چەن ڕەوشتێکی بەرزی حەماغای گەورە لە زمانی کوێخا حەوێز

( پۆلێنبەندی و بە ژمارە نیشاندان، کاری منە لە پێناو ئامانجێکی دیاریکراو- بۆ خوێندنەوەی تەواو و لە سەر شێوەی نووسراوی مامۆستا مەسعوود محەممەد تکایە بڕواننە کتێبەکە، لاپەڕەکانی 114-115)

  1. نانی بە موتفەڕک دەشیا لەچاو ئاغای دیکەدا، چونکە بە عیبادەت بوو، نوێژ و ڕۆژووی پوخت بوون،
  2. لەشی بۆ عیبادەت سووک بوو هیچ تەنبەڵی تێدا نەدەکرد
  3. بەزۆری لە دیوەخانە مەلای هەبوو بۆ پێشنوێژی.
  4. بایەخ و ڕێزی مەلا دیندارەکانی بەزیادەوە لا هەبوو.
  5. نەیدەگوت ئەم خواردنە ناخۆم، هەرچی هەبوایە پێی ڕازی بوو. لە زاری ئەوەوە کوێخا دەڵێ بە خواردن ڕازی نەبوون ڕقەبەریکردنە لەگەڵ خوادا.
  6. نە بەچاوی سووک سەیری خەڵقی دەکرد و
  7. نە ناوی کەسیشی بە سووکی دەهێنا.
  8. هەر پرسێکی پێکرابایە ئەگەر بیزانیبایە وەڵامی دەدایەوە.
  9. ڕقی لە پیاوی درۆزن و خۆهەڵکێش بوو. کەسێکی مەدح و سەنای خۆی بکردایە بە پیاوی نەدەزانی،
  10. مەیدانیشی نەدەدایە خۆهەڵکێش قسە بکات، چونکە بەلایەوە یەکێک خۆهەڵکێش نەبێ گوێ لە خۆهەڵکێش ناگرێ.
  11. پێی ناخۆش بوو کەسێک پرسی پێنەکرابێ لەخۆوە وەڵامی پرسیاری غەیری خۆی بداتەوە. حەماغا لە بارەی ئەو جۆرە کەسانە گوتووەتی زۆرکەس هەیە پرسیار لە مەلا دەکرێ ئەو لەجیاتی مەلا جەواب دەداتەوە جارێ مەلاش لە پرسیارەکە حاڵی نەبوە.
  12. ئەگەر حەماغا فەرمانی بە خراپە دابایە زوو لەسەری پەشێمان دەبۆوە،
  13. ئنجا ئەگەر فەرمانەکەی جێبەجێ کرابایە حەفتا جار پەشیمانی بۆ خوا دەکێشا،
  14. ئەگەر نەشکرابایە دەجار پەشیمان دەبۆوە «الحمد اللە»ی دەگوتەوە و شتێکیشی دەبەخشییەوە.

سەرچاوە: حەماغای گەورە، مەسعوود محەمەد. کەرەج: مانگ، پاییزی 1398.