کۆچ لە دوای کۆچ
کۆچ لە دوای کۆچ
همچو نَفَس بنای جهان بر تردّد است
در منزلیم و رنج سفر می کشیم ما
بیدل دهلوی
بەبیستنی کۆچی هەتاهەتاییی سەیید ئیسماعیل گەڕامەوە بۆ زیاتر لە 25 ساڵ لەوە پێش.
نانی شەوم خواردبوو و دەرنگ وەخت بوو. کتێبم دەخوێندنەوە. زەنگی دەرگا زڕایەوە. لەپلیکانە زۆرەکان بەرەو سەر شەقام بەهەڵەداوان هەڵگەڕام. ئەحمەدی پوورزام بوو لەگەڵ زاواگەورەکەیان سەیید ئیسماعیل. خوایە بەخێری بگێڕی. داخۆم چ کارەساتێکی یەکجار گەورە و قایم ڕووی دابێت کە کەسایەتییەکی بەڕێز و موحتەرەم یانی سەیید ئیسماعیلیان ناردبێت بۆ ڕاگەیاندن وگەیاندنی ئەو پەیامە بە من.
بەخێرهاتنم کردن و ئەحمەد، خۆی زوو هاتە زمان و باسی هاتنی فاڕۆق کوڕی ناونجیی سەیید ئیسماعیلی کرد بۆ ناوچەی مەریوان. فاڕۆق لە دواناوەندی دەیخوێند و لە خوابگاهی شەوانەڕۆژیی سەقز بوو. لەگەڵ هاوکلاسییەکی شارەزا لە ناوچەی سەرشیو، ڕێدەکەون بەرەو مەریوان. بێ ئەوەی بە کەسێک بڵێن. ئێستە سەیید ئیسماعیل وەکوو باوکی یەک لەو کوڕانە و ئەحمەدیش وەکوو خاڵۆی ئەو کوڕە هاتوون بۆ مەریوان. کات درەنگە. وا باشترە تاکوو ڕۆژ ئەبێتەوە ئەمشەو لە سەوڵاوا وچانێک بگرین. چاویک داخەین و پشوویەک وەرگرن. هەڵبەت ئەگەر خەمی منداڵ لێیان گەڕێ.
ببڕای ببڕای باوەڕم بەم سیناریۆ هێنا بێت. شامیان نەخواردبوو. بۆ ئەوانیش نیسکینم ئامادە کرد و سفرەم ڕاخست. تاکوو ئەوان نان بخۆن بە خێرایی خۆم گەیاندە ماڵی هاوکارێکی مەهابادیم.
تەلەفوونم هەڵگرت. بۆ چەن ماڵێکی خزم و ناسیاو زەنگم دا. خەبەرێک نەبوو. قەناعەتم نەهێنا و ژمارەی خوابگاهی شەوانەڕۆژیم پەیا کرد و لەگەڵ سەرپەرەست قسەم کرد. وتم ناسیاوی فاڕۆقم و پێم خۆشە لەگەڵی قسە بکەم. ئەویش دەیویست بزانێ من کێم و چ زانیارییەکم هەیە سەبارەت بەو بابەتە. ئەمجار دڵنیا بووم کە سیناریۆکەی ئەحمەدی خاڵۆ و سەیید ئیسماعیلی باوک ڕاستە.
گەڕامەوە ماڵ بۆ لای میوانەکانم.
باوک فەرمووی: (ئەزانی برالە نیسیکنەکەیشت هەم خۆش بوو و هەم سوێر.) بۆ بەشی دووهەمی داوای لێبوردنم لێکرد و خستمە ئەستۆی ناشارەزاییم نەوەکوو بڕوانەهێنان بەو سیناریۆیە.
ئیتر کە ڕۆژ بووەوە ئەمجار سێ قۆڵی بەرەو مەریوان ڕێکەوتین و سەردانی چەن ماڵ و چەن شوێنێک و بازاڕی دینارفرۆشەکانمان کرد. تا زیاتر دەگەڕاین کەمتر سۆراخێکیان هەبوو.
ئەو ساڵەیش و ئەو چەن ڕۆژەش هەر بەم شێوە باران دەباری. بەڵام بارانێک نەبوو کە بتوانێ خەمی باوکێک بشواتەوە یان داشارێت. چونکوو هیچ بارانێک ناتوانێ گوزارە لەئاستی خۆشەویستی دایک و باوک بۆ مناڵ بکات.
پاش چەن ڕۆژ فاڕۆق گەڕایەوە بۆ لای باوکی. بەڵام مخابن ئەمجارە خەمێکی یەکجار قورستر و جەرگبڕتر ڕووی کردە باوک و دایک و هەموو خزم و کەسوکاری. ئەویش کۆچی هەتاهەتایی و هاوکاتی دوو جگەرگۆشە بە کارەساتی بێئامانی هاتووچۆ هەر لە نزیکی قۆچاق بوو.
ئەمڕۆش سەیید ئیسماعیلی باوک کۆچی کرد. کۆچی هەتاهەتایی. کۆچیک بە شوێن کۆچی دوو کوڕە جوانەمەرگەکەی. لەخوای گەورە داواکارم لە بەهەشتی بەرینی خۆیدا، باوک و کوڕەکانی بە دیداری یەک شاد ببنەوە و سەبووری ببەخشێت بە تەواو ئەندامانی بنەماڵەی.
ڕاستە دەڵین: چەنێک بەختەوەرن ئەو دایک و باوکانەی مەرگی جگەرگۆشەیان نابینن. بەڵام دەبێ ئەوەش بزانین مامۆستا هێمن گوتەنی: دەردی باب مردن دەردێکی گرانە و پیاو لە هەر تەمەنێکدا بابی بمرێ هەست بە هەتیوی دەکات.
مەهدی سەییدی
26ی ڕێبەندانی 1404
سنە
شێعر لای من