بۆ کۆچی هەتاهەتایی مامۆستا خەلیل دارایی
ئەمڕۆ هەواڵی کۆچی هەتاهەتایی مامۆستا خەلیل دارایی م بیست. هەر ئەمڕۆش کۆڕی بەڕێکردن و ئەسپەردەکردنی تەرمی پاک و خاوێنیان لە سەقز بەڕێوە دەچێ. بەداخەوە ناتوانم بەشداری ئەم مەراسمە بم. هەر بۆیە لە ڕێگەیەکی دوورەوە بەڵام بەدڵێکی نزیکەوە پرسە و سەرخۆشی خۆم ئاڕاستەی بنەماڵەی بەڕێزیان دەکەم. خوا سەبوورییان پێ ببەخشێ.
هەندێ کەس کە دەمرن- هەڵبەت ژمارەیان کەمە- ئێمەی زیندوو شەرم دەمانگرێت کە لەسەریان قسە بکەین. چونکوو ناکرێ و ناشێ درۆ بکەیت و درۆ بنووسی. خۆ ئەگەر حەقیقەت و ڕاستییەکانیش بنووسی، ئیتر لەم دونیا نەماوە تاکوو لە سەر خۆی بێتە جواو. هەڵبەت نابێ ئەوەش لەبیر بکەین لە هەر دوو حاڵەتەکە لەوانەیە ئێمە هەڵە بووبێتین و کرۆک و زاتی ئەو کەسە ئەوە نەبێت کە ئێمە دەیبینین یان بەو شێوە هاتۆتە بەرچاومان. کەواتە چارمان ناچارە لە هەڵبژاردنی بێدەنگی.
بەڵام تەواو بە پێچەوانەوە و خۆشبەختانە زۆرن ئەو کەسانەی کە تا زیندوون و تەنانەت کە مردیشن تۆ دەتوانی بەو پەڕی ئەرخەیانی و "سەرڕاحەتی و دڵ بێگرێی" باسیان بکەیت. لێرەشدا منی زیندوو شەرم دەمگرێت ئەگەر لە سەری نەنووسم و قسەی لێوەنەکەم.
یەک لەو مرۆڤە مەزن و نموونە و بەئەزموونانە بۆ ئەم قسەم خوالێخۆشبوو مامۆستا خەلیل دارایییە کە بەهۆی باشی و موحتەرەمی و بەدیسیپلین بوون و خاوەن پرێستیژی تایبەتی خۆی، ئەرکێکی خستۆتە سەرشانم کە دەبێ لە سەری بنووسم و ناوی بێنم بەباشی- هەر بەو شێوە باشەی خۆی - و یادی بەرز بنرخێنم- هەر بەو نرخەباڵایەی کە خۆی هەیبوو.
بە درێژایی ئەو سێ ساڵەی سێ ساڵ وەکوو قوتابییەک لەخزمەتیدا بووم، هەڵسوکەوتی باش و بێپەڵە و بێپەلەی ئەوسای لەبوار ڕاپەڕاندنی کاروباری مەدرەسە بە بەراوەرد لەگەڵ هاوپیشەکانی هەمیشە بۆ من جێی سەرنج بووە.
یادت بەخێر، یادت بەرز و بەڕێز مامۆستا خەلیلی "خەلیل دارایی".
لە پەنای خوا و خەلیلەکانی.
لە بیرمان نەچێت کە وشەی خەلیل بە مانای دۆستی خۆشەویست دێت و لەقەبی شیخ الانبیایە- واتە حەزرەتی ئیبراهیم- د.خ.
شێعر لای من