لە سەڕڕا بێکەس و هەتیو بوومەوە
کەوچکێک لە چێشتی مجێور
لە سەڕڕا بێکەس و هەتیو بوومەوە
بە یادی خوشکە شەهلا مەجیدی
لەپێناو چالاکییەکانی
لە بواری خزمەت بە زمانی کوردی
دەمم لە کاسبی شیرین بوو. وردە وردە مەڕم کڕی، ماینم کڕی و بوومە ماڵێک لە ڕێزی ماڵان. بەڵام گیروگرفتیتر هاتە بەر: «سادق» تەمەنی هەشت مانگ بوو، دایک مێردی کردەوە و بەجێی هێشتین. خوشکم هێشتا منداڵ بوو؛ ناچار بووین لە ژنی ناو دێ یارمەتی بخوازین کە بە نان کردن و ماڵات دۆشین و مەشکە ژەندن ڕابگەن کە ئەوانیش جگە لە هەقی خۆیان نیوە بە نیوەیان دەدزی. گوتیان چار ئەوەیە ژن بێنی کە هەم ئاگای لە ماڵ و هەم لە برا چکۆلەکەت دەبێ. کەوتمە حەولی ژن هێنان. لە هەر کوێ کیژێکیان ناو دەبرد کە جوان و باشە، سەرم لێ دەدا، یان من کەیفم نەیدەگرتن یان ئەوان پێم ڕازی نەدەبوون. ڕۆژێک کە دەگەڵ کاروانێک دەچوومە بۆکان، لە ڕێ تووشی کیژێک بووین کە دەچووە مەزرای باوکی، زۆرم دڵ گرتی، ئەویش نیوە ئاوڕێکی لێ دامەوە. زۆری نەبرد کە خواوڕاستان ئەو کچە دەگەڵ هەواڵانی خۆی هاتبووە تەرەغە بۆ سەیران و ماینەکەی لە حەوشی ئێمە بەستبۆوە و خۆی میوانی حافزێک بوو. حافزم کردە دەڵاڵ و بۆی سازدام و خۆم و کەسێکی تریش چووینە خوازبێنی لای باوکی. باوکی کچ گوتی:
- بە منداڵی لەسەر بێشکە لە کەسێکم مارە کردووە کە نایەوێ مێردی پێ بکا. بە کێ قایل بێ بەوی دەدەم؛ با پرسی پێ بکەم.
دیار بوو پرسی بە قازانجم بوو. ئەوجار پرسی:
- دەوڵەمەندی؟ دێمە ماڵت بزانم چت هەیە.
گوتم: باشە دوای دوو ڕۆژ وەرە، من هەموو فەڕش و نوێنی ئاوایی دەخوازمەوە، مەڕ و مانگایەکی زۆریش دەخەمە حەوشەوە، ئەوسا دەڵێم دەوڵەمەندم. مامی خۆم! تۆ ئەگەر کچ بە دەوڵەت دەدەی، ئەگەر لە ئێستا فەقیرتر بووم دەبێ لێک جیا بینەوە. من شەریکی عومرم دەوێ کە سواڵیشم دەگەڵ بکات.
کابرا پێکەنی و گوتی ڕاستە. تەڵاقی کیژم بە سەد تمەن کڕیەوە و مارەم کرد. وا بوومە خاوەن ژن. بەڵام هەر ژن بەبوو، ڕەحمەتی خودا بوو. هەر چەند باوکی بە چەتە و دز و توش و جنگن ناوی دەرکردبوو، ئەو تەواو بە پێچەوانە زۆر نەرم و نیان و بە سەبر و حەوسەلە، زۆر فامیدە، کارزان، لە هەموو وەرزێرێک پتر لە وەرزێری سەری دەردەچوو. کابانێکی کەم وێنە بوو.
زۆر زوو حەسامەوە، کاروباری منی گرتبووە ئەستۆی خۆی. بە مەزرا و ماڵ ڕادەگەیشت. هەمیشە ڕووخۆش و گەش بوو. دۆستانی گوندی دیکەم دەیانگوت خۆزگە ئەگەر میوانی ماڵە تۆ دەبین تۆ لە ماڵ نەبی، چونکە «سەیدزادە ئایشێ» لە خۆت پتر قەدرمان دەگرێ.
لە کچی «سەید قادری بوغدەداغی» کوڕێکم هاتە دنیا و پاش پێنج ڕۆژ مرد. پیرێژنان دەیانگوت ئاڵە و شەوە بردوویانە... جارێکی دیکە حامیلە بوو. لەو ناوەدا من نەخۆشی گرانەتام گرت و زۆر پیسی خستم. لە ترسی گرتنەوە نەدەبوایە کەس نزیکم کەوێ. ئەو ژنە ئارەقی لەشمی بە زمان دەلستەوە... من چا بوومەوە بەڵام ئەو زۆری نەبرد کە تووشی گرانەتا هات و پاش نۆ ڕۆژ بە نەخۆشی کوڕێکی لەبەر چوو، بۆ خۆشی مرد. لە سەڕڕا بێکەس و هەتیو بوومەوە. زەمانە لە باتی ئەو تۆزە خۆشییەی ژیانم، تاڵاو و ژەقنەمووتی بە گەرودا کردم. لە قەسیدە درێژەکەی بەرەو موکریاندا باسێکم لێوە کردووە.
لاپەڕەی 41-42
سەرچاوە: چێشتی مجێور، هەژار موکریانی، سنە: زانستگای کوردستان، 1401.
شێعر لای من