مامی بەختیار عەلی لە دووتۆی پرسیار و وەڵامدا

پێش ئەوەی ببم بە دوانزە ساڵ زۆر حەزم لە سینەما دەکرد. مانگی جارێک یان دوو جار لەگەڵ مامدا دەچووم بۆ سینەما. زۆر حەزمدەکرد کە گەورە بووم ببم بەو پیاوەی لە بەر دەرگای هۆڵەکەدا بلیتەکان وەردەگرێت. ل. 24

ئەوەتەی بیرمدێت لە ماڵی ئێمەدا هەمیشە جەژنی لەدایکبوون هەبووە. مامم پیاوێکی دونیایی بوو. حەزی لە سفرە ڕازاندنەوە و خواردنی خۆش و داوەت و ئاهەنگی خێزانی بوو. لە منداڵیدا باوکم زۆربەی وەخت لە زیندان بوو، یادگارێکی ئەوتۆم لەگەڵ باوکمدا نییە، بەڵام مامم گەرچی دەسکورت بوو، مامۆستایەکی سەرەتایی بوو بە مووچەیەکی کەمەوە. بەڵام هەموو وەخت جەژنی لەدایکبوونی بۆ هەموومان دەکرد. ل. 26

من لە منداڵییەوە ئەو ئارەزووەم هەبوو سەیری نەخشەی دونیا بکەم. ڕۆژێک مامم دەستی گرتم و بردمی لە جامخانەی کتێبخانەی گەلاوێژدا تۆپێکی خڕی پیشاندام. تۆپێکی شینی گەورە بوو لەوانەی نەخشەی دونیایان لەسەرە. ل. 29

لە کۆتایی ساڵانی شەستدا باوکم لە حکوومەت قاچاغ بوو. نەیدەتوانی بێتەوە شار. لە گوندێکی نزیک شار بە ناوی کارژاو لەوێ لای خاڵوانی خۆی قایمکردبوو. لە بەهاری ساڵی شەست و هەشتدا من و مامم لە شەقامی سابوونکەرانەوە بە سوار هێسترێک چووین بۆ ئەو گوندە. ل. 30

یادمە تەمەنەم پێنج ساڵان بوو، رۆژێک شمشێرێکی نایلۆنی سەوزم لە جامخانەی دوکانێکدا بینی. شەوێک لە سەعات شەشەوە بۆ ئەو شمشێرە گریام، چەندە دەیانگووت ئەو دووکانە داخراوە و بە شەو بازاڕ نییە، سوودی نەبوو. ئەو گریان و فیغانەی داممەزراندبوو ژیربوونەوەی نەبوو. درەنگانی شەو مامم لە ماڵەوە دەستی گرتم و بردمی بۆ بازاڕ و دووکانەکەی پیشاندام کە داخراوە، تەنیا بەوە ژیر بوومەوە.مامم پیاوێکی زۆر باش بوو، سەبرێکی زۆری لەگەڵمدا هەبوو، بێ‌ئەندازە قەرزاری ئەوم. ل. 40

ئەو(باوکم) لە ساڵی 1995 لە کاتێکدا من لە دیمەشق بووم، بە هەفتەیەک پێکەوە لەگەڵ ماممدا کۆچی دواییان کرد. ل. 60

بۆ نموونە لەو سەردەمەدا مامۆستا حسەین عارف کاتێک دەهاتە ماڵی ئێمەو باسدەکرا، بە شێوە هەیبەت و حورمەتێکی بێوێنەوە ناوی دەهات. ئەو لە سەرێکەوە ناسیاوی باوکم و مامم و لە سەرێکی دیشەوە هاوڕێی خاڵم بوو. ل. 63

دیارە ئەو کتێبخانەی باوکم و مامم چەند مایەی خۆشبەختی بوو، هێندە مایەی نیگەرانی و ترسیش بوو. ئێمە دەبایە بەردەوام کتێبەکان بشارینەوە، چونکە ماڵی ئێمە هەمیشە لەبەردەم هەڕەشە و پەلاماری پۆلیسدا بوو. کورسیەکی تایبەتمان هەبوو، بە جۆرێک دروستکرابوو بتوانین کتێبی زۆری تیا بشارینەوە. هەموو کتێبە سیاسییە زەق و قاچاغەکانمان دەخستە ئەو کورسییەوە. جارجار مامم یان باوکم سەری کورسییەکەیان لادەبرد بۆ ئەوەی کتێبێک دەربهێنن، ئەو ساڵانە بۆ من ئێجگار مایەی دڵخۆشی بوون. من لەو کورسییەوە تێگەیشتم کتێب شتێکی ترسناکە. ل. 68

سروشتی ژیانی خێزانی ئێمە ڕێگای بەو شتانە نەدەدا. وەک گووتم باوکم زۆربەی وەخت یان لە زیندان بوو یا خود لە هەڵهاتن و خۆحەشاردنەوەدا بوو. خۆمان بار بووین بە سەر ماممەوە. ل. 98

سەرچاوە:

بە سەرسامی لە ناو وێرانەدا(چاوپێکەوتن لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەیی)،

بەختیار عەلی،

سلێمانی: ڕەهەند، 2024.