چەن هاوارێک لە هاوارەبەرە بۆ فەتاح ئەمیری
چەن هاوارێک لە هاوارەبەرە بۆ فەتاح ئەمیری
یەک:
فەتاح ئەی خاوەنی چیرۆکی یارە
بەهای هاوارەبەرەت ڕۆحە، نە پارە
عەباس حەقیقی
دوو:
بێدەنگی، دەنگی هەیە. دەنگ، ئاهەنگ دەڵێ. بێزمانی، زمانزانە. گەڵایەک گوڵ، گوڵدانێکە. پەڕێک، پەڕتووکێکە. خونچەیەک، خەرمانێکە. جاری وایە، وشەیەک، پیتێک، بە قەد کورەی ئەرزە. کورەی ئەرز بچووکە بۆ ئەوین. ل. بیست و پەنج
سێ:
بەشەر دەمرێ کوڕی من. مەرگ حەقە. مەرگی میوانی هەموو کەس دەبێ. مردن هەنگاوێکە بەرەو قۆناخی کامڵبوون. هەرچی گیان لەبەرە تاڵاوی مەرگ دەچێژێ. مەرگ ڕەهابوونی گیانە لە زیندانی لەش. ژیان مەیدانی گێرە و کێشە، تەنگ و چەڵەمەیە. مردن زاڵبوونە بە سەر ئەو مەیدانەدا. هەتا تەمەن درێژتر بێ مەیدان بەربڵاوترە، سەرکەوتن چەتوونتر و گەورەتر. وردەبەردێک لە ئاژگێڕێک ئاوی خوڕێندا چی بە سەر دێ؟ ئەوەندە بەو لاو لای کەندەڵان دادەڕێ ئاهێکی پێوە نامێنێ. تووشی بەردی گەورە دێ. زللە و نوقورچی توندی وێدەکەوێ. ئاوهەڵدێر سەرمەقولاتی پێدەدا. گێژئاو، گێژی پێدەدا و دەیخولێنێ. جار جار دەکەوێتە قووڵایی و کەڕەت کەڕەت دەکەوێتە قەراخ. بەڵام دەگەڵ گەیشتە گۆمێکی قووڵ و مەند دەبێتە بەردی بن گۆمی. ون دەبێ و وچان دەدا. جێ برینی ساڕێژ دەبێ و شکڵ دەگۆڕێ و ئارام دەگرێ و دەحەسێتەوە. ل.شەست و حەوت
چوار:
نەخوێندەواری دەردێکی گەورەیە. بەڵام خوێندەەواری نەزان سەد هێندە دەردی گرانە. ئەوانەی چوونە ڕیزی خوێندەواران و حوجرە و مەکتەبیان دیوە، ئەمما زمانی خۆیان، زمانی دایکی خۆیان فێر نەبوون، ئەوان چێ؟ ئەوان بۆ تێناگەن؟ کەی تێ دەگەن؟ ل.حەفتاو یەک
پێنج:
ڕۆڵە گیان خۆ من ناچم بۆ شت کڕین. پارەی چی؟ ئازادیخوازی یانی: نەویستن و نەبوون. ل.حەفتاوچوار
حەوت: وەختێک ژیان تاڵ دەبێ. وەختێک تاڵ، تاڵتر دەبێ. وەختێک هومێد، دەڕوا. وەختێک، هیوا دەمرێ. کاتێک ئاسمان ڕەش و بێ ئەستێرەیە. کاتێک شەوەزەنگ بە سەر وڵاتدا زاڵە. تەنیا پیاوی شەو، تەنیا کوڕی تەنگانە، تەنیا مرۆی مەرد و گەرووتاڵ شان و باهۆ و دەست و مەچەک، هێز و تین و گوڕ و تاقەت ڕێنوێنی ڕەواندنی تەم و نەکبەتە.
پیاوی نەبەز گۆشتی تەمبەڵی و بەزی تەوەزلی ناگرێ. مرۆی ئازا، ئازا و ڕزگار دەگوڕێنێ و دەڵێ: ئەزم، ئەزم هەڵدەبەزم.
زەمان تێکەڵاوێکە لە تاڵ و سوێری. لە چەور و شیرینی، لە هەوراز و لێژی، لە بڵیند و نەوی.
زەمان ڕۆژێک سوورە و ڕۆژێک شینە. ساتێک هەورە و کاتێک ساوە.
زەمان سێ شەشی بەهارێیە.
بنیادەم وەک تۆپی کایە، چینێک ڕادەدرێ و جارێک لە باوەش دەگیرێ. دەکەوێ و هەڵدستێتەوە. دەگیرێ و بەردەدرێ. بە لێدان بەرز دەبێ بە گرتنەوە نەوی دەکەن. هەر بڵیندبوونێک نەویبوونێکی لەبەرەو هەر هەورازێک لێژێکی لە پێشدایە. ل. حەفتاوهەشت
شەش:
شوانە لەوە دەگەڕا. ئاخر هومێدی هاوار بە شمشاڵ بوو. لە باخەڵی دەرکێشا و ڕوو بە ئاوایی تێی تووڕاند. بە هەموو هێز و توانایەوە هاوارێ دەکا. شمشاڵی وە زمان هێناوە. هاوارە، هاوارە، بەرە. بەرە. وەرە وەرن. ل. سەدوبیست
حەوت:
ئەرکی چاو تەنیا دیتن نییە. پڕ ئەرکە. تۆران. ئاشتبوونەوە. بەزین، سەرکەوتن. ڕق و توڕەیی، کەیف و شادی.
چاو هێزی تێدایە. بێهێزی تێدایە. مات دەبێ. شەبەق دەدا. زیتەی دێ. دەمرێ. ل. سەدوهەشتاوشەش
سەرچاوە: هاوارەبەرە، فەتاح ئەمیری، ورمێ: سەلاحەدینی ئەییووبی، 1369.
شێعر لای من