گەشتێک لەگەڵ ژەنەڕاڵی پاییز بۆ شوێنێکی ئازیز
گەشتێک لەگەڵ ژەنەڕاڵی پاییز بۆ شوێنێکی ئازیز
مەهدی سەییدی
ئەمڕۆ بینینی کاروباری کلاسەکانی مەدرەسەی ئاواییەکەی دراوسێمان لەبەرنامەدا بوو. تاکوو کرانەوەی قوتابخانە نێزیکەی ساعەتێک دەرفەتم هەبوو. بەرەو پشتی ئاویەر و ڕێگە نافەرمی و خاک و خۆڵینەی بەرەو دادانە وەڕێ کەوتم. پاش پانزە خولەک لە شوێنیک وێستام و چەن وێنەیەکم لە دارودرەختی وەرزی پایز و ژەنەڕاڵی پایز گرت. پایز بێت و گەڵای هەڵوەریو و شیعرەبەرزەکەی ژەنەڕاڵی پاییز.
دەنگی چەند کەسێکم هاتە گوێ. چووم بۆ لایان و پاش ماندوونەبوونی وتم بە داخەوە جلوبەرگ و پێڵاوی ئیشکردنم پێ نییە ئەگینا دەهاتم و یارمەتیم دەدان.
سپاسیان کرد و تەعارفی چایی کتری و قۆری/ قۆڕییە ڕەشەیان کرد. بەو پەڕی خۆشییەوە قەبووڵم کرد و وتم بە مەرجێ موزاحیمی کارەکەتان نەبم. وتیان کاتی نان و چایی نیمەڕۆیە و موزاحیم نیت. لالۆ جبڕەئیل بە تەمەنتر بوو. دەست و برد چای ساز کرد و هێنای.
دواتر سفرە و خوانی ڕازاوەی دەشتەکییان ڕازاندەوە و بووم بە میوانی ئەم لالۆیەی و گەنجێکی هاوڕێی.
کەوتینە وتووێژ
باسی لێکچوونی کاروباری خۆم و کشتوکاڵی ئەوان کرد.
وتم هەروا کە ئێوە ئێستە کار ئەکەن لەوانەیە داهاتەکەی ساڵێکیتر یان چەن ساڵێکی دیکە بێتە بەرهەم.
ئێمەش هەروا.
وتم هەرچەنێک ئێوە خزمەتی ئەم دار و دەشت و خاکە بکەن و هەرەسی بکەن و کوودی بۆ بێنن و گووگردی تێبکەن و شەخەڵ و لقوپۆی وشک و هەڵوەریوی لێ لاببەن لە کۆتاییدا دەبێ هەر خودی درەختە کە دەبێت گەشە کات و گەورە بێت.
ئێمەش هەروا.
باسی حەڵاڵبوون و ڕاستی و درووستی کارمان کرد کە ئاوا بەو پەڕی پاکی و دەسپاکی دەتانهەوێ ئیش بکەن.
ئێمەش هەروا.
وە ئەم ڕستەم بەوان نەوت. تەنیا لە مێشکی خۆمدابوو:
بە کاری ئێوە دەڵێن Agriculture و بە کاری ئێمەش دەڵێن cultural . ئەمە تەنیا لێکچوون( تشبیە) نییە ئەمە یەکبوونە.
ئەم چەن ڕستەیەی چێشتی مجێورم بۆ خوێندنەوە کە مامۆستا هەژار دەفەرموێ:
لە نازداری و خلیسک و خاوی دوورەپەرێز بە! بەشی تەنبەڵ و تەنپەروەر، هەر نەبوونی و ئابرووچوونە و ناچار دەبێ دەم لە بەر نامەردان پان کاتەوە. ئەوەندەش بزانە مانای ئەو قسە زۆر هاسانە: «هەر کەس کارت کەوتە لای و بۆ یاریدەدان لە بەری پاڕایەوە، نامەردە!». کە وا بێ ئەو دوعایەی کە دەڵێن: «خودایە موحتاجی دەستی نامەردم نەکەی»، یانی موحتاجی دەستی کەسم نەکەی.
گەنجەکەش باسی دەرس خوێندنی خۆی دەکرد. باسی ئەوەی کرد کە ساڵی ڕابردووش لە ئازموونی کارناسیی باڵا بەشداری کردووە و بەڵام قەبووڵ نەبووە.
لە کۆتایی ئەم میوانی و دانیشتنە لە داوێنی ئاویەری باڵابەرز و پشت بە قەڵای سەربەرزی حەسەن ئاوا و لە نزیک خڕەچەرموو ماڵئاواییم لێخواستن و بۆ ڕێزگرتن لە میواندارییەکەیان تێنووس و پێنووسێکم ( دفتر یادداشت و خودکار) وەکوو یادگاری بۆ ناو کەوێڵەکەی دانا.
بەرەو قوتابخانە وەڕێکەتم.
لە سەر ئیزنی بەڕێوبەر و دەبیری کلاس چوومە کلاسی دەی ئینسانی.کلاسێک بە 33 نەفەر قوتابی.
