کرمی ناوخۆ

مامۆستا هەژار لە ١٩٢١ ز. لە مەهاباد لە دایک بووە.

لە ١٩٩١ ز. لە کەرەج کۆچی دوایی کردووە.

لە ٢٠٢١ز. پەیکەرەکەی لە مەهابادا دەسووتێنرێ.

ئەو لە ماوەی حەفتا ساڵەی ژیانی،  چەن هەزار لاپەڕەی نووسیوە و ئەمانیش بە درێژایی تەمەنیان حەفتا لاپەڕەیان بە بیرکردنەوە نەخوێندۆتەوە.

ئیتر دیارە، کامیان لە گەردوونەی ئاشی مێژوو و لە گەڕی گەردوون هەرمان دەبن و لای خەڵک دەمێنن. ڕاستە بە لقێ شەمچە=شقارتە=گورد دەکرێ پەیکەرەیەکی چەن متری بسووتێنی بەڵام گڕی هیچ ئاگرێک ناتوانێ تۆی ئەندێشەی دووتۆی کتێبەکانی بفەوتێنێ کە ساڵەهای ساڵە کەوتۆتە بەرهەم هێنان. 

( کە وێنەی پەیکەرە سووتاوەکەی هەژارم بینی بیری ئەم شێعرەی خۆی کەوتمەوە)

مالۆچە لە دار بی هاڵا

ڕۆژێک لە گەڵیا دەیکرد سکاڵا

ئاواڵ! بۆ کزی؟ بۆ ڕەنگت زەردە؟

نە تینووی ئاوی، نە جێگەت بەردە

بیور ناتبڕێ لە چی دەپرسی؟

لە کڕووسینەوەی بزن ئەترسی؟

بەرز و ئەستووری، ڕەگت کوتاوە

دژیی و کەنەفتیی بنێرە لاوە

بڕوانە منی باریک و بێ تین

هەروا هەڵدەچم، گەڵا تورت و شین

ڕێگەی پاییزی مەرگم لە پێشە

هێشتا وەکوو تۆ نیمە ئەندیشە

******

بە هەناسەیەک سەری دار لەری

قرچەی لە دڵ هات چەند گەڵای وەری

گوتی: ئاودەنگی شۆخ و شەنگی من

لاوێنەرەوەی دڵی تەنگی من

ژانم گرانە و ناسۆرم زۆرە

دار کە دەقەڵشێ لە دارە هۆرە

کرمم تێ دایە و ئەویش لە خۆمە

لە کرتاندنی ڕاهێڵ و پۆمە

******

هەر دارێ کرمی لەناو خۆیدایە

دەشکێ و دەکەوێ بە سووکە بایە

مالۆچە: مالوچ، جۆرە گیایەکە=پیچک

بیور:تەوەر= تبر

لە کتێبی، هەژار بۆ کوردستان، ل.٢٥١/

تهران:پانیذ، ١٣٩٥