو. یەک لەو برادەرانەش کە چەن ساڵێ لە من بەتەمەننتر بوو جەعفەریان بوو و ئێمە بە کاک جەعفەر بانگمان دەکرد.

زۆر بەداخەوە چەن ڕۆژ لەوە پێش ئەم کاک جەعفەرە لەگەڵ برایەک و کوڕێکی لە گەڕانەوە و لە ڕێگەی سەقز بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ کۆچی دواییان کرد. هەر لێرەوە و لە ڕێگەیەکی دوور و بەدڵێکی یەکجار نێزیک و پەرۆش، لە بنەماڵەی ئەو دوو برایە گەورە سەرخۆشی دەکەم. سەرەخۆشی خۆم ئاڕاستەی دادەگەوهەر- دایکی کاک جەعفەر-ی زێدە بەڕێز دەکەم. سەرەخۆشی دەکەم لە براکانی بە تایبەت خالید و تەها. لەخوای گەورە سەبووری و ئارامی دەخوازم بۆ تەواو کەس و کاری ئەم بنەماڵە بانەییە زۆر بەڕێزە، هەرچەن ساڵەهای ساڵە لە سەقز دەژین.

سپاس بۆ ڕۆحی پاکی کاک محەممەدساڵح و کاک ئەحمەد- باوکی کاک جەعفەری ڕەحمەتی- کە بانەیان لە دڵی و مێشکی مندا بۆ هەمیشە جوان و نەمر کردووە.

خواتان لەگەڵ بنەماڵەبەڕێزە بانەییەکە

بانی چاو، بانی گیان

م.س.

26ی جۆزەردانی 1405

جمله مارکز از روزنامه سازندگی، ش.2255 ، تاریخ 25/3/1405 و از یادداشت مادر: خدای خانه کوچک انتخاب شده است.

#مهدی_سیّدی_هۆژان