تا مردن، مۆسیقا- 2

داخ و سەد داخ، هێشتاکوو زامە گورچکبڕەکەی "فەرداد سەعیدی" ساڕێژ نەبوو بوو کە هەمدیسان بە هۆی ڕووداوی هاتووچۆ و لە ناو ڕێگە و سەفەردا یەکێکی تر لە کوڕەکانمان لە هونەرستان کۆچی کرد: " سارۆ سووزەنی". کۆچی هەتایی هەتایی و تا سەر ئێسقان بێوادە.

ئەم کوڕانە کە دێنە لای ئێمە سەرەتای گەورەبوونیانە. هەست بە بوون دەکەن. خۆیان باشتر دەناسن و لە شوێن شوناسی خۆیان دەگەڕین. لە کاتی تەواوبوونی قۆناغی دواناوەندییان دەچنە هەڕەتی لاوەتی. ڕیش و سمێڵیان پڕ دەبێ و قیافەی پیاوانە و هەمیشەییان وەردەگرن. داری تەمەنیان و نەمامی باڵایان، باڵا و باڵاتر دەبێ.

بە گوڕ و هێزی گەنجی، ئاودێری دەکەن. کاتی بەرگرتنە، کاتی کامڵبوونە و بەڵام لە ناکاو، شەختەی نەخۆشی، ڕەشەبای ڕووداو و گێژەڵووکەی نالەباری ڕوو دەکەنە ئەو نەمامانە و هەڵیاندەورێنن، ویشکیان دەکەن و لە ڕیشەوە هەڵیاندەگرن و لەگەڵ خۆیان دەیانبەن و ئێمە ئەمێنین و ناو و یادی ئەوان. نازانین کێ بەجێماوە؟ ئەوان یان ئێمە؟ ئەوان دەڕۆن و ئێمە بە زامداری بەجێدێڵن.

هەر بۆیە وێڕای دەربڕینی سەرەخۆشی بۆ بنەماڵەی سووزەنییەکانی سەقز بە تایبەت دادەکەژاڵ- دراوسێی بەڕێزی ساڵانی دوورمان لە سەقز- و هاوڕێکان و مامۆستاکانی سارۆ هەم شەریکی خەمیانم و هەم خاوەنی بەشێک لەم خەمە.

خوا سەبووری بە دایک و باوک و هەرکەسێک ببەخشێ کە سارۆیان دەناسی.

مەهدی ئەخەوان گوتەنی: نفرین به سفر که هر چه کرد، او کرد.