لە نێوان شادی و خەفەتدا

1975/10/20

لە ئوتومبێلی ورمێ- خانە دا، لاوێکی مەهابادیی ڕۆشنبیرم هاتە تەنیشتەوە کە کەوتینە یەکتر دواندن، خۆی پێناساندم کە قوتابیی دانشگایە لە تاران و لە بنەماڵەیەکی ناسراوی خاوەن مێژووە لە مەهاباد و شیعر و ئەدەبدۆستە و جارجار شیعریش دەنووسێ.

کاتێ قسە قسەی ڕاکێشا و هاتینە سەر باسی شۆڕش، ئەو بە بێترس و سڵەمینەوە وتی: شۆڕشەکەتان چەندە گەشکەمان پێدەبەخشێ و بەرچاومان ڕووناک دەکا، هێندەش داخوخەفەتمان دەداتێ و بەرچاومان تاریک دەکا! شۆڕشەکەی ئێوە بۆتە لغاوێک لە دەمی ئێمەدا. ئەگەر دژی دەوەستین، دەبینە دوژمنی شۆڕشێکی میللەتی خۆمان. ئەگەریش لایەنی دەگرین، دەبینە لایەنگری ڕژێمێکی دڕندەی دژ بە میللەتەکەی خۆمان. ئێمە شۆڕشەکەتان ئەخەینە سەر سەر و پێی گەشکەدار دەبین و بە شۆڕشی خۆمانی دەزانین. بەڵام کە ئەبینین شا و ڕژێمەکەی لە پشتین، ئەو شا و ڕژێمەی ئاشکرایە چی بە ئێمەی کوردی ئێران کردووە و دەیکا، داخ و خەفەت دامان دەگرێ و ترسی ئەوەمان لێدەنیشێ، کە لە ئەنجامدا ڕەنجتان بە فیڕۆ بڕوا و ئێمەش لەگەڵتاندا، جارێکی تر ڕەنجەڕۆ بین.

لاپەڕەی (125) یەکسەد و بیست و پەنج

سەرچاوە: ساڵێک لە تەمەن(بیرەوەری)، حسەین عارف، سلێمانی، 1999.