59- سووڕەی حەشر
دەقی کوردیی قورئانی پیرۆز
وەرگێڕانی هەژار موکریانی
59- حەشر
وە ناو خودا کە دەهندە و دلۆڤانە
1) هەر بە پاکی و بێعەیبی خودا هەڵدەڵێن، هەرچی لە ئاسمانەکان و زەمیندا هەن؛ هەر خۆی خاوەن دەستەڵات و لەکارزانە.
2) کە هەر ئەوە کۆمەڵی پێنەزانانی، لەوانەی ئەهلی کتێب بوون - لە وەدەرنانی هەوەڵدا - لە زێدی خۆ تەرەکردن. ئێوە پێتان وا نەبوو کە دەردەکەون؛ خۆشیان وایان خەیاڵ دەکرد قەڵاکانیان لە خودایان دەپارێزێ. خودا لە شوێنێکی واوە پارێزی بردە سەر ئەوان، کە لە خەیاڵیشیان نەبوو. وای ترس هاویشتە دڵیان، ماڵی خۆیان بەدەستی خۆ و بەدەستی خاوەنباوەڕان، کاول دەکرد. سا ئێوە دەرس وەرگرن، ئەی گرۆی خاوەنئاوەزان!
3) ئەگەر خودا ئاوارەیی لە سەر ئەوان نەنووسیبا، هەر لە دنیا تووشی ئازاری دەکردن و لەو دنیاش بەشیان ئازاری بە ئاگر بوو.
4) ئەمەش چونکە ئەوان دژی خودا و پێغەمبەرەکەی بوون. هەرکەش دژی خودا و پێغەمبەرەکەی ئەو بێ، تۆڵەی خودا زۆر دژوارە.
5) هەر دارخورمایەکتان بڕی، یان لێی گەڕان لەسەر ڕەگی خۆ بمێنن، هەمووی بە ئیزنی خودا بوو؛ تا ئەو لە ڕێلادەرانە تووشی سووکایەتی بکا.
6) هەر تاڵانێک لە دانیشتووی ئەو گوندانە کە خوا دای بە پێغەمبەری، ئەوانە نین کە ئێوە بە سواری ئەسپ یان بە وشترەوە بۆی چوون. بەڵام خوا پێغەمبەرانی - ئەگەر حەز کا - لەسەر هەر کەسێ زاڵ دەکا. خوا بۆ هەموو شت توانایە.
7) هەر تاڵانێ لە دانیشتووی ئەو شارانە خوا بۆ پێغەمبەری ناردووە، بۆ خودا و بۆ پێغەمبەرییە و بۆ خزمە نزیکەکان و هەتیوان و هەژاران و ڕێبوارانە؛ نەک ببێتە سەرمایەی ئاڵوگۆڕ کردن لە ناو دەوڵەمەندەکانوو؛ هەرچی پێغەمبەر دەوداتێ، لێی وەرگرن؛ لە هەرچیشتان بێ بەش کا، دەستی بۆ مەبەن! دەبێ لە خودا بترسن؛ کە تۆڵەی خوا زۆر دژوارە.
8) [ئەو تاڵانە] بۆ ئەو هەژارە دوورەوڵاتانەیە، کە لە ماڵ و زێدی خۆیان دەرکراون؛ چاوەنۆڕی بەهرە و ڕەزامەندی خوان و یاریدەی خودا و پێغەمبەرەکەی دەکەن؛ کە ئەمانە ڕاستەکانن.
9) ئەو کەسانەش کە بەر لەوان لە مەدینە نیشتەجێ بوون و بە دڵ بڕوایان هێنا، حەز بەو ئاوارانە دەکەن کە پەنایان پێهێناون و بە دڵیش ئێرەیی نابەن بەوەی کە بەوان دراوە و ئەوان لە پێشتر دەزانن، هەر چەند دەستتەنگیشیان هەیە. کەسانێکیش خۆ لە ڕژدی دەپارێزن، ئەوانە ڕزگارەکانن.
10) ئەو کەسانەش کە لە دوای ئەمانە هاتوون، ئێژن: ئەی پەروەرندەمان! لە ئێمە و لەو برایانەمان وا پێش ئێمە باوەڕیان هێناوە، خۆش بە؛ کینەی ئەوان مەخە دڵ باوەڕدار بوون. ئەی پەروەرندەی هەموومان! تۆی دڵسۆزی و دلۆڤانی.
