کاتێ قوتابی لە مامۆستاکەی باشتر دەنووسێ

لە هەندەرانە و لە ڕێگەیەێکی دوورەوە و لە کەسانی نزیکتر زووتر دێتە سەر هێڵی نێت و وڵامەکان دەنێرێت. ئەمەش دواترین پەیامەکانمان.

من- لە هەر کوێ بیت، سڵامەت بی، شوێنەکە گرینگ نییە، گرینگ سڵامەتییە. ئاگات لە خۆت بێت. بژیت، لە گۆڕانکارییەکان، بێ خەبەرم نەکەی، تا کاتێ بە تەواوی جێگیر ئەبی. هەر لە بیرتا ئەبم. بژین، هەرگیز کچەکانم فەرامۆش ناکەم. چونکوو چوار ساڵی ژیانمان بەیەکەوە بووە.

ئەو- ئێمەیش لەیادتان ناکەین، چوارساڵ فێرتان کردین چۆن تەمەنێک ژیان کەین! فێری مرۆڤایەتی و کتێب خوێندنەوە و کتێب دۆستیتان کردین، فێری بینینی خۆشیەکانی ژیانتان کردین بە دیدەی دڵ، لە کاتێک ژیان پڕە لەناخۆشی لە پێش چاوەکانمان! فێری فڕینی ڕۆح بە دوو باڵی شێعر و ئەدەب. ئێوە لە یاد ناچن، بەشێکن لە مێژووی ژیانی کچەکانتان، وەک چۆن کەسانێک لە مێژووی شوناسی هەر نەتەوەیێک ناویان هەمیشە ئەمێنێتەوە، ئێوەیش لە شوناسی کەسیی هەر تاکێک لە ئێمە هەرمانن...