کتێبی بیرەوەرییەکانی حاجی مامۆستا ئیمامی بڵاوکرایەوە

ماڵی کتێبی کوردی آبان ۱۲, ۱۳۹۹ 

http://kurdishbookhouse.com/ku/100-417/

کتێبی بیرەوەرییەکانی حاجی مامۆستا ئیمامی بڵاوکرایەوە

چاپەمەنی خانی

چاپەمەنی خانی لە درێژەی چالاکییەکانی‌دا کتێبی بیرەوەرییەکانی حاجی مامۆستا ئیمامی چاپ و بڵاو کردەوە. وەرگێڕ و ئامادەکاری ئەو کتێبە سەیدهیدایەت هیدایەتییە. کتێبەکە ٤٢٢ لاپەڕەیە.

مەلا محەمەد ئیمامی ناسراو بە حاجی مامۆستا ئیمامی، یەکێک لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ناوچەی سەقز و بانە و لە دوایین یادگارەکانی کۆمەڵەی ( ژ. ک) بوو.

بیرەورییەکانی حاجی مامۆستا چەند تایبەت‌مەندی گرینگی هەیە:

یەکەم : لەگەڵ ئەوەی چیرۆکی ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، بەردەوام ئاوڕ لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەری دەداتەوە و بە جۆرێک مێژووی سەردەمی خۆشی وێنا دەکا. چیرۆک و مێژوو و سیاسەت و ئایین لەو بیرەوەرییانەدا ئاوێتەی یەک دەبن، تاکوو سەردەمێکی تایبەت، بە چاویلکەیەکی تایبەتەوە بگێڕدرێتەوه.

دووهەم: نووسەری بیرەوەرییەکان لە زۆربەی ڕووداوەکان‌دا وەک تاکێک بەشدار بووە و بە ڕوانگەیەکی ئایینی _ نەتەوەیی، ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە. نووسەر تەنیا ڕاوی نییە و خۆشی وەک تاک بەشدار بووە.

سێهەم: بە وردی پەرژاوەتە سەر ڕووداوەکانی گەورکی بانە و سەقز. دەڤەرێک کە کەم‌تر ئاوڕی لێ دراوەتەوە.

چوارەم: بە بوێرییەوە ڕووداوەکان دەگێڕێتەوە و لاگیری‌کردنی خۆی لە گێڕانەوەکانی‌دا ناشارێتەوە. چونکە لە گێڕانەوەی مێژوو، بێ‌لایەنیی نە ئیمکانی هەیە و نە کارێکی ئەخلاقیشە.

بیرەوەرییەکانی حاجی مامۆستا تا دەگاتە شۆڕشی ئێران، زۆر ورد و تاکەکەسییانە و بە ڕاوێژی نەتەوەیی ئایینییەوە دەگێڕدرێتەوە و زۆر درەوشاوە و بەهێزەوە ئەو هاوسەنگییە دەپارێزێ. بەڵام کاتێک تێکەڵاوی لایەنێکی تایبەتی ئایینی لە کوردستان دەبێ، وەگێڕ و ڕاوی بیڕەوەرییەکان دەکەوێتە پەڕاوێزەوە و وەک تاکەکەس کەم‌تر دەبینرێ و چاویلکەی تایبەتی مامۆستا لەنێو هەراوبەزم و تەپ‌وتۆزی شۆڕش‌دا بزر دەبێ. هەربۆیە لە سەد لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکە، حاجی مامۆستا فریا ناکەوێ ئاوڕ لە ژیانی تاکەکەسی خۆی بداتەوە. یانی گێڕانەوه و بیرەوەری و ژیاننامە دەکەوێتە پەڕاوێزی لایەنگری کردن و هێندێک‌جار دژایەتی کردن.

سەڕەڕای ئەو ڕاستییە، حاجی مامۆستا لە ژیانی تاکەکەسی خۆی‌ و دواتر بە وەرگێڕانی حافز بە کوردی و مەحوی بە فارسی سەلماندی کە ئەو هەمیشە نەتەوەشی وەک ئایین بۆ گرینگە و هیچیانی بۆ هیچیان وەلا نەناوە و ئەو هەر مامۆستای گەل و نیشتمانە.

هیوادارین ئەو کتێبە بخوێندرێتەوە و وەک ئامادەکار و وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا دەڵێ دڵنیاین دەرخەر و ڕوون‌کەرەوەی زۆر لایەنی تاریکی، مێژووی کوردستانە…

ئەم بابەتە تایبەتە بە ماڵی کتێبی کوردی و بڵاوکردنەوەی بە ئاماژەدان بە سەرچاوە ڕێگە پێدراوە.