بە یادی مامۆستایەکی بە شکۆ

تەپی ماڵان و بەردبڕان دوو گەڕەکی ڕۆژئاوای شاری سەقزن و لە پەراوێزی ئەو شارەدان. زۆربەی دانیشتووانی هەر دو گەڕەک کرێکار بوون. بە دەگمەن، چەند کارمەند و فەرمانبەری ئیداری تێدا بوو. هەڵبەت گەڕەکی بەردبڕان لەم بارەوە پشکی زیاتری وەبەر کەوتبوو. یەکێک لەو کارمەندانە بەڕێز مامۆستا محەممەد ساڵحی بوو. باڵایەکی بەرزی هەبوو. شکۆ و هەیبەتی تایبەتی مامۆستایانی ڕابردووی هەبوو لەلامان و هەمیشەش بە ڕێزەوە سەیرمان دەکرد.

ساڵان تێپەڕی و لەگەڵ مەسعودی کوڕی بووین بە ڕفێق و تا ئێستاشی لە سەر بێت سەرەڕای مەودای چەن هەزار کیلۆمتری، دڵەکان لێک نزیکن.

ئێمە بەردەوام لە سەفەردا بووین و هەر لە سەفەرداین.

من بووم بە مامۆستا لە سەوڵاوای لەبەردڵان و هەوەڵ ساڵ چووم بۆ پایگەلان. مەسعوود هات بۆ لام. ئەمە چەن ساڵە لە سنەی نازدار ئەژیم.

مەسعوود پاش وەرگرتنی دیپلۆم بوو بە سەرباز موعەللیم و بەرەو بلەکێ و هەوارەخۆڵ لە بانە چوو. ئەمە چەن ساڵێکە ڕێی هەندەرانی گرتۆتە بەر و لە ئەوروپا دەژی.

بەردەوامی ئەم سەفەرانە و ئەم کۆچاوکۆچە بوو بە لەمپەرێک کە هیچمان نەتوانین لە ڕۆژی کۆچی هەتاهەتایی مامۆستا، بەشداریی ڕێوڕەسمی ماڵئاوایی لەو باوکە خۆشەویستە بین. دەزانم بۆ مەسعوودی دوورەوڵات ئەم نەبوونە زۆر جەرگبڕە. مامۆستا هێمن گوتەنی: "دەردی باب مردن دەردێکی گرانە و پیاو لە هەر تەمەنێکدا بابی بمرێ هەست بە هەتیوی دەکا".

هەر بۆیە لێرەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆم بۆ فاتمەخانم سەجادی ڕادەگەیێنم. ئەگەر بە خوێن و جەستە دایکی مەسعوودە بەڵام بە دڵ و خۆشەویستی دایکی ڕفێقەکانی مەسعوودیشە. خوا سەبرتان پێ ببەخشێ دایە گیان!

هەر وەها سەرەخۆشی خۆم بۆ کاک ناسر و وەفای خۆشەویستم ئاڕاستە دەکەم دوو کوڕی مامۆستای خوالیخۆشبوو.

لە کۆتایی ئەگەڕێمەوە لای مەسعوودی ڕفێقم و دەڵێم ئارام بگرە. هەر بەو شێوەی کە باوکت هەمیشە ئارام دەهاتە بەرچاومان و ئارام لەگەڵ هاوڕێکانی دادەنیشت.

ماڵئاوا مامۆستای گەڕەکەمان.

یادتان بەرز و بەڕێزە لەلامان.

م.س.

سنە- ڕەشەمە