شێعرێکی کتێب ئامێز
...
شێرکۆ بێکەس
لە کتێبی ئێستا کچێک نیشتمانمە
بەیانییتان باش!
من ناوم کتێبە
هەزاران هەزار دەم و چاو و
هەزاران هەزار وڵات و دڵ و دەروونم هەیە.
جاری وا هەیە پڕم لە خۆشەویستی،
لە لێبوردن، لە بەزەیی، لە عەقڵی ڕووناک،
لە ئازادی
جاری وایش هەیە پڕم لە ڕق و لە بوغز و
لە تۆڵە و تاریکی
گەلێ جار بە دەنگێکی گڕ ئەدوێم و
گەلێ جاریش بە دەنگێکی ناسک
جارێ مێم و جارێ نێر و
زمانم سەدان زمانە و
پێناسەیشم لە هەزار ڕەنگ.
من سەرینم پەنجەکانی هەردوو دەستە و
وشە و دێڕ و لاپەڕەیشم عاشقی چاو
ئەو وەختەی منت بە دڵ بێ
ئەبمە جوانترین هاوڕێت.
لەوانەیە ئاگری شەڕم خۆشکردبێ و
لەوانەیشە بووبم بە ئاسمانی ئاشتی...
من لە قوڕەوە کتێبم
هێندەی "گلگامش"یش کۆنم..
من نەبوومایە ژیان کوێر ئەبوو
سبەی نەئەبوو.. مێژوو ون ئەبوو
جاری وا هەیە ئەستوور ئەستوورم و
جار وایش هەیە باریک باریک.
ئەمڕۆ کۆترێک هات بۆ لام
دەنووک بە خەندە و چاو ڕووناک
وتی: وەرە، کتێبخانەیەک خۆشەویست
کتێبخانەیەک بەخشدە بانگت ئەکات.
خاوەنی ئەم مەکتەبەیە: هەتاوێکی خوێندەوارە
نە خورافات ئاسمانێتی و نە مقەستیش سانسۆرێتی
بەڵام پاسەوانێکی عاشقی وەک تۆی ئەوێ
تا کۆترەکان و وشەکان و وێنەکان نەدزرێن.
من ئیستاکە دە ڕۆژ زیاترە وام لەناو مەملەکەتی
ئەم هەتاوە بەرینەدا،
عەشقی ڕۆزانام تێکەڵی ئەم دەغڵ و دانی کتێبانە کردووە.
من هەست ئەکەم لەم شوێنەدا هەموو ڕۆژێ
ڕووبارێکی تازە
باخچەیەکی تازە و فڕێنێکی تازە فێر ئەبم.
من هەست ئەکەم هەموو ڕۆژێ تارماییەکی مێژووی کۆن.
خێو و دێو و درنجێکی درۆی دیرۆک بەجێدێڵم.
هەموو ڕۆژێ تیشکێک لە ئایندەدا ئەچێنم و
ئەسپی خۆرێک ڕام ئەکەم و ئەیکەم بە مزگێنی ڕێگا!
هەموو شەوێکیش شیعرێکی جوانکیلەی
وەکوو ڕۆزانا لەسەر ئەم جەستە ماندووە هەڵئەکەنم
شێعر لای من