دوادڵۆپەکانی شیر و خوێن
دوادڵۆپەکانی شیر و خوێن

هاوینی 1358 ی هەتاوی
لە کار و پیشەی خۆی شارەزا بوو و هەر بەو بۆنە بە وەستا ناسرابوو. جیا لە کار و پیشەکەی ئەو ساڵە لە زەوی کشتوکاڵییەکەیدا وێنجەی کردبوو. بە هۆی لەبار بوونی کەش و هەوا و ئاودێری زۆرەوە وێنجەکە زۆر بە باشی ڕووا بوو و وەستاش دڵی زۆر پێخۆش بووە کە ئاوا بەرهەمێکی هەیە.
ڕۆژێکیان وەستا دێڵەسەگێکی ڕاونابوو. تفەنگێکی تاپڕ بە دەستەوە و بۆسەی بۆ ئەنایەوە. کە لێیان پرسی چی بووە؟ وتی:
ئەودێڵە سەگەسەگبابە چۆتە ناو وێنجەکەو هەمووی شێلاوە و لە حەرامی گەڕاندووە. دەبێ هەر بیتپۆێنم.
کەسانی دەور و بەر تکایان لێکرد ئیشت بە سەرییەوە نەبێت ئەوە تازەبەتازە ترەکیوە و بێچوو و توتکی هەیە.
بە من چی؟ جا چۆن شتی وا دەبێ؟ چۆن ئەبێ وێنجەی من پێشێل بێت و بە فیڕۆ بدرێ. دەبێ هەر بیتۆپێنم و تەواو. شەرت بێ هەر لە دەمی بدەم.
بێ قەراری و تووڕەیی وەستا گەیشتبووە لوتکە.
دێڵەسەگەکەش هەروا بێ قەرار بوو. دیار بوو ماوەیەک لە شیرپێدان بە بێچووەکانی تێپەڕیبوو. وەستا دەرفەتی پێنەدابوو بچێتە لای بێچووەکانی بۆ ئەوەی گوانەکانی شۆڕ ببوونەوە. بێچووەکانی لەو پەڕی بێ تاقەتیدا بوو. دایک شیری زۆر بوو و بیچووەکانیش زۆر برسی.
بەرەو کولانەکەی چوو. لە تەنیشت بەرزایی یەکدا چاڵۆکەیەکی ساز کردبوو و هەر لەوێ تەرەکیبوو. دەرفەتێ بچووکی قۆستەوە. خۆی کێشا بە سەر چاڵەکەدا و تووتکەکانیش تەموورەیان دا و شیریان نۆشی و نۆشی و نۆشی و بەڵام دایک هەر دڵەڕاوکێی بوو. ئەیزانی کەسێک بە شوێنیۆیەتی. ئەیزانی دوژمنەکەی و ڕاونەرەکەی وەستایە و وەستایەکی ڕاوچیی خاوەن تفەنگی تاپڕە بەڵام لە ئاستی ئەو بەس تاپڕ نەبوو بەڵکوو جبەخانە بوو.
خەریک بوو حەز و تاسە و ئۆخە لە دڵی دایک کەوێ کە ئەمجارەش توانیویەتی ئیشی دایکانەی خۆی ڕاپەڕێنێ. دەمی کردەوە و هەناسەیەکی قووڵی کێشا. تەقەیەک لە ناو دەمی هەستا و گوللەی تاپڕی وەستا ئەو چاڵۆکە و ئەو کولانە و دەوروبەری ئەو بێچووانەی پڕ کرد لە خوێن.
دایک دوا دڵۆپەکانی شیرەکەی خۆی بەخشی بە بێچووەکانی و وەستاش زۆر بە وەستایی دوادڵۆپی خوێنی ئەم سەگەی بە سەر بێچووەکان بەخشی.
پەنج مانگ دواتر
وەستا وێنجەکەی دوورییەوە و داهاتێکی باشی بووە. زۆریش دڵخۆشە. لە ناوەڕاستی چەن برادەر و برایەکی ڕاوەستاوە.
شەڕی ناوخۆ دەستی پێکردبوو. لە لایەن پێگە و شوێنێکی سەربازییەوە بە درێژایی چەن کیلۆمترێک خومپارەیەکی وێڵەکی ناوێڵەکی هات و هات و هات و ڕاست لە دەم و قەپۆزی وەستای دا و کەوت و ئیتر هەڵنەستایەوە.
خومپارەیەک دوادڵۆپی خوێنی ئەم باوکەی بە سەر عەرزا ڕژان و دەرفەتی نەما کە داهاتی وێنجە کە و بەرهەمی زەوی و کشتو کاڵییەکەی بە مناڵەکانی خۆی ببەخشێ.
1399/10/22
شێعر لای من