باسی دەنگ و بێدەنگ و بڕگە( مصوت و صامت و هجا) بوو. باسی جۆرەکانی بڕگە بوو کە بۆ زانستی عەرووز پێویستە. دەبیر بە باشی باسی جۆرەکانی بڕگەی کرد و پاشان چەند بەیتێکی خوێندەوە کە هەر بەیت و هەر کێش(وزن)ێک لەحنی تایبەتی خۆی پێویستە. پێشنیاری بە من کرد کە بەیتێکی کوردی بخوێنمەوە. پەنام بردە لای حەزرەتی مەحوی و ئەم بەیتەم هەڵبژارد:
دەخیلت بم کوڕی ئەمڕۆ بە فەردا وادەکەم هیچە
چ فەردا هات و تیا نەکراوە کارێک و بووە دوێنێ
داوام لە قوتابییان کرد کە ئەگەر کەسێک کوردی ئەزانێ بچێت و لە سەر تەختەی چەرموو بینووسێت. ئەگەر هەڵەی نەبێ یان هەڵەی کەم بێت، کتێبێک وەک خەڵاتی پێشکەشی دەکەم. شنیا چوو. نووسی و باشی نووسی و منیش کتێبی زمان و وێژەی کوردی م پێشکەش کرد.
دواتر دەبیر کە خۆی خەڵکی بەلووچستانە شیعرێکی بەلووچی بۆ خوێندینەوە و وەریگێڕایەوە سەر زمانی فارسی.
منیش چەن خولەکێک سەبارەت بە خوێندن و خوێندنەوە و کتێب و کارەکانی گرووە ئامووزشی و چاپی کتێبەکان بۆ قوتابیان دوام و نوسخەیەک لە کتێبی خۆژیاناننامەی دەبیران ادبیاتم پێشکەش بە دەبیر کرد کە تازە سێ مانگە هاتووە و سەدان کیلۆمەتری بڕیوە و لە کوردستان گرساوەتەوە.
زەنگی هەوەڵ تەواو بوو و هاوڕێ لەگەڵ دەبیر چووین بۆ دەفتەر و درێژەی باس و خواستی کلاس و دەرس.
باش لە بیرمە دوو ساڵ لەوەپێشیش لە خزمەت دیکەی سەرگرووهەکان بۆ ئەم مەدرەسە هاتبووین. ئەو کات قوتابییەکم ناسی و ئەمە زیاتر لە دوو ساڵە لە ڕێگەی شادوە پەیجووری دەرس و وانەکەییم. داوام لە مودیر کرد کە بانگی کات با بیبینم چونکوو هەرچی بووە لە ڕێگەی نووسین و پەیامەوە بووە. ئەویش هات و بە ڕواڵەتیش بینیم و ناسیم و بۆ ڕێزگرتن لە چالاکییەکانی لە کتێبە کوردییەکە، بەشی ئەویشی تێکەوت. بە پێی وتەکانی مودیر ئەم قوتابیە یەکێک لەو کەسانەیە کە ئەمساڵ هیوای قایممان پێیەتی و جێی دڵخۆشییە.
بۆ زەنگی دووهەم و دیسان بە پێشنیاری مودیر چوومە کلاسی یانزەی ئینسانی. جەماوەری کلاس کەم بوو و قەرەباڵغی پایە دەی ئینسانی نەبوو. ئەم کلاسە زیاتر لە هونەرمەند ئەچوون کە بە نەققاشی و خۆشنووسی زۆر و لەڕادەبەدەر هونەری خۆیان نیشان دابوو. لێرەش باسەکە زیاتر لە دۆزینەوەی ڕێچارەیەک بوو بۆ کێشەکانمان لە خوێندن و تەدریس و قەبووڵی لە کونکوور، بە چیرۆکەکەی دینۆ بۆتزاتی کۆتاییم بەو بەشە هانی. بەڵام بە بۆنەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی شۆڕای دانش ئامووزی نەکرا باسەکە بە تێروتەسەلی قسەی لێبکرێ. هەر بۆیە خوا یار بێ لە زووترین کاتا دەبێ بگەڕێمەوە بۆ ئەم کلاسە لەم مەدرەسە و بۆ سەرلە نوێ بینینییەوەی ئەم مرۆڤە زیندوو و چالاک و هونەرمەندانە کە هۆگری خوێندن و خوێندنەوە و بیرکردنەوەن.
بڕیار بوو شەو لە مەدرەسەی خۆمان جەلەسەی شۆڕای دەبیران بەڕێوە بچێ. هەم باسوخواسی ئیمتەحان و کاروباری مەدرەسە بکرێت و هەم ڕێز بگیرێ لە سێ کەس لە هاوکارانی ساڵی ڕابردوو کە بە تازەیی خانەنشین بوون. هەر بۆیە نزیکەو زەردەپەڕ گەیشتمەوە ناو شار و ناو مەدرەسە و هەواڵێکی یەکجار خۆشم بیست:
خۆشەویستێک لە ناخۆشییەکەی ڕزگار بووە و توانییویەتی شکست بە شێرپەنجەی تایبەتی بێنێت.
ز خویش رفتهام اما نرفتهام جایی
غبار راه توام تا کیام زنی پایی
نشستهام به ادبگاه مکتب تحقیق
هزار اسم گره بسته در معمایی
بیدل دهلوی
21/9/1401
شێعر لای من