بە ناوی خوای تاک و پاک و چاک

بەڵگەم پێیە، بەڵگەی سێ ساڵ پێکەوەبوون

هاوڕێیانی بەڕێزم، برایانی ڕێزدارم!

ئەمڕۆ هەواڵی سەرکەوتنتان لە هەواری دڵ دەنگیدایەوە. ئەمڕۆ گەڵایەکی سەوزی نوێ لە لاپەڕەی ژیانتان هەڵدرایەوە. ئەمڕۆ سەرەتای دەسپێکی قۆناغێکی نوێی ژیانە و ئەمڕۆ ژیانەوەیە.

سێ ساڵە چاوەڕێی بیستنی ئەم هەواڵە دڵڕفێنەم.

سێ ساڵە تامەزرۆی چێشتنی چێژی ئەم هەواڵە بیرگەشێنەرەم.

سێ ساڵە ئاگاداری تەواوی هەوڵ و چالاکییەکانتانم و ئیتر کاتی حەسانەوەتان لە ژێر سێبەری داری پڕبەروبوومی چاک و پاکی ئەم سێ ساڵەیە. ئەو دارەی سێ ساڵە من ئاگاداری ناشتن و چاندنیم و شوکر ئەوا پەلی گرت و بەری گرت.

ئەم باڵاکردن و ئەم گەشەکردن و ئەم بەرگرتن و ئەم سەرکەوتنە مەزنەتان پیرۆز هاوڕێیان. هاوڕێ دێرینەکان. هاوڕێیانی سێ ساڵە و برا شیرینەکانم.

باش لە بیرتانە ئاواتم و ئاواتمان لە کلاسەکان بە درێژایی ئەم سێ ساڵە ئەوە بووە کە بگەنە ئەو شوێنە و ئەو ئاستەی کە مافی خۆتانە و شیاوی خۆتانە.

ئەم ڕێگە نوێیە، ئەم هەوارگە نوێیە، ئەم ژیانە نوێیەتان پیرۆز. پیرۆز بێت بەژمارەی کلاسەکان و قسەکان و وشەکان و نووسینەکانی سەر کلاس.

لە هەر کوێ هەن و بۆ هەر کوێ ئەچن خوای تاک و پاک و چاک ئاگادارتان بێت و ئێوەمان بۆ بپارێزێت هەروا کە بەشێکی یەکجار زۆر لە بیرەوەرییە چارەنووسسازەکانی ژیانی ئەم سێ ساڵەمان لە دوو تۆی کتێبەکەمان پارێزراوە و هەڵگیراوە و بەرگی تێگیراوە و بە پێنووسی ئێوە نەخشاوە.

برای گەورە و هاوڕێتان

مەهدی سەییدی

22 ی ڕەزبەری 1403