11) ئەدی نەتدی دووڕازەکان بە هاوسونفەکانی خۆیان - لەوانەی ئەهلی کتێب و دژی دین بوون - گوتیان: ئەر ئێوە دەر کران، بێگومانە ئێمەش وەلتان دەردەچین و هەرگیز بە زیانی ئێوە گوێڕایەڵی هیچ کەسێ نابین؛ ئەگەر دە گژیشتان ڕاچوون، ئێمە یارمەتیتان دەدەین. خواش شایەتە کە ئەوانە درۆزنن.
12) دیارە ئەگەر دەریش کران، ئەوان دەگەڵیان دەرناچن؛ ئەگەر وەلیشیان بجەنگن، ئەوان یاریدەیان نادەن؛ خۆ ئەگەر یاریدەشیان دەن، پشتیان تێدەکەن و هەڵدێن؛ لە پاشانیش کەسێ دەهانایان نایە.
13) بێگومان دڵیان لە ئێوە پتر دەترسێ تا لە خوا؛ چونکە ئەوان کەسانێکی وان تێناگەن.
14) بەتێکڕایی ئەوان بە گژتاندا نایەن، مەگین لەناو ئەو شارانەی قەڵای زۆر پتەویان هەیە؛ لەو دیو دیوارانەوە. ناکۆکی توند کەوتۆتە نێوانیانەوە؛ تۆ پێت وایە بە کۆمەڵ یەکیان گرتووە، بەڵام دڵیان لێک بڵاوە؛ چون ئەمانە مەردمانێکی نەفامن.
15) وەک ئەوانەیان بەسەر دێ، کە پێش ئەوان - بەم زووانە - ئاکامی کردەی خۆیان چەشت. ئەوانە ئازارێکی بەژانیان دەبێ.
16) وەکوو شەیتان، کاتێ بە بنیادەمی گوت: خوا مەناسە؛ وەختێ لە خودا تەکیەوە، گوتی: لێم نزیک مەبەوە، من لەو خودایە دەترسم پەروەرێنی گش دنیایە.
17) سەرئەنجامی هەردووکیان هەر ئەوەیە کە تاهەتایە، لە ئاگردا دەمێننەوە. سزای ناهەقان ئەمەیە.
18) ئەی گەلی خاوەنباوەڕان! ئەشێ لە خودا بترسن؛ با هەر کەسێ بێنێتەوە بەرچاوی خۆی، بۆ سبەینێ چەی وە پێشەخۆی خستووە و ترستان لە خودا هەبێ. خودا لە هەر کارێ دەیکەن ئاگادارە.
19) نەچن وەکوو ئەوانە بن کە خودایان لەبیر کرد و خواش ئەوانی لەبیرەخۆیان بردەوە. ئەوانە لەڕێلادەرن.
20) ئەو کەسانەی جەهەندەمین، وەل ئەو کەسانەی بەهەشتین، وەکوو یەک نین. هەر ئەوانەی لە بەهەشتن، بەختەوەرن.
21) ئەگەر ئێمە ئەم قورئانەن ناردبایەتە سەر کەژێک، تۆ دەتدی کە داهاتووە و لە ترسی خوا لەت لەت بووە. ئەم نموونانە بۆ مەردم دێنینەوە، بەشکوو ئەوان ڕابمێنن.
22) ئەو خودایەکی ئەوتۆیە کە غەیرەز ئەو کەس بۆ پەرستنێ نابێ؛ لە نەدیار و لە دیاران ئاگادارە و دڵاوایە و دلۆڤانە.
23) ئەو خودایە - کە لەو بەدەر شیاوی پەرستنێک نییە - پادشایە؛ لە کەمایەسی بە دوورە؛ سەرچاوەی هێمنایەتی، هێمنیدەرە؛ بەسەر هەموو شت ڕادەگا؛ گش دەستەڵات بەدەس ئەوە؛ بەسەر هەموو شتدا زاڵە؛ هیچ شتێ دەرۆستی نایە. پاکە خودا لەو شتانەی ئەوان دەیکەنە شەریکی.
24) هەر ئەوە خودای وەدی هێنیداهێنەری وێنەگەر؛ ناوی هەرە جوان بۆ ئەوە؛ هەر شتێکی لە عاسمانان و زەمیندان، پەسنی پاکی ئەو دەدەن و هەر خۆیەتی بەدەستەڵاتی لەکارزان.
https://books.vejin.net/ck/text/16539
شێعر لای من