بۆچی پەخشانی هەژار بێهاوتایە؟ بەشی 2

ئەمە نموونەیەک لە هەزاران ڕستەی واڵا، شاکار لە پێشەکی وەرگێڕانەکەی شەرەفنامەیە.

بەڵگەی دوو:

" کوڵ و زووخاو

بیر لەو ڕابردووە پڕکوێرەوەرییە و کوێندەرییە، زۆر بە دەرد و ژان بوو. خوێن بەفیڕۆچوون و تۆڵە نەستاندنەوەش زۆر لە سەر دڵ گران بوو؛ بەڵام ناسۆری هەرەگەورە و جەرگبڕ، بێسەر و شوێن چوونەکەمان بوو. هەیاران! چەند داخێکی گەرم و داغە لەو هەموو ڕۆژگارە پڕ لە ئازارەدا کە کوردی زۆرلێکراوی تێدا ژیاوە و بە شوێن ئەو هەموو پەتپەتێنەدا کە بە سەریان هێناوە، نووسەرێکی وامان لێ پەیدا نەبووە کە دەماری کوردایەتی ببزوێ و تەزوێکی کوردەنامووسی بە لەشدا بێ و لە سەر بەسەرهاتی ئەو گەلەکڵۆڵەی خۆی شتێک بخاتە سەر کاغەز و لەمەڕ باب و باپیرە لێقەوماوەکانییەوە بنووسێ و دەمێک بدوێ. هەبووە و نەبووە، تەنیا و تەنیا شەرەفخانێک لە دەور و زەمانێکا هەڵکەوتووە و وێکەوتووە و لێرە و لەوێ چی لە نووسراوی دوژمن و بێگانان چاو پێ کەوتووە و چی- بە پەرژ و بڵاوی- لە پیرەپیاوی سەردەمی خۆی و لە چیرۆکوانی دیوەخانی بیستووە، تێکی خستوون و بەپێی توانا و بەش بە حاڵی خۆی هیچ درێغی نەکردووە. با نیوە و نیوەچڵیش بووبێ، بناخە و هیمێکی توندی دڵپەسەندی بۆ داڕژتووین و کەلەپوورێکی باش و لەباری لەو بارەوە بۆ بەجێهێشتووین. بەڵام هەزار حەیف و مخابن! ئەوەی ئەویش پێی ڕەوا دیوین و بۆی نووسیوین، بە زمانێکە کە هاوزمانەکانی تێناگەن. بریا بە کوردی بوایە! خۆزیا کوردیش تێی بگەیشتایە! کاشکی وابوایە! چەند خۆش ئەبوو ئەگەر ئاوا نەبوایە!

لاپەڕەکانی نۆزدە و بیست

سەرچاوە:
شەرەفنامە( مێژووی ماڵە میرانی کوردستان)، میرشەرەفخانی بدلیسی، وەرگێڕانی مامۆستا هەژار، سنندج، دانشگاە کردستان، 1401.