ئامانجی هەژار لە وەرگێڕان

هەژار بۆ ڕۆنانی زمانی نووسیاری و یەکگرتووی کوردی لە وەرگێڕان و زۆر جار لە دەق تێدەپەڕێ. زۆر جاران گوێ ناداتە تێرم و زاراوەکانی ئەو دەقە و زۆر جار هەڵەش دەکا. ئەو، مێژووی خۆی خوێندۆتەوە و دەزانێ پرش و بڵاوی و ناکۆکی و دوژمنایەتی و چەندبەرەکی، مێژووی کوردی بە چ مەرەدێک بردووە: " ئەگەر سەرنج بدەیە باری یەکدیگیری و هاوبیری و هاوکارییانەوە تەنیا لە شادەوئیماندا نەبێ لە هیچ شتیتردا یەک ناگرنەوە". بۆیە هەژار بە وەرگێڕانی قورئان دەیهەوێ بڵێ "زمان سەرچاوەی هەموو ناکۆکی و خراپ لێک حاڵی بوونەکانە". بەشێک لە بەرهەم و چالاکییە زمانییەکانی مامۆستا هەژار دەیهەوێ ئەوە بە خوێنەر و بەردەنگی بسەلمێنێ کە زمانێکی یەکگرتوو دەتوانێ بەشێکی زۆر لە برینەکانی ئەو نەتەوەیە ساڕێژ کاتەوە.

ئەگەر بێنیامینی چاو لە شێواز و ستایلی وەرگێڕانی قورئان بکەین، مامۆستا هەژار زمانی کوردی لە باروودۆخی دوای بورجی بابێلدا دەبینێ. بۆ ئەوەی نەتەوەیەک نەتوانن بورجی بابێلی خۆیان ساز بکەن، زمان پڕش و بڵاو و هەزار لەت و ناکۆک بووە. ئەو دەیهەوێ لەت و کوتەکانی ئەو زمانە کۆ بکاتەوە و لە پەنای یەکیانەوە دانێتەوە. مەبەستی سەرەکی ئەو، ڕۆنانی بورجی بابێلی زمانی کوردییە. لە پێناو ئەو مەبەستەدا هەموو شتێک فیدا دەکا. ل. 95-96

سەرچاوە:

نەسری کوردی و گۆڕانی فۆڕم، سەید قادر هیدایەتی، سەقز: خانی،1398.