دەس لە مردووە بە شەرەفەکانمان هەڵگرین

دەزانم لێرەدا من خەریکی کارێکی بێسەروپێم لەو ڕوەوە کە ئەم تەرزە دەمەتەقەیە بە هیچ کلۆجێک ڕوو لە شیعری نالی ناکات ئەگەر بە زۆرەملێ ڕووی تێنەکەین، بەڵام سووچی من چییە خوێندەواری کوردی ئەم سەردەمە دێت سواری سەروپۆتەراکی شاعیری وەک نالی دەبێت و مۆرفین و جندۆکە و دەرەبەگایەتی لە شیعرەکانی هەڵدێنجێ و گەنجی شلک و تازەشی پێ سەرلێشێواو دەکات. دەبێ بزانین فکرێکی هەڵە کە چووە مێشکی خوێندەواری گەنجەوە وەها نەقش بەستوو دەبێ یەکجار بە زەحمەت لێی دەسڕێتەوە یاخود هەر ناسڕێتەوە.

کەواتە پێویستە لەتەک فکرێکی هەڵە یەکێکی تر هەبێ تای پکاتەوە و ئیحتیمالی ڕاستکردنەوەی سەهووی نێو هەڵەکە لە مێشکی گەنجدا بەردەست بکات بەر لەوەی سەهوەکە بە تەواوی جێگیر بێت. ئەم مەبەستەش لە بەیندا نەبێت پێویستە ڕاستی بگوترێت و پەردەی لەسەر هەڵدرێتەوە، هەر نەبێ بۆ ئەوە لە بەرانبەر بیروڕای هەڵەدا هی ڕاستیش نموودێکی هەبێ.

لەمانەش هەموو وازبێنین با لەگەڵ نەفسی خۆماندا هەڵوەستی شەرم و حەیا بکەین دەبێ دەستی ستەم و ناڕەوایی مرۆڤی بێڕەحمی ئەم سەردەمە لە مردووە بە شەرەفەکانمان کۆتا کەین، لە حاڵێکدا هەمان دەست پەیکەری تەقدیس بۆ زیندووی دڕندەی کوشندەی دەوالپێی خۆسەپێنی میللەتتۆقێنی میللەتفرۆشیش بەرپا دەکات و دێتە ناو چاویشتەوە و دەمکوتیشت دەکات. کە دەوری دڕندە دەوالپێیەکەش بەسەرچوو هەمان دەست کە پەیکەری بۆ دروست دەکرد چەپڵەڕێزان دادەنێتەوە بۆ یەکێکی تر، بەڵام بە درێژایی کات هەر لە بیریەتی دژی مردووە بێتاوانەکانمان بێت و بە گوناهباریان لە قەڵەم بدات. بەدەنگ هاتنی ئەم نووسینە لەم هەڵکەوتە سەرەوبنە «فرض الکفایە»یێکە وەک نوێژی سەر مردوو کە ئەگەر کەس نەیکات هەموو کەسی زیندوو تاوانبار دەبێت.

لاپەڕەی 204-205

سەرچاوە: چەپکێک لە گوڵزاری نالی، مەسعوود محەممەد، کەرەج، مانگ: زستانی 1396.

#کتێب_کوردی

#مەسعوود_محەممەد

#نالی

#انتشارات_مانگ_کرج

#قسەی_نەستەق

#ڤەژینبووکس

#مهدی_سیّدی_هۆژان

#mamosta.net