یادداشتی سێهەم لە بیرەوەرییەکانی حاجی مامۆستا ئیمامی

"وەفایی و باوکم.......

باوکم( مەلا خدری ئیمامی) فەرمووی من لە شاری سابڵاغ لە مزگەوتی سوور دەمخوێند، سووختە بووم لای عەسرانە بە داب و نەریتی فەقێیەتی لە کوردستان، نانم دەچنییەوە. ڕۆژێکیان بە لای نانەواخانەیەکدا ڕابووم، دیم پیاویکی ڕیش سپیی سەر و سیما جوان لەوێ نانی وەدەرگرت، کاتێ نانەکەی وەرگرت، وتی: فەقێ وەرە کارم پێتە.

ئەمنیش شوێنی کەوتم. سێ چوار کووچە ڕۆیشتین لە دەرکەیەکی دا. هەڵیانگرت و پێش ئەوەی بچێتە ژوورەوە دەستی برد لەو نانەی کە لە نانەواخانە وەریگرتبوو نانێکی پێدام.

کوتم باشە بۆ هەر لەوێ نەتدامێ؟

کوتی مەبەستم ئەوە بوو کە ماڵی ئێمە فێر بی و هەموو ڕۆژێ بێی نان و پێخۆر بەری بۆ فەقێکان. عەرزم کرد تۆ کێی؟

فەرمووی من پێم دەڵێن: وەفایی.

ئەم ڕووداوە دەبێ ساڵەکانی 1316 یا 1317ی کۆچی مانگی ڕووی دابێ، چونکوو باوکم ساڵی 1319 ی مانگی کتێبی سیوتی خوێندووە و تاریخی بەم جۆرە بۆ داناوە."

  ل. 378

بیرەوەرییەکانی حاجی مامۆستا ئیمامی. ئامادەکردن و ورگێڕانی: سەید هیدایەت هیدایەتی، سەقز، خانی، 1399.