بێ کتێب هەڵناکەم و پیشانگای کتێبیشی هاتە سەر
بێ کتێب هەڵناکەم و پیشانگای کتێبیشی هاتە سەر
مەهدی سەییدی
یەک: درووشمی ئێمە لە کتێبخانەی بەهارانی سنە سەردێڕی وتارەکەی شێرزاد حەسەنە کە دەڵێ: بێ کتێب هەڵناکەم. بۆ من پیشانگایشی هاتە سەر.
دوو: بە خۆشحاڵییەوە توانیم لە بیست و یەک بەشی پێشبینیکراو لە چواردە بەش لە بەرنامەکان بەشداری بکەم. لە سیانزەی وەکوو بیسەر و هۆگری کتێب و لە یەکیشیان وەکوو خزمەتگوزاری بەرنامەکە واتە دانیشتنی 247ی کتاب عصر بهاران.
سێ: وەکوو ڕێزێک بۆ چالاکانی فەرهەنگی و هونەری شارەکانی کوردستان بە شانازییەوە بەشداریم کرد لە بەرنامەی شارەکانی سەوڵاوا، مەریوان، بیجاڕ-دیواندەرە و قروە-دێولان. هەڵبەت داخی ئەوەم لە دڵ دەرناچێ نەمتوانی بەشداری بەرنامەی شارەکانی کامیاران و سەقز- بانە بم و خۆم بە زەرەرمەند دەزانم.
چوار: بە بۆنەی ئەم بەشدارییە لەگەڵ دەیان کەسایەتی بەڕێز و شارەزا و بیرمەند و دڵسۆزی گەل و نیشتمان و زمان ئاشنا بووم.
پەنج: هەمدیسان ئەو حەقیقەتە تیلەی چاوی خۆی لێمانگرت کە ئەگەر دەرفەت بدرێ بە مرۆڤ، دەرفەتی بێ پیچ و پەنا، دەرفەتی بێ غەرەز و مەرەز، دەتوانی ببینی لەم کۆمەڵگایە چيها کەسی گەورە و دڵسۆز و بەتوانا هەن. فرە و فراوانیشن- خوا بە زۆریان نەزانێ- دەتوانن خزمەت بکەن، خزمەتی بێ غەرەز و مەرەز.
شەش: هەر ڕۆژە و بۆ ئەچووم شت فێر بم و شتیش فێر بووم و ئەگەر ئەم پیشانگا نەبووایە ئەو دەسکەوتانەم نەدەبوو.
حەوت: توانیم چەن بەرگ کتێبی نوێ و باش بکڕم. کتێبخانەش بەردەوام حەزی لە هەڤاڵی نوێیە.
هەشت: توانیم چەن میوانێکی باش و دڵسۆز بناسم و تکایان لێبکەم کە وەکوو وتاربێژ بۆ باس لە کتێب بێن بۆ کتێبخانەی بەهارانی سنە.
نۆ: سپاس و پێزانین بۆ هەر کەسێک کە هەوڵ دەدا کۆمەڵگا زیاتر بخوێنێتەوە و خوێندنەوەکەیشیان ڕەنگدانەوەی ببێت لە ڕەوتار و لە کردار و لە وتاری هەموومان. شێرزاد حەسەن گوتەنی:
سیحری ئەدەب لەوەدایە کۆتاییەک بۆ مەعریفەت و چێژوەرگرتن دانانێ. من تەنها سکم بەو کەسانە دەسووتێ کە ناخوێننەوە. ئەوانە بە هەزار قۆناغ لە جوانی و حەقیقەتەوە دوورن. هەزاران کۆت و زنجیر و کەلەپچە، یاسا و دەستوور، دادگا و پۆلیس، ناتوانن کۆمەڵگا لە گەندوگوو و جۆرەها خراپەکاری پاک بکەنەوە. وەلێ لەوەدایە بە بەرپابوونی مەعریفەت، مرۆڤ سەر لەنوێ لە ناوەوەڕا درووست بکرێتەوە.(هیچ شۆڕشێک نییە بتوانێ لە دەرەوە دونیا بگۆڕێ گەر ئەو شۆڕشە نەتوانێ لە ناوەوە مرۆڤ بگۆڕێ).
دە: مامۆستا هێمن گوتەنی:
لەوە زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر
بەڵێ گەرەکمانە و لەوە زیاتر چونکوو ئەم خەڵکە شایانی باشەکانن.
26ی خەرمانانی 1405
شێعر لای من