هێمن و خاتوونە داهێنەرەکەی مینی ژۆپ
ئەمڕۆ مێری کوانت، خاتوونە داهێنەرەکەی مینی ژۆپ دنیای مۆد و پارچەی بەجێهێشت و عومری ئەویش تەواو بوو. یەک لە داهێنانەکەی لە دەیەی 1960ی زانستی سازکردنی مینی ژۆپ بووە کە کاتی خۆی کارێکی جیاواز و داهێنانە بووە. مامۆستا هێمن لە غەزەڵێکی یەکجار جوان و سەرکەوتوو، بە شێوەیەکی تەواو گونجاو ناوی ئەو پۆشاکەی هێناوەتە ناو غەزەڵەکەی و لە بار جوانیناسییەوە جێی ڕامانە. ئەمەش دەقی ئەو بەیتە، وێڕای دەقی تەواوی شیعرەکە. جێی وەبیرهێنانەوەی ساڵی نووسینی ئەم شێعرە 1974 ە.
هەتا کۆمتر دەبێ پشتم پتر هەڵدەکشێ مینی ژۆپ
ئیتر دەستم بەداوێنی کچی ئەم شارە ڕاناگا
پەیامی ڕانەگەیێندراو
پەیامی من بەگوێی ئەم دڵبەرە نازدارە ڕاناگا
نەسیم بێ سیم دەبینێ، شل دەبێ، بەم کارە ڕاناگا
گوتی سەبرت هەبێ دووبارە دێمەوە دیتنت ئەمما
لە کورتی دا تەمەن، وا دیارە بەو دیدارە ڕاناگا
وەکوو پەروانە دەوری لێ دەدەن لاوانی خۆوڵاتی
گوڵی ئێرە بەژوانی بولبولی ئاوارە ڕاناگا
نەخۆش و دەردەدار و دڵ بریندارم، پەرستارێک
بەحاڵی ئەم دڵە پڕ ژان و پڕ ئازارە ڕاناگا
دەکەی ماچی دەم و لێوان ئەگەر هێز و گوڕێکت بێ
دەنا جوانێک بەدەردی ئاشقی بێ چارە ڕاناگا
هەتا کۆمتر دەبێ پشتم پتر هەڵدەکشێ مینی ژۆپ
ئیتر دەستم بەداوێنی کچی ئەم شارە ڕاناگا
دەبێ بولبول لە من فێربێ غەزەل خوێنی، بەڵام چبکەم
گرفتارم، چریکەم بەو گوڵ و گوڵزارە ڕاناگا
شێعر لای من