بەشێک لە بەرایی وەرگێڕانی شەرەفنامە:
بەشێک لە بەرایی وەرگێڕانی شەرەفنامە:
هەر وەک ئاشکرایە مامۆستا هەژار ساڵی( 1969-1970) سەر لە نوێ بەرگی یەکەمی شەرەفنامەی لە ڕووی دەقی سەرەکییەوە کردۆتە کوردی و ساڵی 1973 لە بەغدا چاپ کراوە و دیسانیش بەرگی دووهەم هەر لای لێ نەکراوەتەوە. مامۆستا جەعفەر کە خۆی کەسێکی تێبین و شارەزایە هانی دام هەتا بەرگی دووهەم بکەمە کوردی و بەنابەدڵی پێشنیارەکەیم سەلماند. بۆ نابەدڵی؟ چونکە بەرگی یەکەم کاری مامۆستایەکی کەم وێنەی وەک هەژارە و خۆ لە قەرەدانی زۆری پێدەوێ. هەر چۆنێک بوو کارەکەم ڕاپەڕاند و چەندی بۆم کرا وێنەم لە شێوەی کاری مامۆستا هەڵگرتەوە. بەڵام خۆم لە وەرگیڕانی ئازاد پاراست. بنکەی ژین ساڵی 2007 وەگێڕانەکەی بەرگی دووهەمی بڵاو کردمەوە و چەند ساڵ دواتریش هەمیسان لە چاپی دایەوە. لەم ماوەیەدا خۆشەویستانم لە بنکەی ژین کەوتنە سەر ئەم بڕوایە بەرگی یەکەمیش بکەمە کوردی. بەڵام هەر خۆم دەبوارد و دەمگوت پاش مامۆستا هەژار پێویست بە وەرگێڕان ناکاتەوە، ئەوان هەر سور بوون لە سەر بۆچوونی خۆیان و دەیانگوت کتێب زۆرن کە چەند جارێک تەنیا وەرگێڕدراوتە سەر زمانێک و هەر خودی شەرەفنامە جارێک مامۆستای کورد محەممەدعەلی عەونی( 1952-1987) کردوویەتە کوردی و جارێکیش مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی( 1912-2001). لە لایەکی دیکەشەوە چەند دەستنووسێکی شەرەفنامە دۆزراونەوە کە یەکیان بە خەتی خودی شەرەفخانە و وەرگێڕانەکەی پێ دەوڵەمەند دەبێ و لە سەر ئەم پێ و شوێنە وێنەی تەواوی دەسنووسەکانیان بۆ ناردم.
لە ڕاستی دا ئەو دەقەی کە خودی شەرەفخان بە خەتێکی خۆشی نەستەعلیق نووسیویەتەوە لە هەموو دەقەکانی دیکە پتر بوو بە یاریدەرم و لێرەدا بە دەقی بودلیان ناودێر کراوە. وەکوو دیارە ئەم دەقە بە 21 تابلۆی نەخشینی مینیاتۆر نەخشێندراوە و بە پێی لێکۆڵینەوەی مامۆستا عەبدوڕڕەقیب یووسف لە کتێبی ( تابلۆکانی شەرەفنامە)دا سەرجەمیان کاری خودی شەرەفخانن کە بەداخەوە خۆی باسی نەکردووە.
لاپەڕەکانی33 و 34
سەرچاوە: شەرەفنامە، شەرەفخان بەدلیسی، وەرگێڕ: سەلاحەددین ئاشتی، بەرگی یەکەم، سەقز، گوتار، 2017 .
لە بەرهەمەکانی بنکەی ژین
شێعر لای من