پاکترین مرۆڤی سەر زەوی:
پاکترین مرۆڤی سەر زەوی:
کاتێک گەرمای باوەشی لە گیانم دەگەڕا، بە خەیاڵ یان بە زمان دەمگوت: دایە بە بێگەردترین مرۆڤی زەویم دەزانی. سیحری وشەی دایە بوو یان ئەو دڵۆپە شیرانەی کە بە دەمارەکانمدا دەگەران؟ ڕەنگە جگە لەو سیحرە، پاکی و بێ گەردی خۆی پێملی کردبێتم بە بێتاوانی بزانم. پاکی و بێگەردی ئەو چاوانە کە ڕوانینیان بۆ من وەک ڕوانینیان بۆ هیچ شتێکی تر نەبوو یان ڕەنگە سیحری لە ئەو بوون؟ من کوڕی ئەو بووم و لە گۆشت و خوێنی، لە دەروونی لە داوێنی کەوتبوومە خوار. بۆیە دەمگوت: سەرت بەرز بگرە دایە. شەرم مەکە. تۆ دایکی منی. کەواتە پاکترین مرۆڤی.
دەیگوت: من تاوانبارم.
دەمگوت: تۆ تاوانبار نی.
دەیگوت بیر لە ڕابردووم بکەوە. ڕووداوەکانی ڕابردوو، ئەوەی بیستووتە و ئەوەی دیوتە.
دەمگوت: هەموو ڕابردوو ئێستایە و ئێستاش تۆ دایکی منی.
ئەو دەیگوت و من دەمگوت و دایکم هەروا بێتاوان ئازاری دەکێشا و من بە ئومێدی ئەو ڕۆژە بووم ژیانی ئاساییمان سەر لە نوێ دەست پێ بکەینەوە.
لاپەڕەکانی159 و 158
سەرچاوە: گوڵی شۆڕان، عەتا نەهایی، هەولێر، ئاراس، 2006 .