سپاس بۆ هەمستێر و یادی شێرەکوڕەکەمان

ئەمە عادەتی بوو هەرجارە و کەسێکی دیارەی دەکرد و هەندێ پارەی بە قەرز لێوەردەگرت و پاش ماوەیەک قەرزی خۆی ئەدایەوە. چەن جاریش من کەوتمە بەر ئەم لوتفەی و زۆری نەدەخایاند کە وێڕای ماڵئاوایی و هەندێ سپاس و پێزانین پارەکەی دەگەڕانەوە.

بۆ ئاخرین جار:

لە سەفەر بووم. زەنگی دا و وتم بەچاوان. لە کۆتایی وتی: وەڵڵا میوانمان دێت ئەگینا زەحمەتم پێ نەئەدای.

بیرم کردەوە و وتم بۆ ئەوەی لای میوانانی ڕووزەرد و شەرمسار نەبێت با زیاتر لە داواکەی پووڵی بۆ بنێرم. ناردم.

ساڵ تێپەڕی و هەر دەنگی نەبوو.

ڕۆژێک پی گەیشتم و وتی لە بیرم نەبووە. ژمارە کارتی وەرگرت و دیسان هەر دەنگی نەبوو.

دوو ساڵ و سێ ساڵ تێپەڕی هەر دەنگی نەبوو.

لە پاییزی چوارەمین ساڵ لە بەر دەرگای ئیدارە و لە مەیان ئیقباڵ چاوم پێی کەوت. ئەمجارە لێم زویر و ناڕەحەت بوو. بۆچی ژمارە کارەتەکەتم پێنادەی؟ پێم خۆش نییە قەرزدار بم.

لە زستانی چوارەمین ساڵ هەواڵی کۆچی دوایی و ناوادەییم بیست. لە خوای گەورە داوای ڕەحمەتم بۆیان خواست و هەموو شت لە بیر چوویەوە. بۆ مردنەکەی ناڕەحەت بووم: هێشتاکوو پیر نەبوو و لە لایەکیشەوە منداڵی چکۆلەی هەبوو.

چەن ڕۆژ لەوە پێش لە تێلێگرام پەیامێک هات: ( شێرەکوڕەکەمان تێلێگرامی دانا.) دیارە ئەو ژمارە هەروا چالاکە.

سپاس بۆ هەمستێر کە ناوی مردووەکان و ناو و یادی شێرەکوڕەکەی ئێمەش هەر بە زیندوویی دەهێڵتەوە.